چیزنی و ئامارێكی نایاب

11:39 - 2025-03-18
وەرزش
40 جار خوێندراوەتەوە
ڤۆیچیك تۆماس چیزنی

ڤۆیچیك تۆماس چیزنی، گۆڵپارێزی ئێستای یانەی بارسیلۆنا، ئامارێكی نایاب و سەرنجڕاكێش لەگەڵ بارسیلۆنا تۆمار دەكات و ئەو ئاستە هونەری و ئامارەی تائێستا لەگەڵ بارسیلۆنا هەیەتی، بۆتە مایەی راکێشانی سەرنجی شارەزایانی تۆپی پێ لە جیهاندا.
وەك هەموومان دەزانین، تیرشتیگن -ی گۆڵپارێزی بارسیلۆنا رۆژی 21/9/2024 لە یاریی بارسیلۆنا و ڤیاڕیاڵ -دا، كە لە یاریگای لاسیرامیكا كرا و بارسا 5  - 1 یارییەكەی بردەوە، پێش تەواوبوونی تایمی یەكەمی یارییەكە، تووشی پێكانێكی قورس بوو، بەهۆی ئەو پێكانەشەوە، بۆ ماوەیەكی زۆر لە یاریگاكان دووركەتەوە و تائێستاش چاك نەبووەتەوە و نەگەڕاوەتەوە یاریگا.
ئەمەش وایكرد بارسیلۆنا بەدوای گۆڵپارێزێكی باشدا بگەڕێت بۆ ئەوەی جێگای تیرشتیگن بگرێتەوە، هەڵبژاردەكەی بارساش چیزنی بوو، سەرەتا ماوەی سێ مانگ چیزنی راهێنانی لەگەڵ بارسیلۆنادا كرد و لە هیچ یارییەكدا نەبوو بە گۆڵپارێزی بارسا، بۆیە ئینیاكی پینا لەجێگای شتیگن یاریی دەكرد.
رۆژی 4/1/2025 چیزنی لە یەكەم یاریی بارسیلۆنادا لە خولی جامی شای ئیسپانیای ئەو وەرزەدا، لە یاریی بارباستۆر -دا وەك گۆڵپارێزی بارسا دەركەوت، یارییەكەشیان 4 - 0 بردەوە، ئیتر تا دەهات بڕوای هانسی فلیك بەچیزنی زیادی دەكرد، بۆیە پاش ماوەیەك ئیتر چیزنی لە لالیگا و چامپیۆنس لیگ و تەنانەت جامی شای ئیسپانیاشدا وەك گۆڵپارێزی یەكەم بەشداریی پێدەكرد و ئێستا چیزنی گۆڵپارێزی یەكەمە و پینا بۆتە یەدەكی چیزنی.
چیزنی لە یاریی بارباستۆر-ەوە تا یاریی شەوی یەکشەممەی هەفتەی رابردوو كە بەرامبەر ئەتلەتیکۆ بوو 4 - 2 یش بارسا یارییەكەی بردەوە، 15 یاریی لە خولە جیاجیاكاندا لەگەڵ بارسا دەركەوتووە، لەم 15 یارییەدا:
*لە هەر 15 یارییەكەدا بارسا نەدۆڕاوە و 14 یاریی بردۆتەوە و یەك یاریی لەگەڵ ئەتڵەنتا یەكسان بووە.
*لەو 15 یارییەيش خاوەنی 8 كلین شیتە، ئەمە لە كاتێكدا پینا لە 22 یارییدا 8 كلین شیت و شتیگنیش لە 7 یارییدا 1 كلین شیتی هەبووە و ئەمەش ئامارێكی نایابی چیزنییە.
*كلین شیتەكانیشی بەرامبەر بارباستۆر، ئەتلەتیك بلباو،  ئالاڤیس، ڤالانسیا و رایۆڤالیكانۆ  و لاس پاڵماس و ریاڵ سۆسداد و بەنفیکا بووە.
* گرنگترین بردنەوەش كە بارسا تۆماریكردووە و چیزنی گۆڵپارێز بووە، ریاڵ مەدرید 2× 5 بارسیلۆنا، یاریی كۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا، بەنفیكا 4 × 5 بارسیلۆنا –چامپیۆنس لیگ، بارسیلۆنا 1 × 0 رایۆ ڤالیكانۆ و 2×0 لاس پاڵماس، بارسا 4 × 2 ئە.مەدرید - لالیگا، كە بەم سێ یارییەی دوایی، بارسا گەڕایەوە لووتكەی ریزبەندیی. 
ئەم گۆڵپارێزە پۆڵەندییە، مێژوویەكی دەوڵەمەندی لە نێو یاریگاكانی جیهان و ئەوروپادا هەیە، چ وەك گۆڵپارێزی یانەكان، یان وەك گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی پۆڵەندا، ماوەیەك پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بارسیلۆنا، بڕیاریدابوو بە یەكجاریی واز لە یارییكردن بهێنێت و لە یاریگاكان دووركەوتبووەوە، بەڵام كاتێك بارسا دوای گەڕانەوەی لێكرد، بێ وەستان لە بڕیارەكەی پاشگەزبۆوە و بڕیاریدی دووبارە یارییكردنی دایەوە و پەیوەندیی بە بارسیلۆناوە كرد.
چیزنی دوا یانە كە یاریی بۆكردووە یۆڤانتۆس بووە، دوا یارییش كە تیایدا بەشداربووە، یاریی یۆڤانتۆس و مۆنزا وەرزی رابردوو بوو كە رۆژی 25/5/2024 كرا، لەو یارییەدا لەسەر كورسی یەدەك بووە، دواتر مانگی حوزەیرانی 2004 لە چوار یاریی پۆڵەنداشدا بەشدرایی كردووە، بەرامبەر ئۆكرانیا و توركیا و هۆڵەندا و نەمسا، ئیتر دوای ئەم یارییانە بەتەواوی وازی لە یارییكردن هێنا تا چوونی بۆ یانەی بارسیلۆنا.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان