بەم چەند رێگەیە ددانەكانت لە كلۆر بوون بپارێزە

د.ڕەوا جەمال بۆ کوردستانی نوێ : رێنمایی ورد بۆ پارێزگاریی لە ددان دەخاتەڕوو

10:36 - 2025-03-27
ڕاپۆرت
92 جار خوێندراوەتەوە

لەبارەی رێگریی لە كلۆربوون و مانەوەی ددان بە تەندروستەكی باشەوە، د.رەوا جەمال پزیشكی پسپۆڕی ددان لە دیدارێکی کورتدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، ئاماژە بە چەند خاڵێكی گرنگ دەدات  وەک: خواردنی تەندروست بەتایبەتی میوە و سەوزە،  هەرچەندە هەندێک میوە بڕێكی باش شەكریان تێدایە، بەڵام دەبێت پاش خواردنیان، ددانەكان بشۆردرێت، ئەوە زۆر بەسوود دەبێت بۆ ددان و پوكیش.
هەروەها وتی: بەكارهێنانی داوی پزیشكی بۆ پاککردنەوەی نێوانی ددانەکان کە یەكێكە لە هۆكارەكانی لەناو نەچوونی ددانەكان و كلۆر نەبوونیان، بەهۆی تەمەنەوە، بەڵكو بەهۆی بەكارنەهێنانی داوی پزیشكی پاش نانخواردن ددانەكان كلۆر دەبن، چونكە بەكارنەهێنانی داوی پزیشكی دەبێتەهۆی مانەوەی ئەو خۆراكانە لەنێوان ددانەكاندا و پاشان وردە وردە کلۆربوون و لەناوچوونیان.
جگەلەوەش زیادبوونی كێش یەكێكە لەو هۆكارانەی دەبێتەهۆی لەناوچوونی ددان لەبەرئەوەی زیادبوونی كێش، هۆكاری تووشبوونە بە نەخۆشیی شەكرە، بەتایبەتی جۆری  (دووەم)ی كە ئەم جۆرە دەبێتەهۆی لەناوچوونی ددان و نەخۆشیی پووك، بۆیە پێیوابوو هەر شەش مانگ  جارێک پێویستە سەردانی پزیشكی ددان بكرێت بۆ دڵنیابوون لە هەر گرفتێك یان كلۆربوونی ددان و پاكکردنەوەی ددانەكان لەلایەن پسپۆری تایبەتەوە.
د. رەوا وتیشی: پێویستە خەڵک بەگشتی لە خواردنی شیرینی و شەكری زۆر دووربکەونەوە، چونكە شیرینی ددان وشك دەكاتەوە و كێشەی تەندروستی دیکەش دروست دەكات، بۆیە وا باشە دوای خواردنی هەموو شیرینییەک ئاو لە دەم رابدرێت و  ددانەكان بەباشی پاكبكرێنەوە تا هیچ پاشماوەیەکی خۆراكی بەسەر ددان و پووكەوە بەجێ نەمێنێت.
روونیشیکردەوە کە دەرمانی فلۆرید بەكاربهێنرێت، چونكە تەندروستی ددان دەپارێزێت و بە درەوشاوەیی دەیانهێڵێتەوە و چەندین ماددەی كانزایی بۆ ددان دەگەڕێنێتەوە كە مرۆڤ بەهۆی خواردنەوە لەدەستیان دەدات.
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکانیدا وتی: دەبێت هەر لە منداڵییەوە منداڵ فێربكرێت كە سەردانی پزیشكی ددان بكات، بۆئەوەی لەكاتی گەشەكردنەوە رابهێنرێن بەتایبەتی وەزارەتی پەروەردە تا لە خوێندنگەکاندا لە وانەكانی رۆژانەدا باس لە گرنگیی پاراستنی ددانەكان بكرێت بۆ منداڵان.
وتیشی: چەندە گرنگە بە فڵچە ددان پاك بكرێتەوە، ئەوەندەش گرنگە مەعجونی باش بەكاربهێنرێت و لەكاتی خۆیدا ددانەکان بشۆردرێت و رەچاوی كات بكرێت، بەتایبەتی شەوان پێش خەوتن و بەیانیان دوایی نانخواردن.

 

 مەزهەر کەریم ئامادەی کردووە

 



بابەتە پەیوەندیدارەکان