راپۆرتی : ئه‌یاز هه‌ركی
بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسیی رۆژئاوای کوردستان دەڵێن پێویستە هەموو پێکهاتەکانی سوریا لە حکومەتی نوێی ئەو وڵاتەدا شوێن و رۆڵی خۆیان هه‌بێت و پێشیانوایە پشتگوێخستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی سوریا لە (راگه‌یاندنی دەستووری کاتیی نوێی سوریا)دا و پاشگه‌زبوونه‌وه له مافەکانی گه‌لی کورد کە لە رێککەوتننامه‌ی نێوان مه‌زڵوم عەبدی و ئه‌حمه‌د شەرع -دا هاتووە، سوریا بەرەو سیستمێکی دیکتاتۆریی دیکەی ره‌هاو مه‌ترسیدار دەبات.
هۆشەنگ دەروێش: راگه‌یاندنی دەستووری كاتیی سوریا لەگەڵ رێککەوتننامه‌کەی نێوان مه‌زڵوم عەبدی و ئه‌حمه‌د شەرع دا ناگونجێت و جیاوازیی زۆریان هه‌یه، چونکە باسی کورد و هیچ پێکهاتەیەکی دیکەی سوریا نەکراوە
رێککەوتنەکە و دەستوورەکە جیاوازن
له‌وباره‌یه‌شەوه هۆشه‌نگ ده‌روێش نوێنه‌ری ئه‌نجوومه‌نی سوریای دیموكرات له هه‌رێمی كوردستان به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: لە یەکەم دیداری نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم کۆبانێ -دا، لێکتێگەیشتن و رێککەوتن لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ و سەرەکی کرابوو، وەک: پاراستنی خاک و سەروەریی ده‌وڵه‌تی سوریا و به‌شداریپێكردنی هەموو پێکهاتەکان، شوێن و رۆڵی خۆیان هەبێت لە حکومەتی نوێی سوریا و دۆسێی ئاسایشی نیشتمانی، به‌تایبه‌تی جموجۆڵی داعش و پەنابەرانی کەمپی هۆل کە پێکهاتوون لە خێزانەکانی داعش. هه‌روه‌ها پاراستنی سنوورەکان و فڕۆکەخانەی قامیشلۆ، دۆسێی نەوت و غاز. وتیشی: بێگومان دانوستان و لێکتێگەیشتنی باش لەسەر ئەم خاڵانە هه‌بوون، هەروەها بۆ لێكتێگەیشتن و رێککەوتن لەسەر خاڵەکانی دیکە.
کورد و پێکهاتەکانی تر لەکوێی دەستوورەکەدان؟
وتیشی: بەڵام راگه‌یاندنی دەستووری كاتیی سوریا لەگەڵ رێککەوتننامه‌کەی نێوان مه‌زڵوم عەبدی و ئه‌حمه‌د شەرع دا ناگونجێت و جیاوازیی زۆریان هه‌یه، چونکە باسی کورد و هیچ پێکهاتەیەکی دیکەی سوریا نەکراوە، دەستووری ئێستای حکومەتی سوریا كه تاکلایەنە راگەیەندراوه، هه‌مان دەستووری رژێمی بەعسە و ناوی سوریا به كۆماری عه‌ره‌بی سوریا هاتووه. هاوكات زۆربەی دەسەڵاتەکانیش لەدەستی سەرۆک کۆماردایە و ئەمەش ئەگەری ئەوەی زۆرە دیکتاتۆرییەتێکی رەها دروستبکات و سوریا بەرەو قۆناغێکی مه‌ترسیدارتر بڕوات و وڵات بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ چوارگۆشەی یەکەم.
دەروێش لە درێژەی قسەکانیدا روونیشیکردەوە کە وڵات وابڕوات به‌ره‌و نائارامی دەچێت و شەڕی ناوخۆ بەدوور نازانین، ئەمەش دەبێتە هۆی پارچە پارچەبوونی سوریا لەڕووی جوگرافی و چەکدارییەوە.
هه‌روه‌ها دەڵێت: ئەندامانی لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی دەستووری كاتیی سوریا، خاوه‌نی یه‌ك ئایدیۆلۆژیا و یەک ئایین و تەنانەت یەک مه‌زهه‌بیشن. بەداخەوە لە لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی ئەو (دەستوورە)ی سوریادا هیچ ئەندامێکی کورد و دروز و عەلەوی و مەسیحی تێدا نه‌بووە. بۆیە ئەم دەستوورە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکانی سوریا ناکات و تەنها نوێنەرایەتی رەوتێكی ئیسلامیی سوننە مەزهەب دەکات.
کاردانەوەی کورد و دروزەکان
دوای راگەیاندنی دەستوورەکەش لە هەموو شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندان کرا دژی پڕۆژە ده‌ستووره‌كه و هه‌روه‌ها هەڵوێستی ئیدارەی خۆسه‌ری باکوور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا و ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و لایەنە کوردییەکانی دیکەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو راگەیاندنە دەستوورییە بەدیکرا و زیاتر لە 100 كه‌سایه‌تی و پیاوی ئایینی لەپێكهاته‌ی دروز وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر دەستوورەکە چوونەته ناو خاكی ئیسرائیل و داوای پشتیوانی و پاراستنیان له ئیسرائیل کرد.
هەر له‌وباره‌یه‌شەوه ئه‌حمه‌د سلێمان، جێگری سكرتێری پارتی پێشكه‌وتنخوازی كورد لە سوریا و شاره‌زا له كاروباری ناوخۆی سوریا ده‌ڵێت: رێککەوتنی نێوان عەبدی و شەرع زۆر گرنگ بوو، بەتایبەتی بۆ لابردنی ئەو مەترسییانەی لەسەر ناوچە کوردنشینه‌كانی باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا هەبوون، چونکە خاڵی گرنگ لە رێککەوتنەکەدا هه‌یە به‌تایبه‌تی بۆ ئاشتیی ناوخۆیی و پاراستنی ناوچەکە بە گشتی و جێبه‌جێكردنی رێكکه‌وتنه‌كه هەنگاوێکی باش دەبێت بۆ پێشخستنی پرۆسەی سیاسی لە سوریا و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان به‌گشتی.
ئەحمەد سلێمان: ئەم دەستوورە لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای رەوتێكی دیاریکراو نووسراوە کە سوریا بە یه‌ك ره‌نگ دەبینێت، ئەمەش نابێتە هۆی پاراستنی یەکڕیزیی و یەکپارچەیی گەل و خاکی سوریا
پێچەوانەی رێککەوتنەکەی شامە
بەڵام ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت: راگەیاندنی دەستووری کاتی سوریا به‌شێوەیەکی تاکلایانە، پێچەوانەی رێککەوتننامه‌ی شامه لەگەڵ کورد، بۆیە هەموو پێکهاتەکانی سوریا به‌گشتی ناڕازین و دژی ئەو راگەیاندنە دەستوورییە هه‌ڵوێستیان هه‌بوو و خۆپیشاندانیان كرد.
وتیشی: دەبێت دەستوور دان بە هه‌بوونی هه‌موو پێکهاتەکانی سوریادا بنێت و مافەکانیان زامن بكات، چونکە سوریا وڵاتێکی فرە پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییە، بەڵام به‌پێی ئه‌و ده‌ستووره، وڵاتەکە بەرەو سیستمێكی دیکتاتۆری، شۆڤێنی و تایفیی یەک ئاراستە هەنگاو دەنێت. بەپێی ئەو راگەیاندنە دەستوورییە، هەموو دەسەڵاتەکان بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەدەست سەرۆک کۆمارەوه ده‌بێت و ئه‌مه كارێكی زۆر خراپە.
شەرع و شام بەرپرسیار دەبن لەوەی هەرچییەک رووبدات
ئه‌حمه‌د سلێمان وتیشی: پێموایە رێککەوتنی نێوان عەبدی و شەرع پارێزراو ده‌بێت، چونکە بەرژەوەندیی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەگشتی ده‌پارێزێت.
وتیشی: بێگومان ئەم دەستوورە لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای رەوتێكی دیاریکراو نووسراوە کە سوریا بە یه‌ك ره‌نگ دەبینێت، کاتێک گەلانی سوریا و پێکهاتە جیاوازەکان به‌گشتی جێگەی خۆیان لە دەستووردا نەبێت و بەشداریی كارایان نه‌بێت لە حوکمڕانیدا، ئەمە نابێتە هۆی پاراستنی یەکڕیزیی ناوخۆی سوریا. بەمەش دەسەڵاتدارانی شام ده‌بنه هۆكاری دابەشبوونی وڵاتەکە.
روونیشیکردەوە کە چوونی چەند کەسایەتییەکی ئایینی لە پێکهاتەی دروز بۆ ئیسرائیل، وەڵامێکی سەرەتاییە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێستای شام و ئەوان بەرپرسیار دەبن لەهەرچییەک لە ئایندەدا رووبدات، هەر لە دابەشبوونی وڵاتەکەوە بگرە تا نەپاراستنی یەکڕیزیی گەل و خاکی سوریا.