وتەبێژی حكومەت: مانگانە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت

10:50 - 2022-08-03
ئابووری
687 جار خوێندراوەتەوە
#حكومەتی هەرێم نزیكەی 95 ملیار دیناری بۆ جووتیاران خەرج كردووە

ئا: لیا جاف

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت: لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، بڕی پێنج تریلیۆن دینار بۆ دابینكردنی  مووچە تەرخانكراوە و بەهۆی چاكسازیشەوە، مانگانە زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت.
دەشڵێت: «لەو ماوەیەدا، زیاتر لە 136 ملیۆن لیتر گازوایل بۆ وێستگەكانی كارەبا تەرخانكراوە كە بەهاكەی زیاترە لە 116 ملیار دینار».

تەنیا بڕی 400 ملیار دینار
جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینار هەیە، بۆ تەرخانكردنی مووچەی مووچەخۆران و لە ماوەی شەش مانگی رابردووشدا بڕی پێنج تریلیۆن دیناری بۆ دابینكردنی مووچە تەرخانكردووە، لە بەرامبەردا حكومەتی فیدراڵی تەنیا بڕی 400 ملیار دیناری ناردووە، لە كاتێكدا بەپێی رێكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویست بوو مانگانە 200 ملیار دینار بنێرێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، وتەبێژی حكومەت دەڵێت: «پێشتر حكومەتی هەرێم لە داهاتی نەوت مانگانە بڕی 350 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینكردنی مووچە خەرج دەكرد، بەڵام بەهۆی ئەو چاكسازییانەی كە لە كەرتی وزە بە گشتی كراوە، ئێستا مانگانە بڕی 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت».

چالاكی بازرگانی لە هەرێم
رونیشیكردۆتەوە: لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە 136 ملیۆن لیتر گازوایل بۆ وێستگەكانی كارەبا تەرخانكراوە كە بەهاكەی زیاترە لە 116 ملیار دینار.
بەوتەی جووتیار عادل، لە بواری گرێبەستەكانی كۆكردنەوە و چارەسەری خاشاكدا، ژمارەی گرێبەستەكان لە 28 گرێبەستەوە بۆ 32 گرێبەست زیادیكردووە و خەرجی مانگانەی ئەو كۆمپانیایانەی كە گرێبەستیشیان لەگەڵ كراوە، لە 11,8 ملیار دینارەوە كەمكراوەتەوە بۆ 9,6 ملیار دینار.
ئاماژەی بەوەشداوە: لە شەش مانگی رابردوودا، چالاكی بازرگانی لە هەرێم بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە و 494 هێما و مۆڵەتی بازرگانیی دراوەتە كۆمپانیاكان كە داهاتەكەی 601 ملیۆن و 884 هەزار دینار بووە.

ملیۆنێك و 19 هەزار هاوبەشی ئاو
لەبارەی كەرتی كشتوكاڵی و بەتایبەت بەرهەمی گەنمی جووتیاران، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاشكرایكردووە: پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، تەواو بووە و نزیكەی 260 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە كە شایستە داراییەكەی زیاتر بووە لە 220 ملیار دینار و تا ئێستاش نزیكەی 95 ملیار دینار بۆ جووتیاران خەرج كراوە.
لەبارەی پرسی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان، جووتیار عادل وتی: «لە هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 19 هەزار هاوبەشی ئاو لە شارەكاندا هەیە كە پێوەری ئاو بۆ 719 هەزاریان  بەستراوە، هاوكات لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، رۆژانە بڕی (2,6) ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان دابین دەكرێت، بەمەش لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 470 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ هاووڵاتییان دابینكراوە كە تێكڕای خەرجییەكەشی نزیكەی هەشت ملیار دینار بووە، لە كاتێكدا ئەو پارەیەی لە هاووڵاتیان وەردەگیرێتەوە، كەمترە لە نیوەی خەرجی دابینكردنی ئاوەكە كە ئەمەش ئەركی حكومەتە لە بەرامبەر هاووڵاتیاندا».
لەبارەی سێکتەری وەبەرهێنانیش، وتەبێژەکەی حکومەت رایگەیاند: لە شەش مانگی رابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە، 44 پڕۆژەی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا لەسەر رووبەری 768 دۆنم جێبەجێکردووە کە سەرمایەکەیان بریتی بووە لە بڕی 648 ملیۆن و 980 هەزار دۆلار.

سەرچاوە:
www.gov.krd/dmi

بابەتە پەیوەندیدارەکان