شه‌هید مامۆستا عه‌زیز مه‌حمود، یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان و شۆڕشی نوێ، 46 ساڵ به‌ر له ئه‌مڕۆ، له‌زیندای موسڵ له‌سێداره درا.
مامۆستا عه‌زیزی نه‌مر، مانگی 10ی ساڵی 1978 به ناپاكیی كه‌سێك و به پیلانی دوژمن، كه‌وته داوه‌وه و رووبه‌ڕووی زیندان و ئه‌شكه‌نجه و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سه‌خت و چڕ بۆوه، له‌لێكۆڵینه‌وه‌كاندا جگه له ئازادبوون، به‌ڵێنیی زۆر گه‌وره‌ی پێ‌درابوو، رژێمیش مه‌به‌ستی بوو كه كه‌سێكی وه‌ك مامۆستا ده‌ستبه‌رداری بیروباوه‌ڕه سیاسییه‌كوردییه‌كه‌ی ببێت و به‌لای خۆیانیدا رابكێشن، یان لانیكه‌م وه‌ك كاربه‌ده‌ستێكی ده‌وڵه‌تی بێت و هه‌رچیشی بوێت بۆی ده‌كه‌ن، به‌ڵام شه‌هید مامۆستا عه‌زیز هه‌رچه‌نده ده‌یزانی ئه‌شكه‌نجه‌ی زیاتر و سه‌رئه‌نجامیش سێداره چاوه‌ڕێیه‌تی، وه‌ڵامی هیچ داخوازییه‌كی دوژمنی نه‌دایه‌وه و له به‌رامبه‌ردا وه‌ك شۆڕشگێڕێك سووربوونی له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی خۆی راگه‌یاند و په‌یامی نه‌به‌زین و فریونه‌خواردنی، گه‌یانده دوژمن.
شه‌هیدی سه‌ركرده، عه‌زیز مه‌حمود مه‌لا غه‌فور خه‌رپانی ناسراو به مامۆستا عه‌زیز، له دایكبووی ساڵی 1943ی شاری سلێمانیه، ساڵی 1972 به‌شی كوردیی كۆلێژی زمان-ی زانكۆی به‌غدای ته‌واوكردووه و بووه به مامۆستا له شاری كووت.
له ساڵی 1960ه‌وه و له رێگه‌ی رێكخراوی یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستانه‌وه تێكه‌ڵی كاری سیاسی بووه.
ساڵی 1970 و له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی-لینینی كوردستاندا، وه‌ك كادیرێكی چالاك له پارێزگاكانی سلێمانی و به‌غدا و زۆر شوێنی تر كاری نهێنی كردووه.
ساڵی 1974 په‌یوه‌ندیی به‌شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه كردووه و بووه به‌پێشمه‌رگه، دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول گه‌ڕاوه‌ته‌وه سلێمانی و پاشان به‌مامۆستایی گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه بۆ شاری كووت و پاشان گوێزراوه‌ته‌وه بۆ ناوه‌ندیی عه‌ربه‌تی سه‌ر به پارێزگای سلێمانی.
ساڵی 1976 چۆته سوریا و رۆژی 1/8/1977 په‌یوه‌ندیی به‌شۆڕشی نوێوه كردووه و بووه به پێشمه‌رگه، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵه و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بووه.
رۆژی 17/10/1978 له‌ناو شاری سلێمانیدا ده‌ستگیركرا و راسته‌وخۆ خرایه ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی سه‌خت و چڕ‌و به‌رده‌وامه‌وه، له زینداندا نموونه‌ی كه‌سی قاره‌مان و خۆڕاگربووه.
به‌داخه‌وه، شه‌وی 24\25/3/1979، له قه‌سابخانه‌كه‌ی موسڵ له‌سێداره‌درا.