راپۆرتی/ ئارۆ سامان
پارێزگاری دیالە جەخت لە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی گرنگ لە سنووری پارێزگاكەدا دەكاتەوە، كە تیایدا گرنگیی زۆر بە پرۆژەکانی كەرتی تەندروستی دراوە و تواناكانی ئەو كەرتە چەند هێندە زیاتر دەکرێن.
عەدنان شەممەری پارێزگاری دیالە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئیدارەی خۆجێی لە یەكەم رۆژەوە دەستیكردووە بە پرۆژەی خزمەتگوزاری بەرفراوان لە كەرتی رێگەوبان و پردەكاندا، جگە لە بەهێزكردنی كەرتی تەندروستی.
پرۆژەکانی دیالە
وتیشی: توانای نەخۆشخانەكان لە پارێزگاكەدا روو لە زیادبوون بووە لە 1500 قەرەوێڵەوە بۆ 3500 قەرەوێڵە، جگە لە دانانی بەردی بناغەی پێنج نەخۆشخانەی نوێ، ئەمە هەوڵێكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی توانا تەندروستییەكان.
باسی لەوەشكرد: حكومەت بڕی 130 ملیار دیناری تەرخانكردووە بۆ پاڵپشتیكردنی پەرەپێدانی دوو دەروازەی سنووریی لە پارێزگاكەدا و دیزاینی مۆدێرن بۆ ئەم کارە ئامادەكراوە.
عەدنان شەممەری دەڵێت: گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا تایبەتمەندەكانی راوێژکاری بە پاڵپشتی راستەوخۆی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی حكومەت ئیمزا كراوە، بە ئامانجی بەرزكردنەوەی جوڵەی بازرگانی و ئاسانكاریكردنی كارەكانی ترانزێت لە رێگەی ئەو دەروازانەوە. سەبارەت بە دۆخی ئاو و كشتوكاڵ پارێزگاری دیالە رایگەیاند: كۆمەڵێك بەنداو لە پارێزگاكەدا بوونیان هەیە، كە دیارترینیان بریتین لە بەنداوەکانی حەمرین و ئەڵوەند، بەنداوی حەمرین بە یەكێك لە گرنگترین سەرچاوەكانی عەمباركردنی ئاو دادەنرێت، ئەمساڵیش پاش جێبەجێكردنی پلانی كشتوكاڵیی لە بەنداوی حەمرین یەك ملیار و 550 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە، هەروەها ئاوی بەنداوەكە بۆ ئاودێریكردنی ناوچە كشتوكاڵییە گەورەكان لە پارێزگاكەدا بەكاردەهێنرێت.
خانەقین لە كوێی پرۆژەکاندایە؟
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پرۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی پێشكەش بە لایەنی بەرپرس کردووە و لە وەزارەتەوە رەزامەندی لەسەر دروستکردنی دراوە.
سوزان مەنسور بۆ كوردستانی نوێ وتی: كێشەی کەرتی تەندروستی لە شاری خانەقین هەیە، بینای نەخۆشخانەی گشتیی شارەكە زیاتر لە 60 ساڵ تەمەنیەتی، لە کاتێكدا شارەكە ژمارەی دانیشتوانی زۆربووە.
وتیشی: دووسایدكردنی رێگەی خانەقین - كەلار رەزامەندی لەسەر دراوە، جگە لە جێبەجێ کردنی هەندێک پرۆژەی دیکە لە بوارەکانی ئاو، کارەبا و رێگەوباندا.
قایمقامی قەزای خانەقینیش لە خەمی شارەکەدایە و لە پلانیدایە رەزامەندی بۆ جێبەجێکردنی زۆرترین پرۆژە بەدەست بهێنێت.
جواد فەیزوڵڵا قایمقامی خانەقین بۆ كوردستانی نوێ وتی: لە سەردانماندا بۆ لای پارێزگاری دیالە رەزامەندیداوە لەسەر پرۆژەی كۆنكرێتكردنی گەڕەكەكانی خانەقین، هەروەها پلانمان هەیە بۆ جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی دیکە لە بوارەکانی كردنەوەی پارك و دروستكردنی چەند خوێندنگەیەك.
ئاماژەی بەوەشکرد: پرۆژەكانمان درێژخایەنن و پێویستی بە كاتە، بەڵام بە تەواوبوونی كاریگەری دەبێت لەسەر ئاوەدانكردنەوەی زیاتری شاری خانەقین.