ژیاننامەی عەبدوڵڵا وسوو عەبدوڵڵا
پێشمەرگەی دێرین و فەرماندەی تیپ، لە دایكبووی ساڵی 1956 گوندی (باوزێ)ی ناوچەی پشدەر، لە ساڵی 1973دا بۆتە پێشمەرگە و لە ساڵی 1975 دا، دوا بەدوای هەرەسهێنانی شۆڕش، ئاوارەی ئێران بووە، هەر ئەو ساڵە گەڕاوەتەوە بۆ عیراق و لە باوزێ گیرساوەتەوە.
لە ساڵی 1976دا لەگەڵ دەركەوتنی نیشانە بەراییەكانی دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكدار لە كوردستاندا، ژیانی پێشمەرگایەتی دەستپێكردەوە و پەیوەندی بەو هێزانەوە كرد كە عەلی عەسكەری و رەسوڵ مامەند رابەرایەتییان دەكردن، لەو ماوەیەدا بەشداربوو لە دانانی بۆسەیەك لەسەر بەستی چەكوان، لە نێوان هەردوو گوندی ئیسێوە و گەناو كە تێیدا هێزی پێشمەرگە دەستی بەسەر شەش كڵاشنكۆف دا گرتووە، بیر بۆ ئەوە دەچێ كە ئەم چالاكییە یەكەم چالاكی هێزی پێشمەرگەیە لە سنووری پشدەر پاش دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری لە كوردستاندا.
ساڵی 1978 بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنی هەكاریدا كرد كە تێیدا هێزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چونە سەر سنووری عیراق-توركیا بە مەبەستی وەرگرتنی بڕێكی زۆری چەك كە نیاز وابوو لە سوریاوە بەناو خاكی توركیادا بگاتە دەست هێزی پێشمەرگە، دوای ئەوەی كە ئۆپەراسیۆنەكە شكستی هێنا و هێزەكە لەتوپەت بوو، عەبدوڵڵا وسوو گەڕایەوە و لە گوندی دەرماناوێ گیرسایەوە.
ساڵی 1979 لەگەڵ دەرچونی بزوتنەوەی سۆسیالستی كوردستان بەسەركردایەتیی رەسوڵ مامەند لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەگەڵ جیابووەكان وازی لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هێنا، بەڵام لە ساڵی 1981دا لەگەڵ ژمارەیەك كادیری عەسكەریدا وازی لە جیابووەكان هێنا و گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتیی نیشتمانیی كورستان، هەر ئەو ساڵە كرایە فەرماندەی كەرت لە تیپی 63ی جوتیاران، هەروەها لە هەمان ساڵدا بەشدارییەكی كارای لە ئۆپەراسیۆنی هێزی پشتیواندا كرد كە تێیدا هێزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە فریای هێزەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران چوون و بەرەیەكی بەهێزیان لەبەردەم پێشڕەویی هێزی پاسدارانی ئێراندا دامەزراند، لەم ئۆپەراسیۆنەدا عەبدوڵڵا وسوو رۆڵێكی كارای لەبەرەی بێوراندا گێڕا.
ساڵی 1983 رۆڵی دیاری لە شەڕی گردەبێناسدا گێڕا كە تێیدا هێزەكانی تیپی 63ی جوتیاران گورزێكی كاریگەریان لە هێزە پەلاماردەرەكانی عیراق وەشاند، زیاتر لە 300 سەربازیان لێ كوشت و دوو هەلیكۆپتەریان لەشەڕەكەدا پێكا.
ساڵی 1986 پاش پێكهێنانی تیپی 65ی بڵفەت، كرایە جێگری فەرماندەی تیپەكە، ساڵی 1988 لەبەری مەرگە رۆڵێكی دیاری هەبوو لە بەرپەرچدانەوەی شاڵاوی یەكەمی ئەنفال، پاش كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆسەر سنوور، لە شاری سەردەشت گیرسایەوە، هەر ئەو ساڵە كرایە فەرماندەی تیپی 79ی سادر.
لە راپەڕینی 1991دا بەشدارییەكی كارای لە جێبەجێكردنی نەخشەی راپەڕیندا كرد و لەو هێزەدا بوو كە ئەركی چونە ناو سلێمانی پێ سپێردرابوو.
لەناو شاریش بەشداربوو لە هێرش كردنە سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی و گرتنی، پاشانیش بەشداربوو لە ئۆپەراسیۆنی گرتنی كەركوكدا.
دواتر كراوەتە جێگری فەرماندەی بەتالیۆنی 2ی جوتیاران، لە ساڵی 1992 كرایە فەرماندەی بەتالیۆن لە ناوچەی پشدەر، ساڵی 1994 كرا بە لێپرسراوی میحوەری پشدەر، لە ساڵی 1996 فەرماندەی هێزی گردەبێناس بوو، لە ساڵی 1999 بۆتە ئەندامی فەرماندەیی 12ی پشدەر، لە ساڵی 2003 خانەنشین بووە بە پلەی فەرماندەی فەرماندەیی، دواتر پلەكەی گۆڕاوە بۆ لیوا.
بەداخەوە، رۆژی 20/6/2022 كۆچی دوایی كرد.