جیاوازییەکان لە نێوان ئێستا و رابردوودا

بەڕێکردنی مانگی رەمەزان لە خورماتوو

10:07 - 2025-03-26
ڕاپۆرت
68 جار خوێندراوەتەوە
خورماتوو شاری پێکەوەژیان

راپۆرتی/ عومەرئاوارە



مانگی رەمەزانی پیرۆز لەلای پێكهاتەكانی خورماتوو تاموچێژی تایبەتی خۆی هەیە، لە شاری خورماتوو پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە و سوننە دەژین کە لە دوو رۆژی جیاوازدا مانگی رەمەزان لەلایان دەستپێ دەکات و یەکەم رۆژی جەژنیش بە هەمان شێوەیە.
رەزا مەلا عەدنان قورئان خوێنێكی شیعە مەزهەبی شاری خورماتووە، بۆ كوردستانی نوێ وتی: رەمەزانی ئەمساڵیش وەك ساڵانی رابردوو بە ئارامی لە شارەکەماندا بەڕێوەدەچێت، هەریەك بۆ خۆی سەرقاڵی خوداپەرستییە، هەروەها تائێستا نەریتێكی كۆنی باب و باپیرانمان لە نێوان هەندێک لە خێزانەکاندا ماوە ئەویش گۆڕینەوەی خواردنە لە نێوان دراوسێكاندا.
لە کۆندا شەوانی مانگی رەمەزان خزم و هاوڕێکان لە دەوری یەک کۆدەبوونەوە بۆ کردنی یارییە کوردەوارییەکان و سەردانکردنی یەکدی، مامۆستا قانیع رەشید بۆ کوردستانی نوێ وتی: لە رەمەزاندا زۆرینە خەریکی بەجێهێنانی ئەرکە ئاینییەکانن، هەروەها هەندێک لە نەریتە کۆنەکان وەک سەردانکردنی یەکتری و یارییە کردەوارییەکان لە شەوانی رەمەزاندا وەک پێویست نەماوە کە تام و چێژی تایبەتی هەبوو، ئێستا هەواڵ پرسین لە رێگەی مۆبایل و سەرقاڵبوون بە سۆشیاڵ میدیاوە ئەو نەریتانەی کاڵ کردووەتەوە.

نەریتە کۆنەکان
هاووڵاتیان لە خورماتوو بەبێ جیاوازی، بەوپەڕی لێبوردەییەوە رۆژانی مانگی رەمەزان بەڕێ دەکەن.
یاساناس سەدام فلەیح بۆ کوردستانی نوێ وتی: خۆشەویستی نێوان پێکهاتەکان وایكردووە شارەكە ئارام بێت، هەروەها لە نێوان هەندێک لە خێزانەکاندا نەریتە كۆنەكان دووبارە دەكرێنەوە بە تایبەت بردنی خواردن بۆ یەكتری، یەكتر دەعوەتکردن و کۆبوونەوە لەسەر یەک سفرە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە خورماتوو شاری پێكەوە ژیانی هەموو نەتەوە و مەزهەبەكانە.
سەباح نوری شاعیر لە بارەی مانگی رەمەزانەوە لە خورماتوو وتی: ئەگەر چەند ساڵێك بگەڕێینەوە بۆ دواوە دەبینین كۆمەڵێك جیاوازی بەدی دەكرێت، سەرەتای ساڵی 2000 تا   2007 لە خورماتوو کاتی پارشێوان چاوش بەناو کۆڵانەکاندا دەگەڕا خەڵکیان لە خەو هەڵدەستان، هەروەها ئێواران خەڵکی گەڕەک هەریەک لە ماڵی خۆیەوە خواردنی دەبرد لە مزگەوت بە کۆمەڵ نانیان دەخوارد ئەو کۆبوونەوەیە تام و چێژی تایبەتی هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو نەریتانە نەماون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان