رەوەز ئیسماعیل
لە چەند رۆژی رابردوودا، رۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنی بابەتێكی نووسەری رۆژنامەكە (تۆنی فریرۆس)ی بڵاوكردۆتەوە، ستادیۆمیش بە چاكی دەزانێت وەك خۆی بۆ خوێنەرانی ستادیۆم، بڵاویبكاتەوە.
لە چەند هەفتەی رابردوودا پڕوپاگەندەیەك بڵاوبووەتەوە كە وای لێكردم هەست بە تەریق بوونەوە و شەرم بكەم و پڕوپاگەندەكەش دەڵێت: نەیمار دەگەڕێتەوە بارسیلۆنا.
لەسەردەمی هەواڵە درۆكان و بەرژەوەندییەكانی وەكیلەكان و ئەوانەی وەهم دەفرۆشن، مرۆڤ نازانێت كامە هەواڵ راستە و كامە هەواڵ فەیک و دروستكراوە، هەرچۆنێك بێت، هیوادارم ئەم هەواڵە سوعبەتێكی زۆر خراپ بێت.
یاریزانێك ئێستا تەمەنی 33 ساڵە، لە دەرگای پشتەوە یانەی بارسای بەجێهێشتووە، بەهەمان سیناریۆ پاریس و هیلال -یشی بەجێهێشت، كارێكی نا لۆجیكییە بیر لەهێنانەوەی بۆ بارسا بكرێتەوە.
ئەو هەرگیز ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ یانەی بارسیلۆنا، لەبەرئەوەی خیانەتی لێكردین و هەموومانی هەڵخەڵەتاند و گاڵتەشی پێكردین، من باشم بیرە، لەساڵە سەرەتاییەكانی لە بارسیلۆنا، هەمیشە هەوڵی ئەوەی دەدا پێنجەم كارتی زەرد وەربگرێت تا چەند رۆژێك پشوو وەربگرێت بۆئەوەی بگەڕێتەوە بەرازیل و بەشداریی ئاهەنگی لەدایكبوونی خوشكەكەی بكات.
نەیمار عاشقی مێسی بوو، چەندین جار ئەوەی دەوت كە ئەو بۆ ئەوە هاتۆتە بارسیلۆنا تا شان بەشانی ئەو یاریی بكات، بەڵام پاشتر رۆیشت لەبەرئەوەی وەك خۆی وتی: نایەوێت لە سایەی مێسیدا بێت، دەیەوێت هەڵبكەوێت، دەیەوێت یاریزانی نەمبەر وەن بێت، دەیەوێت باڵۆن دۆر بباتەوە، ئەمانەی لەگەڵ مێسی -دا بە نسیب نابێت، بۆیە خۆی و باوكی و زهاڤی بریکاری، پلانی رۆیشتنیان بۆ پاریس دانا.
هاوینی 2017 نەیمار زۆرباش دەیزانی دەچێتە پاریس سانجێرمان، قسەی تەواوی لەگەڵ پاریسییەكان كردبوو، هەموو شتێكیان تەواوكردبوو، بەڵام بۆ گەشتەكەیان بۆ ئەمریكا لەگەڵ بارسا گەشتی كرد، ئەمەش تەنیا لەبەر یەك شت بوو، ئەویش ئەوەبوو بەشی دووەمی پاداشتەكەی وەربگرێت كە لە مەرجی نوێكردنەوەی بۆندەكەیدا بوو کە دەبوو 31/7/2027 وەریبگرتایە، بەمەش ئیدارەی بارسای هەڵخەڵەتاند، هاوڕێكان و یاریزانانی بارسیلۆناشی هەڵخەڵەتاند، لەمانەش خراپتر هاندەرانی یانەكەشی هەڵخەڵەتاند.
یانەی بارسیلۆناش بڕیاریدا ئەو پاداشتەی داوای دەكات نەیداتێ، بۆیە داوای لە دادگا دژی بارسیلۆنا تۆماركرد و داوای پاداشتەكەی دەكرد، دادوەری دادگای شاری بارسیلۆنا، مافی دا بە ئیدارەی بارسا و داواكەی نەیماری رەتكردەوە، نەیماریش وازی نەهێنا و تێهەڵچوونەوەی لە بڕیاركە كرد، لەگەڵ ئەم تێهەڵچوونەوەیەی نەیماردا، دادگا داوای یانەی بارسیلۆنای قبووڵكرد، چونکە نەیمار لەسەر داوای بریكاری باجەكانی كەتەلۆنیا، پێی راگەیەنرا پارەیەكی زۆری باجی لەسەرە و دەبێت بیگێڕێتەوە بۆ یانەكەی، ئیتر ئەم داوایانە لە دادگا تێكەڵاو بوون و كێشە و بگرە و بەردەكان لە دادگا زۆری خایاند، ئێستا پێم بڵێن كەسێك هەیە بڵێ با نەیمار بگەڕێتەوە بارسیلۆنا؟.