لە کوردستانی نوێ -وە بۆ بەرچاوی لێپرسراوان

کێشە و داواکاریی هاووڵاتیان

11:53 - 2025-03-20
ڕاپۆرت
152 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ئامانجی راستەوخۆ گەیاندنی بۆ بەرچاوی لێپرسراوان و چارەسەرکردنی.

 

ئامادەکردنی/ محەمەد رەزا

 

شەقامێكی دووساید لە زەرگەتەی كۆن چاككردنی دەوێت

ئەگەرچی گەڕەكی زەرگەتەی كۆن تاڕادەیەك وەك زۆربەی شوێنەكانی دیکەی شاری سلێمانی خزمەتگوزاری بۆ كراوە، بەڵام دانیشتوانەکەی گلەییان لە خراپی شەقامێکی دووساید هەیە.
دوكاندارەكانی گەڕەكی زەرگەتەی كۆن بۆ كوردستانی نوێ وتیان: ئەو شەقامە دووسایدەی لە گەڕەکی زەرگەتەی کۆنەوە درێژ دەبێتەوە‌ بۆ پشتی ئاڵتون و مزگەوتی چەرمەگایەكان چاڵ و تاسەی زۆری تێدایە و داوا لە شارەوانی دەکەین چاکی بکات.



شەقامێكی دووساید لە زەرگەتەی كۆن

 

 

گوندی سەرمۆرد خەریكە بە تەواوی چۆڵ دەبێت

گوندی سەرمۆرد لە دوای راپەڕین 90 ماڵی تێدا بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی كەمیی خزمەتگوزارییەوە تەنها نۆ ماڵی تێدا ماوە.
ناسر سەرمۆردی دانیشتووی گوند بۆ كوردستانی نوێ‌ وتی: شەقامی سەرەكی گوندەكە و هەموو کۆڵانەکانیشی خۆڵە و داوای قیرتاوکردنی دەکەین. 
وتیشی: پرۆژەی ئاومان نییە، قوتابخانەمان نییە و داوای دابینکردنیان لە لایەنی بەرپرس دەکەین بۆ ئەوەی گوندەکەمان بە تەواویی چۆڵ نەبێت.

رێگەی سەرەکی گوندی سەرمۆرد

 

 

وێنە و توانج

لە قەزای کفری سەر رێگەی سەرەكی ناحیەکانی ئاوەسپی - سەنگاو، ماوەی حەوت مانگە ئۆتۆمبێل خۆی کێشاوە بە ستوونێکی کارەبادا و بەهۆیەوە ستوونەکە خوار بووە، ستوونەکە هێڵی کارەبای هەشت گوندی لەسەرە، داوا لە لایەنی بەرپرس دەکەین ستوونی کارەباکە بگۆڕن لەبەرئەوەی لە ئەگەری کەوتنیدا کارەساتی لێ دەکەوێتەوە و کارەبای هەشت گوندیش دەبڕێت.

کفری، رێگەی سەرەكی ناحیەکانی ئاوەسپی - سەنگاو

 

 داواكارییەکانی گوندنشینانی كانی بەردینە

گوندی كانی بەردینەی دۆڵەڕووت 470 ماڵی تێدایە، لە ماستەرپلانی شارەوانیدا بووەتە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری سلێمانی و پێویستیان بە خزمەتگوزارییە.
دانیشتوانی گوندی كانی بەردینە بۆ کوردستانی نوێ وتیان: پرۆژەی ئاوی گوندەكە بچووکە، سەرەتا بۆ 60 ماڵ دروستکراوە، بەڵام ئێستا ژمارەی ماڵەکان زۆر زیادی کردووە و بەشێک لە گوندنشینان بە تانکەر ئاو دەکڕن.
وتیشیان: كارەبای گوندەكە زۆر خراپە ئەو عامودانە دانراون زۆربەیان كەوتوونەتە سەر رێگەی گوندەكە و پێویستە لاببرێن، زۆربەی تەلی كارەباكان بە سەربانی ماڵەكاندا راكێشراون و مەترسی کارەساتی هەیە، هەروەها داوا دەکەین لایەنی بەرپرس محەویلەیەکمان بۆ دابین بکات.
دانیشتوانی گوندی كانی بەردینە دەڵێن: بنكەی تەندروستیمان نییە، قوتابخانەكەشمان بیناكەی زۆر كۆنە و زیاتر لە 750 خوێندکار تیایدا دەخوێنن، لەبەر بچووكی خوێندکارانی پێنج پۆل لە كابینەدا وانە دەخوێنن لەبەرئەوە پێویستمان بە دروستکردنی قوتابخانەیەكی گەورەیە، هەروەها هەموو کۆڵانەکانی گوند گڵە و داوای قیرتاوکردنی دەکەین.

گوندی كانی بەردینەی دۆڵەڕووت

 

گوندنشینانی کەڵەکن داوای خزمەتگوزاری دەکەن

گوندی كەڵەكن لە ماستەرپلانی شارەوانیدا بووە بە یەكێك لە گەڕەكەكانی سلێمانی، دانیشتوانەکەی داوا دەکەن خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکرێت.
مستەفا خاڵەحسێن دانیشتووی کەڵەکن بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئەوەی داوای دەکەین مافی سەرەتایی هەر هاووڵاتییەکە و داوا لە لایەنی بەرپرس دەکەین بۆمان جێبەجێ بکات، گوندەکەمان هێڵی ئاوەڕۆی نییە، کۆڵانەکانی کەڵەکن گڵە و داوای قیرتاوکردنی دەکەین، خانووەکانمان بێ تاپۆن و داوای تاپۆکردنیان دەکەین بە نرخێکی گونجاو.
 وتیشی: دوو جار زەوی بۆ دروستکردنی خوێندنگەیەكی گەورە دابینکراوە و تائێستا دروست نەکراوە، لەگەڵ دروستکردنی دایەنگە و باخچە، هەروەها داواکارین ناوی گەڕەک و کۆڵانەکانمان بکرێت بە ناوی شەهیدەکانمانەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: داواكارین لەوە زیاتر رێگەنەدرێت كۆمپانیاكان سنوورەكەمان بچووك بكەنەوە، هەروەها خاوەنی ئەو زەوییانە قەرەبوو بکرێنەوە کە لە بەینی قەیوان و حكومەتدا یەكلانەكراونەتەوە.

گوندی كەڵەكن لە سلێمانی

 

ناڕەزایی دانیشتوانی ئەوبەرییەكان لە كفری

 

دوو گەڕەكی ئەوبەرییەكان لە قەزای كفری، زیاتر لە 150 ماڵی تێدایە و داوای خزمەتگوزاری دەکەن.
ئەحمەد محەمەد دانیشتووی ئەوبەرییەکان بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئەم گەڕەكە سەرلەنوێ‌ خانووەكانی لەلایەن خەڵكەوە دروستكراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەی ناوچەیەكی گەشتیارییە، بەڵام هیچ خزمەتگوزارییەكی بۆ نەکراوە و هێڵی ئاو و ئاوەڕۆی نییە.
وتیشی: قوتابخانەی گەڕەکەکە پێویستی بە تازەکردنەوەیە، پێویستمان بە دروستکردنی بنکەی تەندروستییە لەگەڵ گۆڕەپانێکی تارتان، هەروەها کۆڵانی ئەوبەرییەكان پێویستی بە چاککردن و قیرتاوکردنە.



 گەڕەكی ئەوبەرییەكان لە قەزای كفری









بابەتە پەیوەندیدارەکان