عەبدولڕەحمان فەرهادی بۆ کوردستانی نوێ :

لقی هەولێری یەكێتیی نووسەرانی كورد لەلایەن نووسەرانی گەورە و ناودارەوە دامەزراوە

11:35 - 2025-03-26
دووتوێ
41 جار خوێندراوەتەوە

كوردستانی نوێ/ هەولێر


عەبدولڕەحمان فەرهادی سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی نووسەرانی كورد، لە وەڵامی چەند پرسیارێكی كوردستانی نوێدا، تیشك دەخاتە سەر كاروچالاكییەكانیان و پەیوەندییان لەگەڵ نووسەران و رۆشنبیران، هەروەها ئەو گرفتانەی لەكاتی كۆڕ و سمینارەكان دێتە بەردەمیان.
سەرەتا لەبارەی چالاكییەكانیان وتی: لقی هەولێری یەكێتیی نووسەران، ماوەی سیانزە ساڵە بێ دابڕان هەفتانە لایەنی كەم كۆڕێك، یان سیمینارێكی هەیە، زۆرجار لە هەفتەیەكدا كۆڕ و چالاكییەكانمان زیاتر دەبن، تەنانەت جار هەبووە تەواوی هەفتەكەمان كردووە بە هەفتە چالاكی بۆ بوارێكی تەرخان كراو، لەبارەی رێكخستنی ئەم چالاكییانەمان، بەرنامەمان هەیە بۆ ئەوەی كۆڕ و سیمینار بۆ زۆرترین نووسەر و رۆشنبیرانی سەرجەم كوردستان و عیراق و خەڵكانی دەرەوەی وڵاتیش بەڕێوە ببەین، بۆ ئەم مەبەستەیش سەركەوتوو بووین. 
وتیشی: بەلای ئێمەوە گرنگ بابەتی كۆڕەكەیە، بابەتی كۆڕەكانیشمان هەر تەنیا لە چوارچێوەی ئەدەبیاتدا نەماوەتەوە، بەڵكو زۆرجار لە كۆڕەكانمان بابەتی مێژوویی و زانستی و رامیاری و نەتەوەیی و هونەری و رۆژنامەنووسی و ئابووری و ئەزموونی كەسانی ناودار و بابەتی تر دەگرنەخۆ، هەروەها دوور لە سانسۆر و دەستوەردان كار دەكەین و پەیوەندییشمان بەوەوە نییە ئەوەی كۆڕ و چالاكییەكەی بۆ تەرخان دەكەین كێیە و لە چ نەتەوەیەكە و سەر بە كامە لایەنە و چۆن بیر دەكاتەوە. واتە ئێمە بەوپەڕی بێلایەنی خزمەت دەكەین، هەر ئەمانەن وایان كردووە سەرجەم نووسەر و رۆشنبیرانی كورد و توركمان و عەرەب و سریان و ئەوانی تریش لەدەوری ئەم لقەی ئێمە كۆبنەوە و ناوی بنێن(ماڵی نووسەران).

پێویستە دەزگا و كەناڵەكانی راگەیاندن جارجارە بۆ سوودی گشتی لە پیشەكانیان بێلایەنانە كار بكەن و پلانی هەمەلایەنەیان هەبێت

