فازیل عەبدولمەجید، وەرزشکاری دێرینی کەرکوک

یاریزانی هەڵبژاردەی عیراق و چەندین تیپی ناوداری تر بووە

11:52 - 2025-03-18
وەرزش
64 جار خوێندراوەتەوە

رزگار شوانی 

فازیل عەبدولمەجید، وەرزشکارێکی دێرین و یاریزانێکی نێودەوڵەتی پێشووی کەرکوکە، لە نەتەوەی تورکمانە، ساڵی 1935 لەگەڕەكی چای لە كەركوك لە دایكبووە، هەر لە منداڵییەوە خولیای وەرزش بووە و لە رێگەی حەسەن عەبدولمەجید -ی برایەوە فێری یاریی زۆرانبازی و تۆپی پێ بووە.
لە دیدارێکیدا لەگەڵ ستادیۆم، پێی وتین: ساڵانی1950 تا 1953، بۆ تیپی تۆپی پێی مەعاریف- پەروەردەی كەركوك یارییم کردووە، لەبەرئەوەی ئاستێکی باشم هەبوو، ساڵی 1953 لەگەڵ عادل عەبدوڵڵا و فرێش خورین، بۆ هەڵبژاردەی مەعاریف -ی عیراق هەڵبژێردراوم، پاشان بۆ كۆمپانیای نەوتی كەركوك و فیرقەی دوو -ی سەربازی یاریم دەکرد.
23/1/1956 گواسترامەوە بۆ شاری بەغدا، لەوێ بۆ تیپی (مصلحة نقل الركاب) یارییم كردووە، كە ئەوسا ئەو تیپە یەکێک بوو لە باشترین تیپەکانی بەغدا، دواتریش بۆ هەڵبژاردەی تۆپی پێی عیراق هەڵبژێردراوم، لەخولی جامی وڵاتانی ئاسیا بەشداریمکرد کە لە تاران بەڕێوەچوو، لەو خولەدا بەرامبەر(هیندستان و پاكستان و سوریا و ئێران و توركیا) یاریمان کرد.
ساڵی 1957 وەك یاریزانی سەرەكیی هەڵبژاردەی عیراق لە خولی وڵاتانی عەرەبیدا بەشداریم کردووە كە لە بەیروت بەڕێوەچوو، بەمشێوەیە وەک  یەكێك لە یاریزانە باشەكانی هەڵبژاردەی عیراق لە (40) یاریی نێودەوڵەتیدا بەشدارییم کردووە.
سەبارەت بە وازهێنانیشی لە یارییکردن پێی راگەیاندین: پاش ماوەیەکی زۆر لە بواری یارییکردندا، دواتر بڕیاری وازهێنانی لە یارییکردن داوە، بەڵام لە خزمەتی یاریی تۆپی پێدا بەردەوام بووە، پاش ئەوەی چەند بڕوانامەیەکی راهێنانی لە عیراق و دەرەوەی عیراق بەدەستهێناوە، ئیدی دەستیکردووە بە کاری راهێنەریی.
  هەروەها وتی: یەكەم تیپی تۆپی پێ كە بووم بە راهێنەری تیپی (مصلحة نقل الركاب) بوو، بۆ ماوەی دوو ساڵ 1968 و 1969 راهێنەریان بووم، ساڵی 1970 وەك فەرمانبەر لە (مصلحة نقل الركاب) گواسترامەوە بۆ وەزارەتی لاوان لە بەغدا، لەوێش ئەركی راهێنەریی تیپی مەڵبەندی لاوانی كازمییەم وەرگرت، دواتر بووم بە راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی بەغدا، لەگەڵ ئەو تیپە توانیمان پلەی یەكەم لە خولی كۆماریی هەڵبژاردەی شارەکانی عیراقدا بەدەستبهێنین.
دواجار ساڵی 1974 تا ساڵی 1980، بووم بە راهێنەری هەڵبژاردەی کەركوك، دوای پرۆسەی ئازادیی عیراقیش بۆ ماوەی چوار ساڵ راهێنەری یانەی سەورە بووم، بۆ ماوەی دوو ساڵیش راهێنەری تیپی یانەی كەركوك بووم و ئێستاش وەرزش لە رۆحمدایە و ناتوانم وازی لێبهێنم.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان