بۆردی راگەیاندنی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی ی.ن.ك، كۆڕێكی بۆ ئەحمەد سلێمان جێگری سكرتێری حزبی پێشكەوتنخوازی كورد لە سوریا لەبارەی دۆخی سیاسیی رۆژئاوای كوردستان دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، رێكخست.
لە كۆڕەكەدا، كە لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی و بەرپرسانی حزبی و نوێنەرانی چەند پارتێكی سیاسی و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان ئامادەیبوون، ئەحمەد سلێمان، باسی لە دۆخی سوریا بە گشتی و رۆژئاوای كوردستان بەتایبەتی كرد لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و رێككەوتنەكەی نێوان هەسەدە و حكومەتی دیمەشق.
ئەحمەد سلێمان، رۆڵی سەرۆك مام جەلال-ی لە رابردوودا بەرزنرخاند و رایگەیاند: سەرۆك مام جەلال لەكاتی سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا, بە رەوانشاد عەبدولحەمید دەروێشی وتبوو: رەوشی سوریا لە دۆخی میسر و تونس جیاوازە، كە بەهۆی بەهاری عەرەبییەوە رژێمەكانیان رووخا، رژێمی سوریا پاڵپشتی ئێران و روسیای هەیە، بۆیە پێویستە كورد لە رۆژئاوای كوردستان رێگریی لە دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی بكات، بۆیە ئێمە وەك پارتەكەی خۆمان زۆر رێگریمان كرد كە بە ئاشتی مافی كورد بەدەستبهێنین.
لە كۆتاییشدا، سلێمان ئەحمەد، رایگەیاند: ״پێویستە هەموو پارتەكانی دیكە، هاوشێوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پشتیوانی لە رۆژئاوا بكەن و بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد هاوسەنگی بپارێزن هاوشێوەی سیاسەتی سەرۆك مام جەلال و پاڵپشتیی سەرۆك بافڵ بكەن״ و وتیشی: ئەو سیاسەتەی یەكێتی زۆر گرنگ و هاوسەنگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.