عیراق؛ كۆدەنگی لەسەروەڵامدانەوەی توركیا

11:34 - 2022-08-02
دووتوێ
625 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق

عیراق لەم ماوەیەی دواییدا حاڵەتێكی هەڵچوونی سیاسی و میللی بەخۆوەبینی بەهۆی بۆردومانەكەی توركیا كە سەیرانگەیەكی لە پارێزگای دهۆك كردە ئامانج، عیراق لەمجارەدا هەر تەنیا بە ئیدانەكردنەوە نەوەستا، بەڵكو فەرمانی كرد بە پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت، لەپێناو لێكۆڵینەوە سەبارەت بە دەستدرێژییەكانی توركیا، و بەرزكردنەوەی سكاڵا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش كە لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوە بوو. 

رێكارە یاساییەكان 
مەهدی تەقی ئامرلی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەو بارەیەوە رایگەیاند»پێویستە هێزەكانی توركیا بەشێوەیەكی تەواوەتی لە خاكی عیراق بچنە دەرەوە و دەبێت وەزارەتی دەرەوەی عیراق رێكاری یاسایی لەو بارەیەوە بگرێتەبەر»، بەپێویستیشی زانی حكومەتی توركیا قەرەبووی کەسوکاری شەهیدەكان و بریندارەكانی بۆردومانەكە بكاتەوە و تەئكیدی لەسەر وەڵامدانەوەیەكی تری عیراق كردەوە، ئەگەر ئەنقەرە لە ئایندەدا لەسەر ئەو هێرشانە بەردەوام بێت.
لیژنەی گەڕان بەدوای راستییەكاندا 
بە وتەی ئامرلی»پەرلەمانتاران داوای پێكهێنانی لیژنەی گەڕان بەدوای راستییەكان و دەركردنی تەواوەتی هێزەكانی توركیا لەنێو خاكی عیراق و تۆماركردنی سكاڵایەكی نێودەوڵەتی دەكەن لەدژی توركیا لەبارەی دەستدرێژییەكان و بۆردومانی بەردەوامی وڵاتەكە بۆ خاكی عیراق». 

پێشێلكاریی سەروەریی 
كەریم شكور محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عیراق دەڵێت»ئەوەی توركیا دەیكات لەنێو خاكی عیراقدا، نەك هەر تەنیا هەڕەشەیە، بەڵكو پێشێلكارییە بۆ سەروەریی عیراق و یاسا نێودەوڵەتییەكان و بەڵێننامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان كە جەخت لەسەر رێزگرتن لە دراوسێ‌ و سەروەریی ئیقلیمی و دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتان دەكەنەوە، بۆیە ئەوان وەك ئەندامانی پەرلەمانی عیراق هەڵوێستێكی جێگیر و نەگۆڕییان هەیە دژ بە بۆردومانەکانی توركیا و پێیانوایە ئەوەی توركیا كردوویەتی و دەیكات، پێشێلكارییەكی ئاشكرایە بۆ سەر  سەروەریی عیراق». 

رێكەوتنی تۆكمە 
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئیبتیسام غەراوی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت» ئەگەر لایەنی عیراقی نەگاتە رێكەوتنێكی تۆكمە و بەهێز لەگەڵ لایەنی توركیا، ئەوا بەغدا روودەكاتە رێكخراوی جامیعەی عەرەبی و لایەنە نێودەوڵەتییەكان، بە مەبەستی گەیشتن بە رێكەوتنێكی تۆكمە لەسەر بابەتی هێرشەکانی توركیا و دەركردنی تەواوەتی هێزە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە لە عیراق». 
 
خوێنی شەهیدان 
لەلایەكی ترەوە، باوكی شەهید حسێن عەوادی زاواكەی بەغدا رایگەیاند»ئەوەی بەسەر كوڕەكەیدا هات لە یەكێك لە ناوچە گەشتیارییەكانی پارێزگای دهۆك، خۆی لەخۆیدا نەهامەتییە، داوای خوێنی كوڕەكەی لە سەرەتاوە لە حكومەتی عیراق دەكات، بەو پێیەی رۆڵەكانیان دەكوژرێن لەنێو یەكێك لەو هاوینەهەوارانەی لەنێو وڵاتدان، دوێنێ‌ لە ماڵ چووە دەرەوە و ئەمڕۆ كوژرا»، ئەو دەپرسیت، كوڕەكەم و خێزانەكەی بۆ كوێ‌ رۆیشتن؟ بۆ بەرەی جەنگ رۆیشتن تا لەوێ‌ بكوژرێن؟ ئەو بەپێویستی زانی»حكومەتی عیراق لە هەموو شتێكدا بایكۆتی توركیا بكات». 

مووشەكباران   
هەر لەو چوارچێوەیەدا دایكی دوو كچە شەهیدی بۆردومانەكەی توركیای سەیرانگەی پەرخ لە پارێزگای دهۆك رایگەیاند»لە هاوینەهەوارەكە دانیشتبووین، لەپڕ مووشەكەكان بەرسەرماندا بارین، لە یەك ساتدا شوێنەكە بووە گۆمی خوێن، دواتر ئەوەی كوژرا كوژراو و ئەوەی برینداربوو برینداربوو، دوو كچم بەهۆی بۆردومانەكەی توركیاوە كوژران، لەگەڵ برینداربوونی ژنی كوڕێكم». 
دایكی دوو كچە شەهیدەكە دەڵێت»سێ‌ مووشەك لە نزیك ئەوانەوە كەوتنەخوارەوە، دوو كچەكەی لە یەكەم كەوتنەخوارەوەی مووشەكەكاندا كە زۆر نزیك بوو لەو شوێنەی ئەوان لە هاوینەهەوارەكە لێی دانیشتوون، كوژران». 

بەردەوامبوونی پێشێلكارییەكان 
بەپێی زانیارییە رەسمییەكانی عیراق، لە ساڵی 2018وە زیاتر لە 22 هەزار و 700 پێشێلكاریی توركیا لەدژی سەروەریی عیراق تۆماركراون، وەزارەتی دەرەوەش لای خۆیەوە 296 یاداشتی ناڕەزایی بەرامبەر بە دەستوەردانەكانی توركیا دەركردوە، لەگەڵ یاداشتی ئەم دواییەی كە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش بەرزیكردەوە، زۆرێك لە سیاسییەكانیش هۆكاریی پێشێلكاریی بەردەوامی توركیا بۆ خاكی عیراق، بۆ كێشەی تۆكمەكردن و قایمكردنی سنورەكانی عیراق لەگەڵ توركیادا دەگێڕنەوە، هۆكاریی ئەمەش بە وتەی ئەوان، نەبوونی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی بەرگری و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانە. 

دەركردنی هێزەكانی توركیا  لە عیراق 
وەزیری دەرەوەی عیراق  دوای لە ئەنجومەنی ئاسایش كرد بڕیارێك دەربكات بۆ دەركردنی سوپای توركیا لەناو خاكی عیراق. 
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو:» هیچ رێكەوتنێكمان لەگەڵ سوپای توركیا لەبارەی لەشكركێشی بۆ ناو خاكی عیراق نییە و داوای پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەتایبەت لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەكات، بۆ ئەوەی رێگری لە پێشێلكارییەكانی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی عیراق بكات». 
بە وتەی فوئاد حسێن:»تێكدانی سەقامگیری عیراق لەسەر حیسابی پاراستنی سەقامگیری توركیا، رەتكراوەیە، ئەوان زانیاری پێویستیان هەیە كە دڵنیایی دەدات لەبارەی ئەوەی توركیا دەستدرێژیی كردووەتە سەر خاكەكەیان». 
وەزیری دەرەوەی عیراق دەڵێت:»هیچ رێكەوتنێكمان لەگەڵ سوپای توركیا لەبارەی لەشكركێشی بۆ ناو خاكی عیراق نییە، ئێمە پەیوەندییەكی دراوسێیانەمان دەوێت لەگەڵ توركیا و دەمانەوێت لەسەر مێزی گفتوگۆ پێكەوە دابنیشین»
لە 2/7/2022، توركیا تۆپبارانی گوندی پەرەخ-ی كرد لە زاخۆ كە ناوچەیەكی گەشتیارییە و بەهۆیەوە نۆ كەس شەهیدبوون و نزیكەی 30 كەسی تر برینداربوون كە سەرجەمیان گەشتیاربوون و لە ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە هاتبوون. 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان