ئەو پرسیارانەی منداڵان دەیکەن، بەشیکی بنەڕەتین لە پرۆسەی فێربوون و گەشەی هزریی منداڵان، بۆیە دەتوانین بڵیین ئەگەر ئەدەب نەتوانێت پرسیار لای منداڵان بوروژێنێت، کەواتە نەیتوانییوە بیری منداڵانیش بجوڵێنێت بۆ فێربوونی نوێ، لێرەوە قسەوباسێک دێتە ئاراوە دەربارەی ئەوەی چۆن نووسەر لەئەدەبی منداڵاندا رەفتار لەگەڵ ئەم پرسیارانەدا بکات؟ ئایا وەڵامی راستەوخۆی پرسیارەکان بداتەوە؟ یاخود بە چەندین پرسیاری تر هەست و بیری منداڵان بوروژێنێت؟
پرسیارکردن بەیەکێ لە هۆکارە کاریگەرەکانی پاڵپشتییکردنی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و حەزی بەدواداگەڕان و دۆزینەوە لای منداڵان دادەنرێت، منداڵان لە رێی پرسیارکردنەوە زیاتر دەواتوانن لە جیهانی دەوروبەریان تێبگەن و بەشیوازێکی قوڵتر ئاوێتەی ببن، بە پێی سەرچاوە زانستییەکان کە لەبارەی فێربوون لە قۆناغە سەرەتاکانی منداڵییەوە نووسراون هاتووە، کە منداڵان لە رێگای پرسیارکردنەوە ئارەزووی زیاتری دۆزینەوەی چواردەوریان دەکەن، ئەمەش هۆیەکە بۆ پەرەپێدانی کارامەیی بیرکردنەوە و شیکارییان و سەرنجیان وردتر و کاریگەرتر دەبێت.
لەلایەکی ترەوە، وەک چۆن منداڵان هەمیشە پرسیاردەکەن، بێگومان وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیشیان پێویست و گرنگن، چونکە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان دەتوانێت متمانەی منداڵ بەخۆی زیاتر بکات و حەماسەتی فێربوونیان باڵاتر بکات، لەم بارەیەوە جۆن دیوی جەخت لە گرنگیی وەڵامدانەوەی پرسیاری منداڵان دەکاتەوە و بە سەرچاوەیەکی گرنگی پەرەدان بەتوانای فراوانبوونی زانیاریی منداڵانیشی دەزانێت.(2)
وروژاندنی پرسیار لەبری وەڵامدانەوە
ئەدەب جیاواز لە پەروەردەی راستەوخۆ، کار لەگەڵ وەڵامدانەوەی پرسیاری منداڵدا دەکات، ئەگەر لە پەروەردەدا راستەوخۆ بە پێی پێدانی زانیارییەکان وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە، ئەوا ئەدەب دەیەوێت لە ریی وروژاندنی بیرکردنەوە و تێکەڵبوون بە رووداو و کاراکتەرەکان و وروژاندنی پرسیاری زیاتر هانی منداڵ بدات بۆ گەڕان بەدوای وەڵامی پرسیارەکانیاندا.
گەرچی بەشیک لە ئەدەب وەک ئەدەبی فێرکاریی ناودەبرێت و یارمەتیدەرێکی باشە بۆ فێربوون، بەڵام ئەو فێربوونەی وروژاندن و کاریگەریی هەست و حەز و خولیای تێدا نەبێت، فێربوونێکی ئەبستراکتە و چیژی ئەدەبیی نابەخشێت. لەم بارەیەوە ماریا مۆنتیسۆری لە کتێبی(منداڵ و کۆمەڵگە و جیهان)دا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە هاندانی منداڵان بۆ بیرکردنەوەی سەربەخۆ، توانا داهێنەرییەکانیان بەرز دەکاتەوە و پاڵنەریان دەبێت بۆ گەڕان بەدوای چەمکەکاندا بەشیوەیەکی باشتر لەسەرخۆیان و دەوروبەریان.(3)
ئەدەبی منداڵان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئەویش ئەوەیە بۆ منداڵانە، بەشیکی بنەڕەتی دەکەوێتە سەر نووسەرەکە چۆن ئەو ئەدەبە وا ئاڕاستە بکات چیژ بەخش بێت و وروژێنەری هەست و بیری منداڵ بێت و لێوەیشی فێرببن. کەواتە باشترین ستراتیژ هاوسەنگی کردنە بە پێدانی وەڵامی گشتگیر بۆ پرسیارەکان لە کاتی پێویستدا و لە هەمان کاتدا هاندانی منداڵان بۆ بیرکردنەوەی رەخنەگرانە بە وروژاندنی پرسیاری تر. لێرەدا هاوسەنگیی لە نێوان دابینکردنی پێداویستییە مەعریفیەکانی منداڵان و بەرەو پێشبردنی سەربەخۆیی بیرکردنەوەیان لا دروست دەکات، ئەوەش ئامانجی بنەڕەتیی ئەدەبە.
پەراوێز و سەرچاوە:
1 - مدخل الی التعلیم في طفولة مبکرة- الدکتور: احمد حسین الشافعي
2 - هەمان سەرچاوەی پێشوو
3 - الطفل ولمجتمع والعالم- ماری مۆنتیسوري- ترجمة: خالد دویک