سازدانی: دیجیتاڵ میدیای کوردستانی نوێ
نەژاد عەبدوڵڵا:
پێداویستییەکانی خوێندن بە تایبەت دروستکردنی بینای خوێندنگەمان گەڵاڵە کردووە و داوا لە حکومەتی ئایندە دەکەین بۆمان جێبەجێ بکات
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی پێکدێت لە 10 پەروەردەی قەزا کە لەناو شاری سلێمانی و قەزاکانی دەوروبەری پێکهاتووە، جگە لە ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە کە هەریەکەیان بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی تایبەت بەخۆیان هەیە.
نەژاد عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە وەکالەت بە دیجیتاڵ میدیای کوردستانی نوێی راگەیاند، بەهۆی جێبەجێکردنی بڕیاری خانەنشین بوون کە لەدایکبووانی سێ ساڵی بەسەریەکەوە گرتەوە، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان 2050 مامۆستا، فەرمانبەر، سەرپەرشتیار، کارگوزار و پاسەوان خانەنشین بوون و مامەڵەکانیان تەواو بووە.
وتیشی: خانەنشین بوونی ئەو ژمارەیە بە یەکەوە بۆشایی بۆ دروست نەکردووین، لەبەرئەوەی لە ساڵانی رابردوودا کۆمەڵێک مامۆستای وانەبێژمان هەبوو کراون بە گرێبەست، خراونەتە شوێنی ئەو مامۆستایانەی خانەنشین بوون، یاخود بە هەر هۆکارێكی دیکە بێت لە ئەرکدا نەماون.
خوێندکاران لە قۆناغی یەکی باخچەوە تا پۆلی 12 لەژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەدایە لەگەڵ ئەو پەیمانگەیانەی پێنج ساڵین.
خوێندنگە ناحکومییەکان
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە وەکالەت لە بارەی چارەسەری گرفتی دوو دەوامی و سێ دەوامی دەڵێت: پێداویستییەکانی خوێندن بە تایبەت دروستکردنی بینای خوێندنگەمان گەڵاڵە کردووە و داوا لەحکومەتی ئایندە دەکەین بۆمان جێبەجێ بکات، خۆشبەختانە هەندێک لە رێکخراوەکانیش لەگەڵمان لەسەرخەتن بۆ تازەکردنەوەی بینای خوێندنگەکان و دروستکردنی بینای نوێ، هەوڵدەدەین ئەم بابەتە چارەسەر بکەین، هەروەها زۆرینەی خوێندکاران روو لە ناوەندە ناحکومییەکان دەکەن بۆ خوێندن ئەوەش وایکردووە بە رێژەیەک سێ دەوامیی لە خوێندنی حکومیدا کەمبکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: وەزارەتی پەروەردە بە هەموو شێوەیەک هاوکاریانن، لە پێدانی پێداویستییە رۆژانە و ساڵانەکان و لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا، هەروەها پرۆسەی خوێندن پێویستی بە هەر بودجەیەک بووبێت بۆیان تەرخانکردووین و دەستخۆشییان لێ دەکەین.
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی 1422 باخچە، خوێندنگە، کۆمەڵگە و ئامادەیی پیشەیی هەیە، جگە لەوانەش 101 خوێندنگەی نا حکومی هەیە.
لەبارەی خوێندنگە ناحکومییەکانەوە نەژاد عەبدوڵڵا وتی: خوێندنگە و پەیمانگە ناحکومییەکان بەپێی تایبەتمەندی و ئاستیان، شێوازی خوێندن، نرخ، پرۆگرام و کاتی تاقیکردنەوە تیایاندا جیاوازە و لەلایەن بەشی بەڕێوەبەرایەتییە ناحکومییەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێن.
پۆلێکی خوێندن