لە دیدارێکی کەناڵی عیراقییەی فەرمیدا، وەزیری نەوتی عیراق ئاشکرای دەکات، هیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نییە و رێکخراوی ئۆپیکیان ئاگەدارکردووەتەوە، لەئێستادا هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 290 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتی عیراق لە دیمانەکەدا رایگەیاند، بەگوێرەى یاسای بودجە، بڕی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان دیارییکراوە و رێکخراوی ئۆپیکیان لەوە ئاگەدارکردووەتەوە، هەرێمی کوردستان لەکاتی ئێستادا رۆژانە 286 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
وەزیری نەوتی عیراق راشیگەیاند، وەزارەتەکەی هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نییە.
ئەم وتانەی وەزیرى نەوتی عیراق لەکاتێکدایە، پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، رێگرییەکانی بەردەم پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەماوە، بەڵام وەزارەتەکانی نەوتی عیراق و سامانە سروشتییەکان و کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، نەگەیشتوونەتە رێککەوتن سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.