راگەیەندراوی مەكتەبی سیاسیی یەکێتی بۆ ساڵیادی تاوانی كیمیایبارانی هەڵەبجە

10:17 - 2025-03-16
کوردستان
25 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ بەخەمێكی قوڵەوە یادی 37 ساڵەی تاوانی دڕندانەی دژ بە گەلەكەمان دەكەینەوە كە لەشاری  هەڵەبجە لە لایەن هێزەكانی  رژێمی  بەعسی رووخاوەوە  بەرامبەر بە خەڵكی بێدیفاع  و مەدەنی ئەو شارە ئەنجامدرا.
ئەو تاوانەی شۆڤێنیەكانی بەعس  بەسەر ئەم شارەدا هێنایان رقێك بوو بەرامبەر رۆڵی مێژوویی هەڵەبجە كە لە جوڵانەوەی  فەرهەنگی و شارستانێتی و سیاسیدا خاوەنی بیری دەوڵەمەند و پێشكەوتنخوازی كوردایەتی بوون  و لە راپەرین و شۆڕشەكانی  گەلەكەشماندا هەمیشە سەرمەشق  بوون، بەتایبەتی لە شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا یەكەمین مەفرەزە سەرەتاییەكانی ئەم ناوچەیە لە هەڵەبجە و شارەزوور چەكی  مەردایەتیان دژی ئەو رژێمە  هەڵگرت و شۆڕشیان هەڵگیرساند.
وەك چۆن  هەر لە پاش راپەڕینەوە  یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر ئەركی خۆی و دواتر لە رێگەی حكومەتی هەرێمەوە  هەوڵی بێوچانی خستەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی سیمای ئاوەدانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هەڵەبجە و خەڵكەكەی، ئەمرۆش  زیاتر لە جاران و پاش بەڕەسمی  ناساندنی هەڵەبجە وەك چوارەمین پارێزگای كوردستان لە لایەن پارلەمان و حكومەتی هەرێمەوە،  لەپێناو  ساڕێژكردنی زامەكان و باشتر قەرەبوكردنەوەی  زیانلێكەوتوانی تاوانی جینۆسایدكردنی ئەم شارە تێدەكۆشێت.
هەر لەم بۆنە خەمناكەدا تەئكید دەكەینەوە سەركردایەتی یەكێتی  لە رێگەی فراكسیۆنەكەیەوە لە پەرلەمانی عیراق و تیمی ئیدارەی هەڵەبجە و حكومەتی فیدراڵی، لەهەوڵی بەردەوامدان تاوەكو لە  ئەنجومەنی نوێنەران پڕۆژەیاسای  بەرەسمی ناساندنی هەڵەبجە وەك نۆزدەیەمین پارێزگای عیراق دوا خوێندنەوەو دەنگدانی لەسەر بکرێت و بە پێی یاسا و بنەما دەستوورییەكان گشت شایستە و مافەكانی بۆ دابین بكرێت.
تاوانی كیمیایبارانی هەڵەبجە  زامێكی لە بیرنەكراوە، درود بۆ رۆحی شەهیدانی كیمیایبارانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی  جینۆسایدی گەلەكەمان.
مەكتەبی سیاسیی 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #هەڵەبجە

بابەتە پەیوەندیدارەکان