ئیسرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: خۆیان ئامادەدەكەن بۆ مانەوە لەو ناوچانەی كە لە باشووری سوریا كۆنترۆڵیان كردووە.
كاتس لە كاتی سەردانیدا بۆ چیای هەرمۆن «جەبەل ئەلشێخ» و لە لێدوانێكدا بۆ تەلەفزیۆنی «كان»ی ئیسرائیلی، رایگەیاند: ئێمە تا كاتێكی نادیار لێرە دەمێنینەوە. وتیشی: هەموو بەیانییەك ئەحمەد شەرع كە لە خەو هەستا لە شام، ئێمە لەسەر چیای هەرمۆن دەبینێت.
كاتس ئاماژەی بۆ رووداوەكانی ئەم دواییەی سوریا كرد و وتی: بارودۆخی ئێستای سوریا بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل دەبینین.
كاتس بە ئاماژە بەوەی كە سوپای ئیسرائیل ئامادەكاری دەكات بۆ درێژەدان بە داگیركارییەكانیی و دانی بەوەدانا كە دوو بنكەی سوپای ئیسرائیل لە قووڵایی خاكی سوریادا هەن.
كاتس كە هاوكات بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ راكێشانی دروزەكان لە سوریا بۆ لای ئیسرائیل، وتی «ئێمە چ پێویست بێت دەیكەین بۆ نەهێشتنی هەر جۆرە هەڕەشەیەك لەسەر دروزەكان».