ئا: محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
سەركاو فەیروز
سەركاو فەیروز:هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ناوچەیەکی جوگرافی کە رێژەی باران تێیدا لە ئاستێکی باشدایە
22ی ئاداری هەموو ساڵێک دانراوە بە رۆژی جیهانی ئاو، بۆ یەکەمجار ئەم رۆژە لە ساڵی 1992 دیاریكرا، کاتێک لەم رۆژەدا كۆنگرەیەكی تایبەت بە ژینگە و گەشەپێدان لە ریۆدی جنیرۆی پایتەختی ئەرژەنتین بەسترا هەر ئەو رۆژەش بە رۆژی ئاو ناسێنرا.
ئاو لە هەرێمی کوردستان
لەو بارەیەوە سەركاو فەیروز پسپۆڕ لە ئاوهەوا و ژینگە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: (هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ناوچەیەکی جوگرافی کە رێژەی دابارین تێیدا لە ئاستێکی باشدایە، هەرچەندە بە هۆی گۆڕانکارییە ژینگەییەکانەوە لە چەند ساڵی رابردوودا کوردستان تووشی کەمی دابارین بوەتەوە، ئەم کەم و زیادبوونە لە داباریندا ساڵانە دەگۆڕدرێت و دیاردە و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان کاریگەریی لەسەر زیاد و کەم بوونی دادەنێت، ئەوەی مەترسییە لەسەر هەرێمی کوردستان هەڵکەوتەی جوگرافییەکەیەتی کە دابەشکراوە بەسەر چوار وڵاتدا و سەرچاوەی ئاوی رووبارەکانی لەم وڵاتانەوەن، مەترسی سەرەکیان بۆ هەرێم دروستکردووە بەتایبەتی تورکیا و ئێران، کە لە رابردوودا وایکرد شەڕی هەشت ساڵەی عیراق و ئێران لە سەرئاوی شەتوڵعەرەب کە ئێران ناوی لێنا خلیجی فارس رووبدات.
وتیشی: مەترسییەکانی ئێستای سەر عیراق و هەرێم زۆر لەو کاتە زیاترن، لە رێگەی دروستکردنی بەنداو لەسەر رێڕەوی ئەو رووبارانەی کە درێژ دەبنەوە و دەڕژێنە هەرێمی کوردستانەوە کە کاریگەریی راستەوخۆیان دەبێت لەسەر قەیرانی ئاو و گۆڕانکاریی ژینگەیی، بە هۆی وشکبوونی دار و درەخت و نەبوونی ئاوی پێویست بۆ کشتوکاڵ و وشکبوونی زێو رووبارەکان کە دەبێتە هۆی کەمی شێ و کەمی ئاوی ژێر زەوی، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر سوڕی دابارین و دوور نییە لە ساڵانی داهاتوودا مەترسییەکی زۆر لەسەر ئاو لە ناوچەکەدا دروست ببێت، ئەویش بەهۆی پرۆژەی (گاپ) لە تورکیا کە بریتیە لە بونیاد نانی 14 بەنداو لەسەر رووباری فورات کە نزیکەی %97 ئاوی فوراتی لە ژێر دەست دایە، دروستکردنی 8 بەنداو لەسەر رووباری دیجلە کە لە %60 ئاوی دیجلەی لەبەردەست دایە، ئێرانیش بەدروستکردنی سەدی داریان لە پارێزگای کرماشان لەسەر رووباری سیروان لە %75 رێڕەوی ئاوەکە دەگۆڕێت، ئەم پرۆژانە رێگری تەواو دەکەن لە گەیشتنی ئاو بۆ عیراق، بەشێکی زۆریان تەواو بوون و مەترسییەکانیان لەسەر ژینگەی ناوچەکە وەدەرکەوتون.
كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی كەم ئاوی
سەركاو فەیروز دەڵێت: (بـۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەمئاوی پێویستە هەرێمی کوردستان چەند رێکارێک بگرێتەبەر، ئەوانیش:
یەکەم: دروستکردنی بەنداو لەبەردەم تاڤگە و سەرچاوە ئاوییە ناوخۆییەکان، ئەوانەی کە سەرچاوەکانیان دەکەونە ناوخۆی هەرێم.
دووەم: سوود وەرگرتن لە ئاوی باراناو لە وەرزی زستاندا بە گلدانەوە و پاشەکەوتکردنی ئەو ئاوە.
سێیەم: بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو بەشێوەیەکی سەردەمیانە و رێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی ئاو.
چوارەم: پێدانی رێنمایی کشتوکاڵی سەردەمیانە بە جوتیاران بۆ ئاودان و پەیڕەوکردنی شێوازی نوێ لە ئاودێری کشتوکاڵدا.
پێنجەم: رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، گرتنەبەری میکانیزمێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو بەتایبەت لەگەڵ تورکیا و ئێران.
شەشەم: هاندان و بڵاوکردنەوەی وشیاری ژینگەیی، بەفیڕۆ نەدانی ئاو لە رێگەی پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەیەکی ژینگەدۆست.