كەركوك/ هێمن ئەحمەد
ماوەیەکە بۆری ئاوی سەرەكی گەڕەكی پەنجاعەلی شكاوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كەركوكیش كەمتەرخەمە لەبەرامبەر چاككردنەوەیدا. دانیشتوانی ئەو گەڕەكە لە نیوەی مانگی تەموزدا خۆپیشاندانیان دژی ئەو كەمتەرخەمییەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كەركوك کرد، سەرەڕای ئەوەش لەم وەرزەدا كە پلەكانی گەرما لە نێوان 47 تا 48 پلەیە کێشەی بێ ئاوییان بۆ چارەسەر نەکراوە.
جگە لە گەڕەكی پەنجاعەلی، گەڕەكی كوردستانیش بەهەمان شێوە لەكاتی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئەندەرپاسدا بۆری سەرەكی گەڕەكەكەیان شكاوە و خەڵكەكەش بێئاو بووە، هۆکاری ئەمانەش كەمتەرخەمییەكی بەرچاوی پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كەركوكە، ئەوان كەمتەرخەمن بەرامبەر چاكردنەوەی پڕۆژەكانی ئاو لە شارەكە.
گەڕەكەكە بێئاوە
عەلی حەمید دانیشتوی گەڕەكی پەنجاعەلییە، دەڵێت: ماوەیەكە بەهۆی شكانی بۆری سەرەكی گەڕەكەكەوە تووشی گرفتی بێ ئاوی بوون، چەند جارێك سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و بەرپرسانیان كردووە، بەڵام وەكو پێویست بەهانایانەوە نەهاتوون، بۆیە بڕیاڕی خۆپیشاندانیاندا و بەردەوام دەبن تا داواكارییەكانیان بۆ جێبەجێ دەكەن.
شیاوی خواردنەوە نییە
خاتوو لەیلا كەریم، دانیشتووی گەڕەكی پەنجا عەلییە لە کەرکوک، وتی: تا ئێستا کێشەی بێئاوی گەڕەکەکەمان چارەسەر ناکرێت، جگە لەوەش چەندین جار لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە رامانگەیاندووە كە ئاوی گەڕەكەكەمان لە رووی تەندورستیەوە شیاو نییە و سوێرە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ لایەنێك ئاوڕی جدی لەو بابەتە نەداوەتەوە.
لوقمان خەلیل، لە گەڕەكی كوردستانە (فەیلەق) وتی: لەم وەرزی گەرمایەدا بێئاوی هەراسانی كردووین نازانم بۆ بە شەو ئاو هەیە و بە رۆژ نییە، بەهۆی بێئاوی و كەمی خزمەتگوزارییەوە چەندین خێزان ماڵەكانیان هەرزان فرۆشكردووە و بۆ گەڕەكێكی تر رۆشتوون.
كەمتەرخەمی كۆمپانیاكان
حەمید محەمەد لە گەڕەكی كوردستان دەژی، لەسەر كێشەی شكانی بۆری سەرەكی گەڕەكەكەیان، وتی: ماوەیەكە پارێزگاری كەركوك لەگەڵ بەڕێوەبەراتی شارەوانی كەركوك و بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانكردنەوە سەرقاڵی دروستكردنی پڕۆژەیەكن لەسەر رێگەی سەرەكی گەڕەكی كوردستان، بەڵام لەكاتی جێبەجێ كردنی پڕۆژەكەیاندا بەبێ پاراستنی بۆڕییە سەرەكییەكانی ئاو كە لەم نێوەندەدا تەنیا خەڵكەكە زەرەمەند بوون بۆرییەکانیان شکاندووە، بەرپرسانیش كەمتەرخەمن لە چاكردنەوەی ئەمەش گرفتی بۆ دانیشتوانی گەڕەكەكە درووست كردووە لەم وەرزی هاوینەدا.
حكومەتیش بەدواداچوونی هەیە
هیشام زەنگەنە بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كەركوك، رایگەیاند: دوای ئاگاداركردنەوەمان لەلایەن تیمەكانی شارەوانییەوە كۆمپانیایەك لە كاتی جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكدا لە گەڕەكی پەنجاعەلی بۆری سەرەكی ئاوی گەڕەكەكەی شكاندووە، بۆیە شارەوانی بڕیاریدا بە چاكردنەوەی بۆرییەكە و سزادانی كۆمپانیاكە، لە هەمانكاتدا بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كەركوك بە شێوەیەكی كاتی چەند تەنكەرێكی ئاوی بۆ گەڕەكەكە دابینكردووە تا بۆرییەكە چاکدەکرێتەوە.
دەربارەی گرفتی ئاوی گەڕەكی كوردستان، هیشام زەنگەنە وتیشی: بە هەمان شێوەی گەڕەكی پەنجاعەلی، كۆمپانیایەك لە گەڕەكی كوردستان دیسان بۆرییەكی ئاوی شكاندبوو لەكاتی جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكدا، خەڵكی گەڕەكەكە وێنەیەكی شوێنەكەیان ناردبوو، ئێمەش لەسەر داوای خەڵكەكە سەرقاڵی چاکردنەوەی بۆریەکانین، كۆمپانیاكان لە كاتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكاندا بە هیچ شێوەیەك رەچاوی سەلامەتی بۆرییەكانی ئاو ناكەن، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كەركوك بەدواداچوون بۆ سزادانی سەرپێچیكارانی پڕۆژەكان دەكەین بەتایبەتی پرۆژەكانی ئاو، پێویستە لایەنی پارێزگار چەند مەرجێك بۆ كۆمپانیاكان دابنێن لە كاتی جێبەجێ كردنی ئەو پڕۆژانەدا، هەروەها دەبێت سزا بدرێن یان سەرپەرشتی كاری هەموو پڕۆژەكانیان لەگەڵدا بێت وەكو شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ بۆ ئەوەی ئاگاداری جێبەجێ كردنەكان بن.