رێنمایی تەندروستی بۆ کۆتایی رەمەزان

10:13 - 2025-03-25
ڕاپۆرت
86 جار خوێندراوەتەوە

ئا: مەزهەر کەریم 

بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و درێژبوونی رۆژ لە كۆتایی رۆژەكانی مانگی رەمەزاندا دەبێتە هۆی تینوبوونی رۆژووەوان، بۆیە گرنگە ئەو خواردنانە بخورێت کە هەستی تێنوێتی كەمدەكەنەوە

كامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بۆئەوەی هەستی تێنوێتی لەلای رۆژووەوان كەم ببێتەوە پێویستە ئەو خۆراکانە بخۆن کە پۆتاسیۆمیان زۆرە کە ئەمانەن پەتاتە، پرتەقاڵ، ئەڤۆگادۆ، ماسی سەلەموون، سپێناخ، چەوەندەر، مۆز، رێواس، هەڵوژە، مزرەسێو، لۆبیا و فاسۆلیا.
وتیشی: ئەو خواردنانەی پۆتاسیۆمیان زۆرە، فشاری خوێن و جەڵتەی مێشك كەم دەكەنەوە، هەروەها ئەگەری كەمكرنەوەی بەردی گورچیلەكان، نەرمبوونەوەی ئێسك و هەستیاری بە خوێ لەو كەسانەی زۆر هەستیارن بە خوێ و كزبوونی چاوەكان و وشكبوونەوەی پێستی دەموچاو كەم دەكاتەوە و هەستی تێنوێتی و برسێتی و ماندووبونی بەردەوام بە رێژەی 30 % بۆ 40 % كەمدەكاتەوە.
ئەو پسپۆڕەی خۆراک ئاماژەی بەوەشکرد: خواردنی شیرینی، ئیشی هەویر، شەربەتی گیراوە و خواردنەوە گازییەكان زیانیان بۆ كەسی رۆژووەوان دەبێت و هەستی تینوێتی زیاد دەكەن لەبەرئەوە نەخواردنیان باشترە یان هەوڵبدرێت لانیكەم هەموو رۆژێك نەخورێن و نەخورێنەوە، هاوکات برنجی سپی و ئاردی سپی باش نییە بخورێت یان لانیكەم  بەبڕی كەم بخورێن و برنج بەپڵاو لێبنرێت و رۆژی یەك جار بخورێن.
هەروەها هەندێك لەو کەسانەی بەڕۆژوو دەبن پاش بەربانگ تووشی سەرئێشە دەبن، كامەران جەلال پزیشکی پسپۆڕی مێشك و دەمار لەوبارەیەوە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو كەسانەی لاسەرئێشەیان هەیە و لە ماوەكانی پێشوودا جەڵتەی مێشكیان هەبووە و فشاری خوێنیان بەرزە بەهۆی جۆری خوێیەكانەوە لە دوای بەربانگ تووشی سەرئێشە دەبن.
وتیشی: پێویستە ئەو كەسانەی لاسەرئێشە و جەڵتەی مێشكیان هەبووە، لە كاتی بەربانگدا كەم بخۆن و كاتەكاتی دواتر تا پارشێو بەردەوام خواردن و ئاوێكی زۆر بخۆنەوە،  ئەو كەسانەشی بەرزی و نزمی و پەستانی خوێنیان هەیە ئاو زۆر بخۆنەوە و دەبێت بزانن چ جۆرە خواردنێكیش دەخۆن.
ئەو پسپۆڕەی مێشک و دەمار دەڵێت: بۆئەوەی رۆژووەوان تووشی سەرئیشە نەبێت لە دوای بەربانگ و لە كاتی بەڕۆژوبووندا دەبێت چا، قاوە، شەربەت و میوەكان لە جێگەی ئاو خواردنەوە نەخوات، هەروەها لە دوای بەربانگ، تا كاتی پارشێو 10 بۆ 12 پەرداخ ئاو بخواتەوە، بۆئەوەی دووربێت لە سەرئێشە و وشكبوونەوەی پێست و سستبوونی گورچیلەكانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان