راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر بۆ کوردستانی نوێ : چەندینجار نووسراومان بۆ شارەوانیی هەولێر كردووە رێوشوێنی پێویست لە بەرامبەر ئەو فرۆشیارانە بگرنەبەر کە خواردن لەسەر شەقامەكان دەفرۆشن، لەبەرئەوەی فرۆشتن بەو شێوازە تەندروست نییە
فرۆشیارێک بۆ کوردستانی نوێ : هیچکات تیمەکانی تەندروستی سەردانیان نەکردوین پێمان بڵێن خواردن و سەوزە و میوە دانان لەسەر ئەم شەقامە بۆ فرۆشتن خراپە و رێنماییمان بکەن
بەهۆی کەمیی هەلیكار رۆژانە سەدان هاووڵاتی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان میوە و سەوزە و خواردنی دیکە بەبێ سەرداپۆشین لەسەر شۆستە یاخود لەسەر عارەبانە، ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل لە قەراغی شەقامە سەرەكییەكانی شاردا دەفرۆشن، ئەوەش وا دەکات رۆژانە ئەو خواردنانە دوکەڵی ئۆتۆمبێل و خۆڵ و تۆزیان لەسەر بنیشێت، پسپۆڕانی خۆراکیش باس لەوەدەکەن ئەو خۆراکانە ژەهراوی دەبن و ئەو هاووڵاتییانەی دەیكڕن تووشی كێشەی تەندروستی دەبن.
ژەهراوی بوون
عومەر حەسەن هاووڵاتییەكی شاری هەولێرە، رۆژانە سەوزەو میوە لەو فرۆشیارانەی سەر شەقامەكان دەكڕێت و بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئەو سەوزە و میوەیەی فرۆشیاری سەر شەقامەکان دەیفرۆشن هەر ئەوەیە کە لە دوکانەکاندا دەفرۆشرێت، بەڵام نرخی هەرزانترە و رۆژانە چیم پێویست بێت لێیان دەکڕم، هەر من نیم زۆرینەی خەڵکی هەر وا دەکەن.
وتیشی: دەیبینم کە ئەو سەوزە و میوەیە رۆژانە دوکەڵی ئۆتۆمبێل و تۆز و خۆڵی دەچێت بە سەردا و رەنگە بۆ تەندروستیش خراپ بێت، بەڵام ئەوە شتێکی گشتییە و لەسەر لایەنی پەیوەندیدارە چاودێرییان بکات و ناچاریان بکات بە سەرداپۆشینی سەوزە و میوە و خواردنەکان.
جگە لە دوكەڵی ئۆتۆمبێل، ئەو خواردەمەنەییانەی لە قەراغی شەقامەکاندا دەفرۆشرێن، مەترسیی خراپ بوون و ژەهراوی بوونیان هەیە بەهۆی راستەوخۆ لێدانی تیشکی خۆرەوە.
كەیفی حەمید لە قەراغ شەقامی 100 مەتری لە شاری هەولێر، خورمای داناوە بۆ فرۆشتن بۆ کوردستانی نوێ وتی: لەبەرئەوەی زۆرکەس خورما ناشواتەوە پێش خواردن و وەک میوە توێکڵی نییە لێ بکرێتەوە بە نایلۆن دامپۆشیوە بۆئەوەی تۆز و خۆڵی لێ نەنیشێت، سەیری سەر نایلۆنەکە بکە چەند تۆز و خۆڵی لێ نیشتووە.
وتیشی: چەند جارێك تیمەكانی شارەوانی هاتوونەتە لامان و داوایان لێکردوین لەسەر ئەم شەقامە شت نەفرۆشین، بەڵام ئێمە لەبەر بژێوی ژیانمان بەردەوامین، هیچکات تیمەکانی تەندروستی سەردانیان نەکردوین پێمان بڵێن خواردن و سەوزە و میوە دانان لەسەر ئەم شەقامە بۆ فرۆشتن خراپە و رێنمایمان بکەن، ئەوەی سەری خورماکانم داپۆشیوە تەنها خۆم کردومە.
سەردانی تیمەکانی شارەوانی
تیمەکانی شارەوانی لە شارەکان ناوە ناوە هەڵمەت دەستپێ دەکەن بۆ لابردن و دەستبەسەراگرتنی ئەو خواردن و سەوزە و میوانەی لەسەر شەقامەکان دەفرۆشرێن، بەڵام دۆخەکە بەو شێوازە کۆنترۆڵ ناکرێت، هەڵمەتەکە تائێستا ئەنجامێکی ئەرێنی نەبووە و هەر دوای رۆژێک فرۆشیارەکان لە هەمان شوێن دەست بە فرۆشتن دەکەنەوە.
دكتۆرە بێریڤان عەدنان بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: تەنیا دوكانەكان لە ژێر رێنمایی ئێمەدان و كارەكانی ئەو جۆرە فرۆشیارانە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، چەندینجار نووسراومان بۆ شارەوانی هەولێر كردووە كە ئەو فرۆشیارانەی خواردن لەسەر شەقامەكان دەفرۆشن رێوشوێنی پێویستیان لە بەرامبەر بگرنەبەر، لەبەرئەوەی فرۆشتنی ئەو خواردنانە بەو شێوازە تەندروست نییە.
وتیشی: شارەوانی هەولێر ماوە ماوە هەڵمەتی لابردنیان دەکەن، بەڵام هەڵمەتەكانیان بەپێی پێویست نییە، هەروەها تیمی چاودێریی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی چەند جارێك بەو فرۆشیارانەیان وتووە كە كارەكەیان نا تەندروستە، بەڵام ئێمە ناتوانین دەست بەسەر عارەبانە و ئۆتۆمبێلەكانیاندا بگرین.
وتیشی: فرۆشتنی ئەو خواردنانە لەسەر شەقامەكان جگە لە بەركەوتنی تۆز و خۆرهەتاو، دوكەڵی ئۆتۆمبێلەكان چەندین ماددەی كیمیایی دەردەدەنە هەوا كە دواتر دەكەوێتە سەر خواردنەكانی لەسەر شەقامەكان دەفرۆشڕین ژەهراوی دەبن.
ئاماژەی بەوەشکرد: پێویستە هەموو خواردنێک لەناو دوکان و شوێنی سێبەر و دوور لە تیشکی خۆر دابنرێت بۆ فرۆشتن، بۆئەوەی تێكنەچێت و نەبێتە ماددەیەکی زیانبەخش بۆ مرۆڤ و تووشی ژەهراوی بوونیان نەکات.