لەبارەی گرفتەکانیان ئاماژەی بەوەشكرد:  ئێمە بە توانایەكی زۆر كەمی داراییەوە لە كارەكانمان بەردەوامین، لە 2014وە كە ئەوكاتە وەك سەرجەم لقەكان، بەخشینێكی مانگانەمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەبوو و دەمانتوانی سەرجەم بەرنامە و پلانەكانمان جێبەجێ بكەین، تا ئەوكاتە گۆڤاری لقەكەمان (نووسەری نوێ)مان دەردەكرد كە گۆڤارێكی ئەدەبیی پڕ خوێنەر بوو و بابەتەكانی لە هەموو رووێكەوە سەرچاوە و سەرنجڕاكێش بوون، جگە لەوەی بەو توانایەی هەمانبوو هاوكاریی ئەندامەكانی خۆمانمان لەكاتی پێویست دەكرد، هەروەها چالاكی و سیمینار و فێستیڤاڵی گەورەمان دەكرد كە تا ئێستایش باس دەكرێن، كەچی بەداخەوە ئێستا وەك پێویست ناتوانین خواست و پلانەكانمان سەر بخەین، لەگەڵ ئەوەیشدا بەم جۆرەی ئێستا بە چالاكترین رێكخراوی كەلتوری و رۆشنبیری لە كوردستان و تەواوی عیراقیش دادەنرێت.
لەبارەی فراوانبوونی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و كاریگەری چالاكییەكانی نووسەران وتی: ئەگەرچی تۆڕە جۆراوجۆرە كۆمەڵایەتییەكان و بابەتی مووچە و نەداریی خەڵك، كاریگەرییان بەسەر زۆر شتەوە هەیە، لەوانە كەمتر بایەخدان بە خوێندنەوەی كتێب و لاتەریكیی بەشێكی نووسەران بەرانبەر بۆ بوارە رۆشنبیرییەكان، بەڵام ئێمە لە هەر بارودۆخێكدا بەشێكی گرنگی ئەركەكانمان لەوەدایە بەپێی پلانی خۆمان بەم گەرموگوڕییەوە لە كارەكانمان بەردەوام بین و بۆ ئەمەیش پێشوازیی زۆری ئامادەبووانی كۆڕ و سیمینارەكانمان خۆشحاڵی كردووین و وایكردووە لەو چالاكییانەمان رژدتر بین و ئەگەر ئاگادار بن كۆڕەكانمان هەر ئاوا ئاسایی بەڕێوە ناڕوات، بەڵكو زۆربەیان بەوپەڕی ئازادییەوە، گفتوگۆی زۆر دێننە ئاراوە. 
هەروەها سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی نووسەرانی كورد ئاماژە بەو مەرجانە دەكات كە پێویستن بۆ ئەندامێتی لە یەكێتییەكە و وتی: پێویستە ئاماژە بەوە بدەم كە یەكێتیی نووسەرانی كورد بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی، لەناو كەوانە نووسراوە (یەكێتیی ئەدیبانی كورد)، كەواتە ئەم ڕێكخراوە كە لەلایەن چەند نووسەرێكی پێشەنگ لە كوردستان، لە 1970 دامەزراوە، دامەزرێنەرانی سەرجەمیان شاعیر و چیرۆكنووس و نووسەری بوارەكانی ئەدەبیات بوون، نەك نووسەری بابەتی دەرەوەی ئەدەبیات، ئەوكاتە نووسەر تەنها ئەوانە بوون كە دەقی ئەدەبییان لە شیعر و چیرۆك  دەنووسی، بۆیە سەرجەم ئەوانەی تیایدا ئەندامن، شاعیر یان چیڕۆكنووس، یان رۆماننووس یان رەخنەگری ئەدەبیات، یان شانۆنامەنووس بوون. بەپێی ئەو پەیڕەوە، هەر نووسەرێك لەم بوارانە بەرهەمی نەبێت، یاخود بڵێین ئەدیب نەبێت و بەپێی ئەو مەرجەیش كە لەم ساڵانەی دوایی لە هەشتەمین كۆنگرە دانرا، هەر ئەدیبێك دەتوانێت داوای ئەندامێتی بكات ئەگەر دوو كتێبی داهێنەرانەی چاپكراوی ئەو بوارانەی ئەدەبیاتی هەبێت.
عەبدولڕەحمان فەرهادی لەبارەی ئەو نووسەرانەی ئەندامی لقی هەولێربوون و تاكو ئێستاش وەك ناوێكی دیار و نەمر دەدرەوشێنەوە وتی: یەكێتیی نووسەران لەسەردەستی كەڵە نووسەرانی گەورەی وەك (عیزەدین مستەفا ڕەسوول، كاكەمەم بۆتانی، مارف خەزنەدار، محەمەدی مەلا كەریم، خالید دلێر، نووری عەلی ئەمین، جەمال بابان، نەسرین فەخری، ئیحسان فوئاد، حوسێن عارف و كاوس قەفتان) دامەزراوە. ئەوانەی لقی هەولێریشیان دامەزراندووە نووسەرانی گەورە و ناوداری شارەكەمان بوون، ئەوانیش: (محەمەد مەولوود مەم، حەمەكەریم هەورامی، كەریم شارەزا، جەمال عەلی، مەدحەت بێخەو، بەدرخان سندی، پیرباڵ مەحموود، عەبدوڵڵا پەشێو، كەمال غەمبار، محەمەد شەریف عوسمان)ن. هەموو ئەوانەی ناویانمان هێنا پێشەنگی رۆشنبیری و هۆشیاریی كوردستان و شارەكانمان بوون و هێزێكی گەورە بوون و بەردەوامییان بەم رەوتە رۆشنبیرییە دا كە ئێمەش ئێستا بەردەوامیی پێ دەدەین.
لەكۆتاییدا لەبارەی كەمی ئامادەبوونی دەزگاكانی راگەیاندن، لە كۆڕ و سمینارەكانی یەكێتیی نووسەران وتی: بەداخەوە ئەم دیاردەیە زۆرجار وابەستە بە پەیوەندی و ناسیاوی و برادەرایەتیی كارمەندانی كەناڵەكان بەو كەسانەی كۆڕ و سیمینارەكانیان بۆ بەڕێوە دەبەین، ئەمەیش نابێ وابێت، بەڵكو پێویستە دەزگا و كەناڵەكانی راگەیاندن جارجارە بۆ سوودی گشتی لە پیشەكانیان بێلایەنانە كار بكەن و پلانی هەمەلایەنەیان هەبێت. خۆتان دەزانن زۆربەی هەرە زۆری ئەو كەناڵانە، كەناڵی حیزب و لایەنەكانن، كە زیاتر بایەخ بە چالاكیی سیاسی و حیزبی دەدەن، بەپێی ویستی ئێمە بایەخ بە رۆشنبیری و رۆشنبیران نادەن، ئەگەرچی كەناڵ هەن بە بەرنامە بایەخیان بە لقەكەمان داوە و سوپاسیان دەكەین، دەخوازین لەمەودوا سەرجەمیان بە بایەخەوە كار و چالاكییەكانمان بپەخشێنن.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان