پێچەوانەی خانەنشینانی مەدەنی، بەشێكی زۆری خانەنشینانی پێشمەرگە پاداشتی خانەنشینییان وەرنەگرتووە و هیچ كاتێكیش بۆ پێدانی پاداشتەكە دیارنییە، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە، دەڵێت: بەو هۆكارەی دۆسێكانیان بۆ وەزارەتی دارایی گواستراوەتەوە، بۆ خەرجكردنی پاداشتی كۆتایی راژەی خانەنشینانی پێشمەرگە، چاوەڕوانی ئەو وەزارەتە دەكەن.
فەتحوڵڵا عومەر جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی وەزارەتی پێشمەرگە، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: دوای ئەوەی دۆسێی خانەنشینیی پێشمەرگە خرایەسەر وەزارەتی دارایی، پێویستە خانەنشینان پاداشتی كۆتایی راژەیان لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی وەزارەتی دارایی وەربگرن، وتیشی: پێشتر پاداشتەكە لە وەزارەتی پێشمەرگە خەرج دەكرا، بەتایبەتی بۆ كەسوكاری شەهیدانی شەڕی دژی داعش و كەمئەندامانی سەنگەر و ژمارەیەك لە خانەنشینانی پێشمەرگە، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە دیارنییە چ كاتێك دەست بە دابەشكردنەوەی پاداشتی كۆتایی راژە دەكرێتەوە، بۆ ئەوەش چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی دەكەین.
لای خۆیەوە، عوسمان سێدەری جێگری لیژنەی پێشمەرگە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، پێیڕاگەیاندین: ئەو پاداشتە مافێكی یاساییە و دەبێت خەرج بكرێت، ئەوەشی خستەڕوو كە پێشتر بەدواداچوونیان بۆ ئەو بابەتە كردووە، وەڵامی حكومەت ئەوەبوو كە بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی پارەی پێویستەوە، نەیانتوانیوە لەكاتی خۆیدا بۆیان خەرج بكرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو پاداشتە قەرزێكە لەسەر حكومەت و نافەوتێت.
تەها عەبدوڵڵا