کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان لە نێوان ئاڵنگاری و بوژانەوەدا

10:48 - 2025-03-16
ئابووری
48 جار خوێندراوەتەوە

م.ی. غەریب عەلی سەلیم*


بەهۆی كرانەوەی هەرێمی كوردستانەوە بە رووی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەدا لەلایەك و بوونی چەندین ناوچەی گەشتوگوزاریی سروشتی و مرۆیی لە هەرێمەكە، ساڵانە گەشتیارێكی زۆری ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق و ئێران روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن. جگەلەوەی بەشێکی زۆری رێگە سەرەکییەکانی هەرێم دووساید کراون، بە پێی ئامارێک نزیکەی 750 هۆتێل و مۆتێل و کۆمەڵگە و پارکی گەشتیاریی هەیە، زیاتر لە هەزار و 500 چێشتخانە و رێستۆرانت و کافێ و  زیاتر لە 600 کۆمپانیا و نوسینگەی گەشتیاری لە هەرێمدا کاردەکەن، بە گوێرەی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار تەنها لە ساڵی 2024دا زیاتر لە 57 ملیار دۆلار وەبەرهێنان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریی گەشتیاری هەرێمی کوردستان کراوە، ئەو كەرتە گرنگە دەكرێت ببێت بە سەرچاوەیەكی ئابووریی گرنگ بۆ هەرێم، بەڵام وەک دەبینرێت ناسەقامگیریی بارودۆخی سیاسی و ئابووریی ناوچەکە کاریگەریی تەواوی هەیە لەسەر ئەم کەرتە.
بە پێی ئەو داتایانەی لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی گەشتوگوزار تۆمارکراون لە ماوەی نێوان ساڵانی (2007-2023)دا هەڵکشانێکی خێرا و بەردەوام لە ژمارەی گەشتیارانی هاتوو بۆ هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بە جۆرێک ساڵی 2007 ژمارەکە 337 هەزار و 397 گەشتیار بووە، ساڵانی دواتر ئەم ژمارەیە زیادیکردووە و بە پێی بارودۆخی ئابووری و سیاسی و خزمەتگوزاری و تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و عیراق لە ساڵی 2023دا گەێشتۆتە حەوت ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار، واتە جیاوازی نیوانیان گەیشتۆتە شەش ملیۆن و 902 هەزار و 516 گەشتیار.

بەهۆی داعشەوە
داتاکان ئەوە دەردەخەن، کە لە ماوەی نێوان ساڵانی (2013-2007)دا ژمارەی گەشتیار بەردەوام روو لە هەڵکشان بووە بەڕێژەی جیاواز، بەهۆی سەقامگیری بارودۆخی سیاسی و ئابووری ناوچەکە و بەرزبوونەوەی ئاستی رۆشنبیری و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و ناساندنی ناوچە گەشتیارییەکان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە، بەڵام ژمارەی گەشتیاران لە ساڵانی (2015-2014)دا کەمیکردووە، بەهۆی هاتنی گروپی تیرۆرستی داعش و داگیرکردنی بەشێکی فراوان لە عیراق و بە تایبەتی پارێزگاکانی موسڵ و سەڵاحەدین و دیالە و بەشێک لە یەکە کارگێڕییەکانی کەرکوک و دواتریش هێرشکردنە سەر پارێزگاکانی هەرێم کە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر هاتنی گەشتیار و بارودۆخی ئابووری هەبووە، دواتر لە ساڵی 2016 لە ئەنجامی لاوازبوون و نەمانی داعش دووبارە ژمارەکە رووی لە زیادبوون کردووە و گەیشتۆتە یەک ملیۆن و 603 هەزار و 400 گەشتیار.
بەڵام لەساڵی 2017دا ژمارەی گەشتیاران بە رێژەیەکی زۆرکەم زیادیکردووە، بەهۆی تێکچوونی پەیوەندیی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەنجامدانی ریفراندۆم و داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، ساڵانە بەردەوام ژمارەی گەشتیار رووی لە هەڵکشان بووە، تا ساڵی 2020، کە دووبارە ژمارەی گەشتیاران کەم بۆوە بۆ 845 هەزار و 747 گەشتیار، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینە و داخستنی سنوورەکانەوە، بەڵام جارێکی تر لە ساڵەکانی (2021 و 2022 و 2023)دا ژمارەی گەشتیاران زیادیکردووە، بەهۆی باشبوونی بارودۆخی ئابووری و سیاسی و تەندروستی و پێشکەوتنی ژێرخانی ئابووریی گەشتیارییەوە لە هەرێمی کوردستان. 
 
داهاتی کەرتی گەشتیاریی
کێشەی داهاتی کەرتی گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان
لە رووی ئابوورییەوە هاتنی گەشتیاری ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق و وڵاتانی بیانی بەراورد بە گەشتیاری ناوخۆیی سوودی زیاترە بۆ گەشتوگوزار، چونکە ئەو گەشتیارانەی سەردانی هەرێم دەکەن کەمتر کەرەستە و پێداویستی گەشتوگوزاری لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن، تا رادەیەکی گونجاو بارودۆخی داراییان بەهێزترە لە گەشتیاری ناوخۆ، لە هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی سیستمێکی بانكیی ئەلیكترۆنییەوە نازانرێت داهاتی گەشتیاران چەندە، بەشێکی زۆری داهاتی کەرتی گەشتیاریی بە گشتیی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەبرێت، بە تایبەتی هۆتێل و مۆتێل و رێستورانت و كافتریا گەشتیارییەكان و هۆڵەكانی ئاهەنگێران و بنكەو كۆمەڵگە گەشتیارییەكان و شوێنە سروشتییەكان و گوندە گەشتیارییەكان، بەڵام دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم لە رێگەی ئەنجامدانی ژمارەیەک راپرسی سەرەتایی لە یەکە و بنکە گەشتیارییەکاندا، خەمڵاندنێکی بۆ داهاتی کەرتی گەشتیاریی لەسەر بنەمای خەرجییەکانی هەر گەشتیارێک کردووە، خەرجییەکە پەیوەست بە گەشتیاریی عیراقی بەراورد بە گەشتیاری بیانی (نێودەوڵەتی) جیاوازی هەیە، چونکە گەشتیاریی نێودەوڵەتی خەرجی گەشتیاریی زیاترە. بە رەچاوکردنی ئەنجامی بەدەستهاتوو لە راپرسییەکاندا، دەرکەوتووە تێکڕا هەر گەشتیارێک لە هەرێمی کوردستاندا لە نێوان (250-300) دۆلاری ئەمریکی خەرج دەکات.
*خوێندکاری دکتۆرا لە بواری بەبازاڕکردنی گەشتوگوزاردا / زانکۆی سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان