تەها سلێمان
ئێوارەیەک بەدەم پیاسەی تەنیاییەوە
پێیەکانم لەتاڵە پووشێک هەڵکەوت
بەدەما سەرسمم بردو نزیک بوومەوە لەکەوتن
خەیاڵێکی قووڵ بردمیەوە
گوێم لێبوو مووسافیرەکانی تەنیشتم قاقا پێدەکەنین
پاسارییەک بەسەر سەرمەوە نیشتەوە
بەدەنووک خەریکی هەڵکۆڵینی چاوەکانم بوو
شێوەکارێک تابلۆکەی لەنزیکی تەواو بوونا لەتوپەتکرد
بەدەم خەیاڵەوە سەیری ئەو کوڕو کچانەم ئەکرد
پێئەچێ باسی شتێک لەژیان بکەن
دەستم درێژ ئەکرد بۆ ئەو پووشەی سەرسمی پێدام
لەدڵی خۆما ئەموت لەوە ئەچێ دەستی پێوەبگرم بۆ ڕزگار بوون
پەڵە هەورەکانی ئاسمان تا دەهات پڕتر ئەبوون
رەنگە ئەوانیش کەیفی بارینی بارانیان هەڵسابێ
گڵۆپەکانی ئەم بەرو ئەوبەری شەقامەکە نەیاندەتوانی بەر پێم ڕۆشن بکەنەوە
چەمەینەوەیەک چەمیمەتەوە ئاسان نیە هەڵسمەوە
ئێژمە برادەرەکەم لێرەم کەی تێی و وڵامم دەست ناکەوێ
توڕەبوون زیاتر لەخۆیم هەڵدەژەنێ
پرسیارێکی ناوەخت تێتە ڕێگام
ئەرێ ئەوە بۆچی دلاوەر قەرەداخی
قەسیدەی مناڵێک لەوێوە هات وای وت
نەیکردە ناونیشانی کۆ شیعرەکانی
ئەی باشە بۆچی جەمال خەمبار
وەرزە ئاڵەکانی عەدەمی بە سوورمەی ناو کلدانی کچە ئەنفالێک نەنووسییەوە
ئەی بۆچی شێرکۆ بێکەس
گۆڕستانی چراکانی بەدەستخەتی خۆی بڵاو نەکردەوە
ئایا ئەیانزانی هەلاج پێش ئەوان لێکترازانی نووسی
لەتیفی کوڕی فاتیحی کوڕی فەرەج قەسیدەی سەوزەی نووس
خانی بۆنی تاعونی ئەنفال سووتانی و ئێستاش بەهێمنی دەسووتێ
ژنێک تێتە بەردەمم و گەرەکیەتی دەستم بگرێ و ڕاستم بکاتەوە
تێناگا من سەرمەستی خەیاڵێکم ورینجەی تێ لەتەنیایی
پڕاو پڕە لەهاواری ستەم و سووتان
دەمێکە لەگەڵ پێکەنین نێوانمان تێک چوە
ئێژمە یەکێک لەموسافیرەکانی پاڵم
ژمارەی تەلەفۆنی ماڵی بێئۆقرەیم بۆ لێدا
پرسیاری ئەوەیان لێبکا بەشکو
بتوانن بمگەیەننە ئەو پەڕی تۆزێک دڵنیایی
نیگایەک ئەخەمە سەر ئەو درەختەی لەلاکەشما
هێندەی ژمارەی گەڵاکانی خەمبار دیارە
بەدەم ژان و سوێی تەنیاییەوە خەیاڵم پڕ دەکەم لە وێنەکانی ڕابووردوو
قەڵماسنێکم بەدەستەوەیە نایەڵم ڕەوە پاساری زێوردەکان بتەکێنن
دارلاستیکێکم هەڵگرتوە ڕۆحی کۆترە باریکەیەک ئەکێشم و نامرم
لێوڕێژی بیری ئاوی خواردنەوەکان ئەکەم لەتەپاڵەو تەریق نابمەوە
کڵافەی بەنەکانی دایکم ئەدزم و کەچی هەزار سوێن ئەخۆم ئاگام لێی نیە
پەڕەیەک لە قورعانی مزگەوتەکە لێئەکەمەوەو ئێژم وەی قورعانه من نەبووم
زرکێک لەبۆیسان دەیمێک ئەکەمەوە کەچی خاوەکەنەی نایەڵێ تامی بکەم
واقە واقی چەقەڵەکان سەرم پڕ دەکەن لەبێزاری
گمە گمی کۆترەکان نەختێک دڵنەواییم ئەکەن
زیکە زیکی پلەسێرکەکان دڵم دادەخورپێنن
چڵمی سەردەستی خۆم و هاوڕێ مناڵەکانم ڕۆح دەتۆزێننەوە
نوێژی جەماعەتی ناو مزگەوتەکان دەمکەنە هەزارو یەک پرسیار
لەرینەوەو حاڵگرتنی زنجیری دەفێک لەگەڵ خۆیم ئەبا
ئەمەوێ تێبگەم بۆچی تەنیایی بەم هەموو یادەوەرییەوە
بەجوان و ناشرینەکانیەوە هەمیشە لەدەرگای بوونمایە
ئەچمە سەر گردۆڵکی شوێنی دانیشتنی پیاوە نورانیەکان
دانە دانەی تەسبیحە پچڕاوەکانیان هەڵئەگرمۆ
جامانەکانیان کۆ ئەکەمۆو قەدیان ئەکەم
یەک یەک بەردی نۆڕسکان و سێ ڕسکان و دامە دامەکانیان خڕ ئەکەمۆو ئێژم بەشکم ڕۆژێک بێنۆو حەز بەتاوێک گەمەی تر بکەن
کەشیدەیەک و دوان بێ پشت
بەرماڵێک و سییان بێ ڕکاتی نوێژ
کڵاوێک و چوار و پێنج و دەو هەزاران بێ سەرو قەنافز
مراخانییەک و پێنج و هزاران بێ باڵا
کیسەیەک تووتن و شەش و هەزاران بێ بەرماخ
چەرخێک و حەوت و هەزاران بێ پلیتە
دەفتەر نفوسێک و هەشت و هەزاران بێ ناونیشان
ئای لەمانە وای لەمانە جەخار بۆ ئەمانە
شۆڕ ئەبمۆ بۆ سەر کانی و ئاوێک
لەورە کلدانێک پڕ لەسورمە
گوزگییەک تەنیا لەخۆی ئەچێ
چیرۆکێک نانووسرێتەوە
لەتێک نەعنا تفەی پاش خۆشەویستی
ملوانکەیەک زەنگیانەی ڕەنگاو ڕەنگ
گۆرانییەک گەردی ترس دایپۆشیوە
خەزامەیەک پڕ لەورینجەی جوانی
دارتەروویەک پاکی لێدەڕژێ
قامەتی خۆشەویستییەک پەنجەکانی خوێنیان لێدەتکێ
چەقۆیەک لەملی عیشق گیرکراوە
سوخمەیەک بۆنی نەعنای لێتێ
بەم ڕێگایەدا دەڕۆم و تێتە ڕێگام
تراکتۆرێک خاڵی لە مقام
زۆپایەک پڕ لەخۆڵەمێشی جێماو
هەگبەیەک پڕ لەنانی سووتاو
جواڵێک جرج سەری تێکردوە
کەلمەکێک ئاڵ بە خوێنی کچێنی
دەست ئەگرم بەچاومەوە
پێیەکانم وەک هەشۆکان ئەلەرزێن
دەستەکانم سڵاویان پێناکرێ
پەنجەی شایەتمانم ڕووەو دوا وەردەگێڕدرێن
حەوسەڵەم تا تێ تەنگتر ئەبێ
بیر لەوە ئەکەمۆ بۆچی لەیرە کەس نامناسێتەوە
بۆچی خۆاش بێدەنگی هەڵبژارد
لەبەرچی پێغەمبەر وازی لەنوێژ نەهاورد
هۆکاری چیبوو ئەسحابەیەک خەوی نەزڕا
لەتەنیایی تەنیاتر بەدەم ڕێوە
سفت ئەبم لەئەندێشە
سوێم لێ ئەڕژێ
خەریکە بێژم چەن دەبەنگم
ئەم حیکایەتە بەتۆ تەواو نابێ
بەدەم ڕێوە ئاوەسپیم لێدیارە
عاجزو بێحەواس ئەڕوا
سەرمل و تەلانەکانی مازووخ گولیلکی سویر ناگرن
ڕانەکان ناچنە شەوە کەژ
شوانەکان شمشاڵ ناژەنن
ژنەکان ناچن بۆ پەچا ماڵین
کوڕەکان چاو لەکچەکان داناگرن
کچەکان ناچنە ژوانی ناو حەسارەکان
شیر نامێنێ پشیلەکان بیڕژێنن
پیشۆک نامێنێ مناڵەکان هەڵی کەنن
مامۆستا دارا دوو داری دی نایەژێتەوە
مەلا واز لەبانگدان تێرێ
ئاسیاو گەنمە قەناری ناهاڕێ
کەڵەشێرەکان بەیانیان ناقووقێنن
ڕەشبەڵەک زەوقی تیا نامێنێ
ئای چ ئێوارەیەکی نەفرەتیە
وای چ ئێوارەیەکی ڕەزا قورسە
داخ چ ئێوارەیەکی مزویڕە
دەڕۆم و بەدەم ڕێوە
قل قلی داودەیەک خەریکە مردار ئەبێتۆ
سوێسکەیەک ئەڵهای چۆڕێک ئاو دەکات
کوڕکوڕێک بۆ هەتایە تەرکی ئەیرە ئەکات
کۆترە دەیمییەک بەکوڵ ئەگری
ڕەوێک قازی قوڵینک بێ ماڵ ئاوایی ئەڕۆن
گوێ درێژێک وەک بەشەر ئەدا لەسویڕەی گیریان
ئای لەم تەنیاییە
داد لەم چۆڵەوانیە
مناڵێک بیری بۆنی دایکی ئەکا
ئاواییەک پڕە لەبەتاڵ
چەکدارێک خەریکی دزینی خاییە
پەلی کچێک ها وەدەسی جەلادێکەوە
زەنگی تەلەفۆنەکەم هەراسانم دەکا
لەکۆتاییا ئەبێتە قسەوباسێکی گەرم
ئەو پێی وایە من شتێکم لەشێتی
من پێچەوانەی ئەو پێم وایە هەموو مەخلوق شێتە
ئەو پێی وایە نەختێک ئارام بمەوە
من پێچەوانەی ئەو پێم وایە شتێک نیە بەناوی ئارامی
ئەو ئێژێ بۆچی هەمیشە تەنیای
من پێی ئێژم تۆ تێناگەی چۆن داخ کراوم
ئەو ئێژێ و من ئێژم
دەچمەوە ناو کاکڵی خەیاڵەکانی خۆم
با شار بارانی لێبڕژێ
من وا خەریکە لەتینوا دەخنکێنم
با شار بۆنی عیشقی لێبێ
من بەچاوی خۆم دیم عیشق ئەتککرا
با پەنجەرەی ماڵەکان بەگوڵ چنرابێ
بەپێش چاوی خۆمەوە گوڵ لەڕەگەوە هەڵکێشرا
ئەڕۆم لەبەردەم کانی کڵاوکوڕە
بەکڵاو کوڕەیەک ئێژم بەیارمەتیت
لەپاڵ سێبەری بنجگێک کاڕویشا جێم بۆ بکەرۆ
دەستی ژنێک ئەگرم و ئێژم
تۆزێک لەهێزی خۆتم پێ ببەخشە
چاو دەبڕمە ئاسمان هیچ شتێک وەک خۆی نابینم
دڵ دەدەمە بای باڵی کوڵە فڕەیەک
کەچی ئەو بێ سەلام و بێ کەلام ڕۆیی
دەست بۆ تەوقە لەگەڵ گەڵای گوڵێک ئەوەم
گوڵدانەکە پەشیمانم دەکاتەوە
(زەینەو تێتە خەوم، باسی برایم و بەهارو ئەحە مامەلیم بۆ ئەکات، ئێژێ سوێن وە برایم سەمین خەوم دییە، لەی نزیکانە تێنۆ. کاتێ هاتنۆ ئیتر ڕێگا نادەم وە بێ پرس ئاوا دویر بڕۆن. ئاخر باوانم لەوەتەی ئەوان ڕۆینە باخچەکەمان ئاو نەدریاوە. ساوە کۆرپەکان تەقەت نەکریاون. دەرگای حەوشەکەمان حەلەق نەدریاوە. ئاو لەبیرەکەمان هەڵنەگۆزریاوە. ڕەنگی موروە شینەکانی بەرقاپی حەوش کاڵ بوینەسۆ. کەس نیە گیا خەرتەلەی ناو قسیلەکەی بەردەم ماڵ بژارە بکات)!
ئێوارەیەک تاڵێ پووش سووتانمی
سووتانێک بۆ هەتایە ئەسووتێم
ئێوارەیەک تەنیایی خنکانمی
خنکانێک بۆ هەتایە ئەخنکێم
ئێوارەیەک تاعوونی ڕەش کووشتمی
کووشتنێک بۆ هەتایە زیندوو ناومەوە
کە ئێوارە تێ ئیتر من ئەومە خەیاڵ
خەیاڵێک لەئاوێنەی یادەوەریم ئەچێ
کەنەدا، ڤانکۆڤەر 2020-2025