محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق لە رۆژی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، عیراقییەکان ژیانی خۆیان بەخشی لەپێناو ئازادی و شکۆی نیشتمان، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە کیمیابارانکردنی یادی 37 ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە نەکردووە.
سەرۆک وەزیرانی عیراق لە بڵاوکراوەیەکیدا لە ئێکس، دەڵێت، لە رۆژی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بەشکۆوە قوربانیدانی سەدان هەزار لە رۆڵەکانی گەلەکەمان لە ناوچە جیاوازەکانی نیشتمانەکەماندا یاد دەکەینەوە، کە رووبەڕووی توندترین دیکتاتۆر بوونەوە، کە هەموو جۆرە توندوتیژی و کوشتنی لەبەرامبەریان پەیڕەوکرد.
ئەوەشهاتووە، ئێمە ئێستا لەسایەی قوربانییە گەورەکانی رۆڵەکانی گەلەکەمانەوە دەژین، کە ژیانی خۆیان بۆ ئازادی نیشتمان و شکۆکەی بەخشی، لە چوارچێوەی سیستمێکی دیموکراسی کە هەمووان مافەکانی خۆیان بەگوێرەی دەستوور بۆ فەراهەم کراوە.
سودانی دەشڵێت، پێویستە هەمووان ئەوپەڕی توانامان بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی نیشتمان و هاونیشتمانیانمان بە سەربەرزی بمێننەوە و چێژ لە ژیانێکی شایستە وەربگرن.
ئەم گوتانەی سودانی لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ 16/ 3/ ، 37 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کیمیابارانی شاری هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسەوە، کە بەهۆیەوە زیاد لە پێنج هەزار کەس شەهیدبوون و زیاد لە 10 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون و ژمارەیک منداڵیش بێسەرووشوێنبوون.
لە 22ی ئایار 2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق رۆژی کیمیابارانی هەڵەبجەی وەک پشووی فەرمی لە سەرتاسەری عیراق پەسەندکرد ئەوەش لەچوارچێوەی پەسەندکردنی یاسای پشووە فەرمییەکان و بەگوێرەی یاساکە رۆژی 16ی ئازار، وەک رۆژی کیمیاباران و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و کۆمەڵکوژیی و ستەمەکانی رژێمی بەعس دیاریکراوە.