مەحمود شێرزاد
ئەهلی هەقیقەت و مەعریفەت، عارفان و یۆگییەکان دەڵێن تاکە پرسیاری راستەقینە کە مرۆڤ دەبێ بیپرسێ و بەدوای وەڵامەکەیدا بگەڕێت، پرسیاریی «من چیم و من کێم»ە، یانی یەک پرسیاری سەرەکیی هەیە، ئەویش پرسیاری «من چیم» یان «من کێم»ە. هەروەها دەڵێن یەک وەڵامدەر و یەک وەڵامیش هەیە. بەڵام ئەوەی زۆر سەرسوڕهێنەرە ئەوەیە دەڵێن کەسەکە دەبێ ئەم پرسیارە لە خۆی بکات نەک لە خەڵکیتر، چونکە وەڵامە راستەقینەکەش هەر لە بنەڕەتی خۆیدایە نەک لە دەرەوەی خۆی، یانی وەڵامە راستەقینەکە لە کتێبەکان و لای کەسەکانیتر و لای زانست و دینەکان و...هتد نیە، راستە ئەوان ئەگەر کتێب و مامۆستا و زانست و دینی راستەقینە بن دەتوانن رێنیشاندەر و یارمەتیدەرت بن تا خۆت بناسیت و بزانیت تۆ چیت و تۆ کێی، بەڵام ئەوان هەرچەندیش راستەقینە بن و هەرچەندیش هەوڵت بۆ بدەن دیسانیش ناتوانن «تۆ» بە «تۆ» بناسێنن، ئەوان تەنیا و لە باشترین حاڵەتدا دەتوانن کەرەستەیەکی یارمەتیدەر بن لەم بوارەدا، کەواتە تۆ دەبێ خۆت، بەڵام بەیارمەتی ئەشق، بەیارمەتی چرایەک، واتە ئوستادێکی چ ناوەکیی و چ دەرەکی، هەوڵ بۆ ناسینی خۆت بدەیت، ئەو هەوڵەش ئەگەر لە ژێر دەستی مامۆستایەکی راستەقینەدا بێ، زۆر ئاسان و چێژبەخش و هەقیقی دەبێت.
هەر سێکیان وەهمن!
ئەو کەسەی پرسیار دەکا و پرسیار و وەڵامەکە هەرسێکیان هەر یەکن، بەڵام بێ ئاگایی وای کردووە ئێمە بە جیایان بزانین. کاتێ ئەم سێیانە بەیەک دەگەنەوە نامێنن، بۆمان دەردەکەوێ وەهم بوون، تەنیا ئاگایی دەمێنێتەوە. عارف و یۆگیی بەناوبانگی کورد «سوهرەوەردی» لە شیعرێکی عیرفانیدا دەڵێ: (خۆت رێبوارەکەیت، خۆت رێگاکەیت و هەر خۆشت ئامانجەکەیت، کەواتە ئاگاداربە رێگەی خۆت بەرەو خۆت ون نەکەیت!) یانی ژیان و هەرچی دەیکەیت سەفەرە، سەفەرە لە ئەوەڵەوە بۆ ئاخری خۆت، سەفەرە لە ئەزەڵەوە تا ئەبەدی خۆت، دەبێ شارەزا بی، دەبێ بەئاگا بی تا ون نەبی، چونکە رۆژانە بە میلیاردان مرۆڤ لەم سەفەرەدا ون دەبن و هەر یەکەش لە بوارێکدا و لە شتێکدا ون دەبێت و ون بووە. لەم سەفەرەدا یان دەبێ مۆمی ئاگایی گەردوونی هەناومان رێگاکەمان بۆ رووناک بکاتەوە یان دەبێ لای پیر و گورویەکی راستەقینە سەرمان دابنێین. لەهەقیقەتدا ئەم راکەڕاکە دەرەکییەی مرۆڤ رۆژانە دەیکا ونبوونی زیاتری لێدەکەوێتەوە، ئەو هەمووە شەڕ و توندوتیژیی و نادادپەروەریی و خۆپەرستی و خۆبەزلزانییە هەمووی بەڵگەی خۆ لێ ونبوون و رێگا و ئامانج ون کردنن!
گەمژە، هەقیقەت لەناو کتێباندا نیە!
دکتۆر سوامی شیڤاناندا دەڵێ هەموو دێر و پەرستگا و ئاشرامە کۆن و تازەکانی یۆگا و عیرفانی هیندی گەڕاوم، لە هەموویاندا ماومەتەوە و کتێبخانەکانیانم سەروژوور کردووە، لەم بوارەدا بە زمانی سانسکرێتی و زمانە هیندییەکان و زمانی ئینگلیزی رۆژانە بە لانیکەمەوە هەشت کاتژمێر موتاڵام کردووە و هەشت کاتژمێریش راهێنانی راجا یۆگام کردووە، دەڵێ لە یەکێک لە شارۆچکەکاندا رۆژانە ژنێکی پیرم دەبینی لە ژێر دارێکی بەتەمەندا دادەنیشت، رۆژێک کۆمەڵێک کەس بەدەورییەوە دانیشتبوون و ئەو قسەی بۆ دەکردن، منیش چوومە لایان و گوێم بۆ قسەکانی شل کرد، بەڕاستی سەرم لە قسەکانی سوڕما، لەبارەی هەقیقەتی ئەزەلی و ئەبەدییەوە دەدوا، زۆر بەلامەوە سەیر بوو، ئەو قسانەم لە هیچ یەک لەو کتێبانەدا نەبینیبوو کە خوێندبوومنەوە. لێم پرسی ئەم قسانەت لە چ کتێبێک وەرگرتووە، بە نەرمی سەیرێکی کردم و گوتی من خوێندەواریم نیە! گوتم یانی چی؟! یانی تۆ کتێب ناخوێنیتەوە و لەبارەی هەقیقەتەوە بەم شێوە ورد و قووڵە قسان دەکەیت؟! دیسان بە نەرمی و بە زەردەخەنەیەکەوە تەماشایەکی کردم و گوتی: (گەمژە! تۆ پێت وایە هەقیقەت لەناو کتێبەکاندایە؟) سوامی شیڤاناندا دەڵێ ئەم قسەیەی تووشی شۆکی کردم، من لەچیدا بۆ چی دەگەڕێم، ئەوەی لێیدەگەڕێم لە خۆمدایە و خۆمم، لە کتێباندا نیە، لە کتێبەکاندا دەتوانی باسی هەقیقەت بکەیت، یان کتێب دەتوانێ یارمەتیدەریەکی باش بێت، بەس لە خۆتدا رووبەڕووی هەقیقەتی ئەزەڵی و ئەبەدی دەبێتەوە و لەخۆتدا دەیناسیت و لە خۆتدا ئەزموونی دەکەیت.
بۆ ئەوەی هەبی دەبێ نەبی!
بۆ ئەوەی بتوانی هەقیقەتی ئەزەڵی و ئەبەدی خۆت ئەزموون بکەی دەبێ خۆت نەمێنی، یانی دەبێ زەین و منی زەینیت نەمێنێ، یانی پرسیارکەر و پرسیار و وەڵام نەمێنن. زەین و منی زەینی چیە؟ زەین و منی زەینی بریتییە لە بیروباوەڕەکانت، لە بیرکردنەوەکانت، لە هەستەکانت، لە خەیاڵ و وێناکانت، لە شک و گومان و یەقینەکانت و...هتد، زەین و منی زەینی ئێمە وەرگیراو و دروستکراوە، راستەقینە نیە، لەو بوارانە پێکهاتووە کە ئاماژەمان پێدا و رۆڵی دیوارێکی ئەستووری بەرز دەبێنێ لە نیوان ئاگایی تۆ و بنەڕەتی تۆدا. حافزی شیرازی لە غەزەلێکدا دەڵێ: لە نێوان ئاشق و ماشوقدا هیچ پەردەیەک لە ئارادا نیە، حافز! تۆ خۆت پەردەی نێوان خۆت و خۆتیت، هەستە لەو نێوانە لاچوو. ئەم قسەیەی حافز یانی لە نێوان ئێمە و بنەڕەت و سەرچاوەی ئێمەدا جگە لە زەین و منی زەینی خۆمان، هیچ رێگر و پەردەو کەندوکۆسپێک لەئارادا نیە، ئەگەر بمانەوێ ئەم وەسڵە روو بدا دەبێ ئەو زەین و منە زەینییە نەمێنێ و دایبنێین، تا ئەو هەبێ ئێمە نین، تا ئەو هەبێ ئێمە بێ ئاگایین، هەبوونی ئەو نیشانەی بێ ئاگایی ئێمەیە، بەڵام چۆن دایبنێین؟!
لەم دەرگاوانە تێپەڕە!
لێرەدا حیکایەتێک دەگێڕمەوە لە سێ هەنگاو پێکهاتووە و ئاماژە بە دانانی زەین و منی زەینی دەکا، واتە ئاماژە قۆناغەکانی خۆناسیی گەردوونی و خۆناسیی پەتی و تاکە رێگەی وەسڵبوونەوە دەکا. حیکایەتەکە بەسەرهاتی کەسێکی هەڵوەدای خۆناسییە، ئەو جۆرە کەسانە بە تایبەتی لە کۆندا ئاگری ئەشقی خۆناسی و وەسڵ لەناوەڕا دەیکردن بۆ کۆی رەژی، لەشوێنی خۆیان هەڵیدەکەندن و هەڵیدەتەکاندن و ئاوارە و سەرگەردانی ئاوەدانیی و چۆڵەوانی ئێرە و ئەوێی دەکردن، بە دوای پیر و مورادێکدا کە بەڵکوو ئاوێک بەو ئاگرەی ناخیاندا بکا لە هەموو دەرگاکانیان دەدا. دوای گەڕانێکی زۆر کەسەکە دەزانێ پەرستگەیەکی کۆن لە ناوچەیەکی دوور هەیە و مامۆستایەکی پیری تێدا دەژی، پێی دەڵێن ئەو دەتوانێ یارمەتی بدا، هەڵوەداکە بە سەری رووت و پێی پەتییەوە بۆی دەڕوا، دەگاتە بەر دەرگای ئاشرامەکە، دەرگاوان پێشی پێدەگرێ، دەڵێ بوەستە! ئاوا ناتوانی بچیتە ژوورەوە، سەرەتا دەبێ چەک و چۆڵ و کەرەستە و جلوبەرگەکانت دابنێی، کەسەکە بێ بیر لێکردنەوە هەموویان دادەنێت. لێرەدا چەک و چۆڵ و کەرەستە و جلوبەرگەکان هێمای کۆی ئەو کەرەستە و شتانەن کە هەمانن، بەڵام بەشێک نین لە بوونی گەردوونی و سروشتی ئێمە، خۆمان دروستمان کردوون و هاوکات گیرۆدەیان بووین و کردوومان بە بەشێک لە خۆمان، ئێستا بەوانەوە سەرقاڵین و ئەوان زیندوو و ئێمە مردوو، لەپێناو ئەواندا دەژین و بووین بە کۆیلەی ئەوان، کەواتە لەوان بەئاگاین و لە خۆمان بێ ئاگاین. کەسەکە دەڵێ فەرموو ئەوە هەموویم دانا دەرگاکە بکەرەوە، دەرگاوان دەڵێ بەداخەوە دەبێ جەستەشت دابنێی، کابرا دەڵێ چۆن جەستەم دابنێم، دەڵێ کەیفی خۆتە چۆن دایدەنێی، بەڵام دەبێ دایبنێی، کابرا هەندێ بیر دەکاتەوە و دەڵێ خۆناسیی دەیهێنێ جەستەشم دابنێم، کەواتە فەرموو ئەوە جەستەشم دانا. دانانی جەستە یانی دانانی رەمەک و حەز و ئارەزووەکان، دانانی تەماع و هەواوهەوەسە جیاجیاکان و...هتد. کابرا دەڵێ ئەویشم ئەوە دانا، ئێستا دەرگاکەم بۆ بکەرەوە، دەرگاوان دەڵێ پەلە مەکە و جارێ ماوتە، بابەتە سەرەکییەکەت هێشتا دانەناوە، دەبێ ئەویش دابنێی، ئەویش زەین و منی زەینیتە، دەبێ زەین و منی زەینیشت دابنێی. کابرا تۆزێ هەڵوەستە دەکا، ئەوەیان قورسترە، چۆن چۆنی زەین و منی زەینیم دابنێم، هەندێ بیر دەکاتەوە و دەڵێ لە پێناو خۆناسین و وەسڵ و رووناکبوونەوەدا ئەوەش دەکەم، چونکە بەڕاستی دەیهێنێ، کەواتە زەین و منی زەینییەکەشی دادەنێت، واتە بیروباوەڕ و بیرکردنەوە و روانگە و...هتدەکانی دادەنێت، کاتێ زەین و منی زەینییەکەی دادەنێت، وەسڵەکە روودەدا، بۆی دەردەکەوێ هەر لە ئەزەڵەوە نە دەرگایەک هەبووە و نە دیوارێک لە ئارادا بووە، دەرگا و دیوارەکان دروستکراوی خۆی بوون، کاتێ ئەوانی دانا، بەهەقیقەتی خۆی و بە نووری ئەزەڵی و ئەبەدی خۆیەوە وەسڵبوویەوە.
تەرکیان مەکە درکیان بکە
لەم حیکایەتەدا دەرگاوانەکە رۆڵی پیر و گورو یان ئاگایی ئەزەڵی و ئەبەدیی کەسەکە دەبینێت، ئەم سێ هەنگاوەش، سێ هەنگاوی سەرەکیی وەسڵبوونەوە و خۆناسیین، هاوکات مەبەست لە دانانیان ئەوە نیە کە ئەو بوارانە و ئەو حەز و ئارەزووانە سەرکوت یان تەرکیان بکەیت، بەو مانایەیە درکیان بکەی و تێیانپەڕێنی و لێیان ئازاد بیت، واتە درکیان بکەی نەک تەرکیان بکەی، لە دنیادا بی بەڵام لێی ئازاد بیت، هەر کاتێ درکیان بکەی لە هەمان کاتدا کە هەموویانت هەیە و بەکاریان دێنی، بەڵام لێیان ئازادیت، ئینجا لێرەوە بەراستی و بە بێ ترس و نیگەرانی و دڵەڕاوکێ چێژیان لێدەبینی و لە رێگرەوە دەبن بە رێخۆشکەر و یارمەتیت دەکەن رێگەی خۆت بەرەو خۆت بەئاسانی بڕۆیت. کەواتە لە جەستە و دنیادا بە، با جەستە و دنیات هەبێ و بە شێوەیەکی سروشتیش زۆر گرنگیان پێبدە، بەڵام ئازاد بە لێیان و کۆیلەیان مەبە. با ئەوان بە تۆوە مانا پەیدا بکەن نەک تۆ بەوانەوە مانا پەیدا بکەیت.