رەوەند مەلا مەحمود: راپەڕین ئیرادەی میللەتی كورد بوو دژ بە رژێمی بەعس

12:11 - 2025-03-20
ڕاپۆرت
134 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد


راپەڕین، بەهەموو بنەما و پەیڕەو و ئامانجەكانی لەهەر شوێنێك كە روودەدات، وەرچەرخانێكە بەمەبەستی گۆڕینی ئەو سیستمەی لە رابردوودا هەبووەو حوكمی پێكراوەو كۆمەڵگەی چەوساندۆتەوە، راپەڕینی ساڵی 1991ی شاری كەركوكیش دەرهاویشتەی كۆمەڵێك هۆكاری ستراتیژی ‌و سیاسی ‌و سەربازییە، كە كورد دەمێك بوو خەباتی دەكرد بەتایبەت مافە رەواكانی گەلی كورد.
راپەڕینی ساڵی 1991، هەنگاوێكی بوێرانە بوو كە سەركردایەتی كورد و هێزە چەكدارەكانی لە چوارچێوەی پێشمەرگەدا باری سیاسی بەعس بقۆزنەوە و راپەڕینێكی گەورەی سەرتاسەری رابگەیەنن.
بەرەبەیانی رۆژی 19 لەسەر 20ی ئاداری ساڵی 1991، بە پلانی بەرەی كوردستانی توانرا نەخشەرێگەیەكی تۆكمە دابڕێژرێت بۆ رزگاركردنی شاری كەركوك، كە نە لە خەیاڵی رژێمی بەعس ‌و نە شارەزایانی بواری سەربازیش باوەڕیان دەكرد بەو شێوە سەركەوتووە كەركوك ئازاد بكرێت.

ئاسۆ مامەند بۆ  کوردستانی نوێ  :
ئیرادەی خەڵك ‌و جەماوەری كەركوك ‌و هێزی پێشمەرگە، هەموو ئەو تەلیسمانەی تێكشكاند و بۆ هەمووانی ئاشكرا كرد كە هیچ گەلێك دەستبەرداری خاك ‌و نیشتمانیی خۆی نابێت

ئازادكردنی كەركوك لە نەورۆزدا
كەركوك، بە پشتیوانی هێزی پێشمەرگە و راپەڕینی خەڵكەكەی ئازادكرا،  لە بارەی ساڵڕۆژی ئازادكردنی شارەكە لە نەورۆزدا، ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری كەركوك – سەڵاحەدینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە رێگەی كوردستانی نوێوە پەیامێك بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت: كوردستانیانی خۆشەویست، دانیشتوانی خۆڕاگری كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، پێشەكی بە بۆنەی هاتنەوەی یادەكانیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردیی و 37مین ساڵڕۆژی رزگاركردنی كەركوكی قودسی كوردستان، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی كورد بە گشتی و كوردانیی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان بە تایبەتی دەكەم، بە ئومێدم میللەتەكەمان ئەم یاد و بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییانە لە كەشێكی ئارامدا بكەنەوە.
ئاسۆ مامەند هەروەها دەڵێ: لە ئاداری ئەم ساڵدا، یادی 37مین ساڵڕۆژی ئازادكردنی كەركوكی قودسی كوردستان دەكەینەوە، كە بۆ یەكەمین جار لە مێژووی گەلەكەمانداو لە ئاكامی راپەڕینی ساڵی 1991دا، ئەو شارە دێرینەی كوردستان، بە پشتیوانی هێزی پێشمەرگە و راپەڕینی كۆمەڵانی خەڵك ئازادكرا.
روونیشیكردەوەو وتی: ئێوارەی نەورۆز جەماوەری راپەڕین و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان، ئاهەنگی سەركەوتنی راپەڕین و رزگاری كەركوك و جەژنی نەورۆزیان لە كەركوكی كوردستانیی گێڕا. بە رزگاركردنی كەركوك، راپەڕینی 5ی ئادار، گەیشتە قۆناغی سەركەوتن و سەرفرازیی میللەتەكەمان و تیایدا؛ گەلەكەمان دڕەندەترین حوكمڕانی سەدەی بیستەمیان راماڵی.

لە سایەی پارێزگارێكی هەڵبژێردراودا
سەرپەرشتیاری كەركوك – سەڵاحەدینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەروەها دەڵێت: هاووڵاتییانی خۆشەویستی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، لە كاتێكدا ئەمساڵ یادی 37 ساڵەی راپەڕین و ئازادكردنی كەركوك دەكەینەوە، لە ئێستادا میللەتەكەمان لە سایەی ئیدارەیەكی هاوبەش و پارێزگارێكی هەڵبژێردراودا پێكەوە لەگەڵ نەتەوە و پێكهاتەكانی تردا بە ئاسوودەیی و سەقامگیری دەژین و بەبێ جیاوازیی، ئەم ئیدارە هاوبەشە خزمەت بە هەموو پێكهاتەكانی كەركوك دەكات و پرۆژەی خزمەتگوزاریی دەگەیەنێتە هەموو شوێنەكانی پارێزگاكە، لە كۆتاییدا سڵاوی رێز و وەفا بۆ گیانی پاكی شەهیدانی راپەڕین و ئازادكردنی كەركوك و تەواوی شەهیدانی گەلەكەمان دەنێرین.

راپەڕین ئیرادەی میللەتی كورد بوو
سەبارەت بە راپەینی بەهاری ساڵی 1991، رەوەند مەلا مەحمود ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی دووی كەركوكی (ی.ن.ك)، بە كوردستانی نوێ- ی راگەیاند: راپەرین شكۆی ئەو میللەتە بوو، كە بەدرێژایی مێژوو لە عیراقدا تووشی چەوسانەوەی قورس بوبوو، راپەڕین ئیرادەیەكی بەهێزی میللەتی كورد بوو، كە هاوشانی بەرەی كوردستانی ‌و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە بەرنامەكەیان بۆ داڕشتبوو راگەینرا، لە راپەریندا ئەوەش سەلمێنرا، كە كەركوك خاكی كوردستان و كوردە و لێی زەوتكراوە، بۆیە راپەڕین وەرچەرخانێكی گەورە بوو لە مێژووی میللەتی كورددا.

پێش راپەڕین گەنجێكی زۆریان شەهیدكرد
 لێپرسراوی مەڵبەندی دووی كەركوك، وتیشی: رژێمی داگیركەری عیراق، پێی وابوو كە لە سەرجەم شارەكانی عیراق ‌و كوردستاندا راپەرین بكرێت، نا بێت لە شاری كەركوك بكرێت و سەربگرێت، ئەو سەردەمە رێكخستنەكانمان لەناو شار زانیارییان بۆ دەهێناین، یەكێك لەو زانیارییانە ئەوە بوو، كە پێش ئەنجامدانی راپەڕین بەشێكی زۆری گەنجانی كەركوك لەلایەن عەلی حەسەن مەجیدەوە كە بە عەلی كیمیایی ناسراوە دەستگیركران، دواتر كۆمەڵە گەنجێكیش لە گەڕەكی شۆریجە بە بەرچاوی دانیشتوانی ئەو گەڕەكەوە شەهیدكران، ئەم كارە قێزەونەش بۆ ئەوە بوو، كە بە خەڵك بڵێن ئەوەی راپەڕین بكات، ئەنجامەكەی ئەمە دەبێت، بەڵام ئیرادەی خەڵك ‌و جەماوەری كەركوك ‌و هێزی پێشمەرگە، ئەم هەموو تەلیسمانەی تێكشكاند و بۆ هەمووانی ئاشكرا كرد كە هیچ گەلێك دەستبەرداری خاك ‌و نیشتمانیی خۆی نابێت.
رەوەند مەلا مەحمود باسی لەوەشكرد و وتی: راستە، ئێستا لە دوای ئەو هەموو ساڵەی راپەڕین، حكومڕانی كورد كەلێنی تێكەوتووە و نەیتوانیوە لە ئاستی پێداویستییەكانی خەڵكی كەركوك ‌و خەڵكی كوردستاندا بێت، ئەمەش بۆ خۆی كارێكی باش نییە.


رەوەند مەلا مەحمود بۆ   کوردستانی نوێ  :
دوای راپەڕین هەموو ئەو شوێنانە ئازادكران ‌و خەڵكەكەی گەڕانەوە شوێنەكانی خۆیان، ئەمەش دەستكەوت بوو. بەگشتیی راپەڕین رۆحی كوردایەتی بەهێزكردەوە

خوێندنەوەی واقیعی بۆ راپەڕین بكرێت
 ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی هەروەها دەڵێت: گەر خوێندنەوەیەكی واقیعانە بۆ راپەڕین بكرێت، ئەوا واتای زیندوكردنەوەی كورد و ئاسەوارەكەیەتی، چونكە گەر بێتو رۆژگاری پێش راپەڕین بێنیتە پێش چاوی خۆت، (قەزایەك، ناحییەك، گوندێك ‌و كانیاوێك..هتد) لەم كوردستانە نەمابوو، هەر هەمووی خاپور كرابوو، بۆیە لە دوای راپەڕین ئەو هەموو شوێنانە ئازادكران ‌و خەڵكەكەی گەڕانەوە شوێنەكانی خۆیان ئەمەش دەستكەوتی راپەڕینە. بەگشتیی راپەڕین رۆحی كوردایەتی بەهێزكردەوە، لەبەر ئەوە شایەنی ئەوەیە هەموومان شانازی پێوە بكەین.

كۆڕەو وەرچەرخانی مێژوویی بوو
رەوەند مەلا مەحمود ئاماژەی بەوەشكرد: كۆڕەو لەدوای راپەڕینیش واتایەكی گرنگی هەیە، ئێمەی كورد هێشتا نەمانتوانیوە وەسفی تەواوی بكەین، چونكە كۆڕەو رەتكردنەوەی حوكمی رژێمی بەعس بوو، ئەمەش وەرچەرخانێكی گرنگە لە مێژووی كورددا، بەڵام بەداخەوە نەمانتوایوە بە باشی مامەڵەی لەگەڵدا بكەین، بۆیە دەبینین دەوڵەتە زلهێزەكان دێنەسەر هێڵ ‌و هێڵی دڵنیایی دەدەن، چونكە لەوە تێدەگەن كە چیتر كورد ناتوانێت لەژێر دەستی بەعسدا بژی، بەڵام لەگەڵ ئەوەی كوردی كەركوك و ناوچە جێ ناكۆكەكان دەیانزانی نەهامەتی دەچێژن، گەڕانەوە سەر زێدی خۆیان، چونكە گەر نەگەڕانایەتەوە، ئەوا پرۆسەی تەعریب بە ئاسانی جێبەجێ دەكراو ئەو كات كەركوك لە دەستی كورد دەردەچوو، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی راپەڕین و رێگەی رزگاری دائەنوێنین، چونكە لەو رۆژەدا زیاتر لە 350 هاووڵاتی و پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شەهیدبوون.

مونەزەمەكەی ئیسكان چۆن گیرا؟
كەریم شەریف، دانیشتووی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوك سەبارەت بە راپەڕین و گرتنی مونەزەمەكەی ئیسكان بە كوردستانی نوێی راگەیاند، هەر ئەوەندە گوێبیستی هاتنی هێزەكانی پێشمەرگە بووین، لەگەڵ چەند هاوڕێیەكەم نزیكەی كاتژمێر 9ی سەر لەبەیانی، هێرشمان كردەسەر مونەزەمەكەی گەڕەكی ئیسكان، كە ئێستا شوێنی كەناڵی ئاسمانیی كەركوكە، دەستمان كرد بەتەقەكردن ‌و دوای چەند كاتژمێرێك روبەڕووبوونەوە لەگەڵ پیاوانی بەعس، سەرجەم ئەو بەعسییە توندڕەوانە لەو شوێنە كوژران ‌و دەستبەسەر مونەزمەكەشدا گیرا.

پولێك پێشمەرگە گەیشتنە رەحیماوا
 حەمە سەعید عەلی، دانیشتووی گەڕەكی رەحیماوای كەركوك، شایەتحاڵی راپەڕینەكە، دەڵێت، بەرەبەیانی 19 لەسەر 20ی ساڵی 1991، بە پلانێكی تۆكمە لە سێ قۆڵەوە پەلاماری مۆڵگەكانی بەعس لە سنووری پردێ، قەرەهەنجیر، خاڵۆبازیانی درا و لە ماوەیەكی كەمدا، لە قۆڵی قەرەهەنجیر و خاڵۆبازیانی گەیشتنە گەڕەكە كوردییەكانی شار، ئەوە بوو، كاتژمێر چواری بەیانی پولێك پێشمەرگەی تیپی 21ی كەركوك گەیشتنە ناو گەڕەكی رەحیماوا و خەڵكیش بە خۆشی ‌و شادییەوە چۆنە پیری پێشمەرگەكانەوە، هەموو رێكخستنەكان كە چەكیان هەبوو لەگەڵ پێشمەرگەكاندا یەكەم شوێن كە پەلاماریاندا، مونەزەمەی بەعس بوو لە گەڕەكی رەحیماوا و لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا تەواویی مونەزەمەكە دەستی بەسەردا گیرا و لەهەمان كاتیشدا هێرش كرایە سەر بنكەی پۆلیسی رەحیماوا كە ماڵی قازی كۆنە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان