سوهەیر ئەلساعیدی، ئەو خانمە چالاکەی خزمەتی ژنان دەکات

10:49 - 2025-03-24
دیدار
57 جار خوێندراوەتەوە
سوهەیر ئەلساعیدی و گروپێک لە ژنان لەکاتی وەرزش کردندا

دیداری:
نەرمین عوسمان محەمەد


سوهەیر ئەلساعیدی بۆ کوردستانی نوێ     :سلێمانی ئەو شارەیە کە چالاکییەکانمی تێدا دەکەم، شاری جوانیی و رۆشنبیرییە و هەمیشە بەهرەکانی لەئامێز گرتووە و پاڵپشتی ژنان بووە، بۆیە خوازیارم تیشک بخرێتە سەر چالاکییەکانم و هەموو پێداویستییە وەرزشیەکانمان بۆ دابین بکرێت

سوهەیر ئەلساعیدی یەکێکە لە خانمە چالاکوانەکانی سلێمانی کە لە چەند بوارێکدا کار دەکات و بەردەوام چالاکی و ئیڤێنتی هەیە بۆ ژنان، ئەم خانمە لە ساڵی 1985 لە بەغدا لەدایکبووە، دەرچووی بەشی بەڕێوەبردنی کارە و خاوەنی (بڕوانامەی بەکالۆریۆس) ە لەو بوارەدا، هاوکات رێکخەر و نێوەندگیرە لە بواری تەندروستیدا، سوهەیر ئەلساعیدی لە بارەی کار و چالاکییەکانییەوە بۆ لاپەڕەی ژنان وتی: یەکێک لەو بوارانەی کاری تێدا دەکەم بواری پزیشکییە و رێنمایی نەخۆشەکان دەکەم و ئاڕاستەیان دەکەم بۆ سەردانکردنی لێهاتووترین پزیشکەکان و باشترین نەخۆشخانەکان، لە رێگەی پێگەیەکی ئەلیکترۆنی خۆڕاییەوە کە دروستم کردووە، بۆ پەرەپێدانی گەشتیاریی چارەسەرسازیی لە شاری سلێمانی و تیشک خستنە سەر چارەسەرکردن لەو شارەدا، لە جیاتی گەشتکردن بە مەبەستی چارەسەر کردن. هەروەها کار بۆ هێنانی باشترین پزیشکە هیندییەکان دەکەم لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە شارەکەدا.
بڵاوکردنەوەی هوشیاریی 
سەبارەت بە چالاکییەکانی بۆ ژنان وتی: کار لەسەر بڵاوکردنەوەی هوشیاریی پزیشکیی و رۆشنبیریی و دەروونیی دەکەم، بۆ نموونە تا ئێستا چەندین ئێوارە کۆبوونەوەی ژنانەم رێکخستووە، بە مەبەستی هوشیارکردنەوەی ژنان، سەبارەت بە لایەنە پزیشکییەکان هوشیاریی گشتی و رێنماییەکانی سەبارەت بە وەرزشی رۆیشتن بەبانگهێشتکردنی چەندین پزیشک بۆ پێشکەشکردنی رێنمایی و راوێژکردنی خۆڕایی و هاندانی ژنانی ئامادە بوو لە رێگەی بەخشینی چەندین خەڵات و کردنی داشکاندن و نمایشی جۆراوجۆر بۆ بابەتەکانی جوانکاریی و تەندروستی، هەروەها ئەو خانمە دەڵێت: من یەکەمین ژن بووم لە سلێمانیدا ئێوارەیەکی رەمەزانی بەغداییم ساز کرد کە تێیدا مۆسیقای چالغی بەغدادی و یارییە کەلتورییەکانی تێدا پێشکەشکران، لە پاڵ ئەمانەشدا چەندین سیمنارم بۆ ژنان ساز کردووە، سەبارەت بە نەخۆشییەکان و خۆپارێزی لێیان.

وەرزشی پیادەڕۆیی
یەکێکی دیکە لە چالاکییەکانی ئەم خانمە وەرزشی پیادەڕۆییە بۆ ژنان، ئێستا سەرقاڵیەتی و دەڵێت: بۆ ئەم چالاکییە سوودم لە بیرۆکەکانی خانمکێکی عیراقی بەناوبانگ وەرگرتووە و چەندین بیرۆکەی خۆمم بۆ زیاد کردووە، کە هەفتانە خانمان کۆدەکەمەوە بۆ ئەم وەرزشە، بەبانگهێشتکردنی راهێنەری جەستەیی تایبەت و بە ئامادەبوونی پزیشکێکی پسپۆر لە بوارەکەدا. هەروەها هەوڵمداوە لەم چالاکییەدا چەندین خەڵاتی تایبەتی ببەخشمە ژنانی بەشداربوو بە مەستی هاندانیان بۆ وەرزش کردن و بایەخدانیان بە تەندروستی دەروونیی و جەستەییان، هەروەها هەوڵمداوە هەمەجۆریی لە شوێنەکانی پیادەڕەوییەکەدا بکەم و هەندێک کات چالاکیی جۆراوجۆریان لەگەڵ پیادەڕەوییەکەدا بۆ تێکەڵ دەکەم، تا هەست بەبێزاریی نەکەن، وەک سەردانکردنی هەندێک لە گوندە جوانەکانی کوردستان و پاسکیلسواریی. هەمیشە هەوڵمداوە بڕگەیەکی نوێ بخەمە نێو ئەو چالاکییەوە، حەز دەکەم بڵێم هیچ کام لەو چالاکییانەم بە هیچ جۆرە پشتگیرییەکی مادییان نەکردووە، لەلایەن هیچ کەسێکەوە و هەمووی بە تێچووی  تاکە کەسی خۆم بووە.
سەبارەت بەوەی تاچەند ئەو چالاکییانە لە کۆمەڵگەدا  پێشوازی لێکراوە، سوهەیر وتی: چالاکی و بیرۆکەکانم وەک هەموو چالاکی و بیرۆکەیەکی دیکە لەناو کۆمەڵگەدا یار و نەیاریشی هەبووە، بەڵام سوورم لەسەر پێشکەشکردنی باشترینەکان بە تایبەتی بۆ ژنان.

سوود وەرگرتن لە کاتەکانی ژنان
ئەم خانمە بۆ سوود وەرگرتن لە کاتەکانی ژنان گروپێکی لە پێگەی وەتسئاپدا دروست کردووە بۆ وەرگرتنی وانەی تیۆری لەبواری لێهاتوویی جەستەییدا، بە سەرپەرشتی خانمێکی راهێنەر و لە رێگەی سوهەیر خۆیەوە کە کاروباری گروپەکە رێکدەخات.
دواجار سوهەیر ئەلساعیدی هیوا دەخوازێت لە لایەنە بەرپرسەکان زیاتر بایەخ بە چالاکییەکانی بدەن و دەڵێت: ئەو داوکارییەم لەوێوە سەریهەڵداوە سلێمانی ئەو شارەی من چالاکییەکانمی تێدا دەکەم شاری جوانیی و رۆشنبیرییە و هەمیشە بەهرەکانی لەئامێز گرتووە و پاڵپشتی چالاکییەکانی ژنان بووە، بۆیە خوازیارم تیشک بخرێتە سەر چالاکییەکانم و هەموو پێداویستییە وەرزشییەکانمان بۆ دابین بکرێت، بە مەبەستی  هاوکاریکردنی دۆخی ئابووری لاوازی ژنانی بەشداربوو لە چالاکییەکاندا و دڵنیام هەر کاتێکیش ئەو هەنگاوانە جێبەجێکران چالاکیی پێشکەوتووتر و داهێنەرانەتر  پێشکەش دەکەم. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان