پسپۆرێكی نەخۆشییەكانی پێست و جوانكاری ئاشكرای دەكات لە وەرزی بەهاردا نەخۆشیی سەدەف و هەستیارییەكانی پێست زیاد دەكەن، بۆیە پێویستە دژە خۆر بەكاربهێنرێت.
د.گەشین كەمال پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست و جوانكاری بە كوردستانی نوێ – ی وت: لەم وەرزەدا پێویستە دژە خۆر بەكاربهێنرێت لەكاتی چوونە دەرەوەدا، چونكە نەخۆشیی سەدەف و هەستیاریی پێست زیاد دەكات.
وتیشی: پێویستە دوو سەعات جارێك و نیو سەعات پێش چوونە دەرەوە لە ماڵەوە، دژەخۆر بەكاربهێنرێت بۆئەوەی ماكی خراپ لەسەر پێست دروست نەبێت، بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی هەستیارییان هەیە بە تیشکی خۆر كە بە شێداردكرنی پێست، كاریگەرییەكانی خۆرەکە كەم دەبێتەوە.
رێنمایی چارەخوازانیش دەكات لەوەی ئەو دژە خۆر و ئارایشتانەی مەیكەپی زۆریان تێدایە، لە وەرزی بەهار و هاویندا كەم بەكاربهێنرێن، چونكە كاریگەریی خراپ لەسەر پێست دروست دەكات وەك پەڵە و رەشی و سووربوونەوە و ئازار.
هەروەها دەڵێت: بەپێی توێژینەوەكان دەرزیی دژە پیری كاریگەریی باش لەسەر پێست دروست دەكات و كۆلاجینی ژمارە یەك دەدات بە پێست و بە جوانی و شێداری دەیهێڵێتەوە و رێگریی لە چرچبوونی پێست دەکات.
ئاماژەشی بەوە دا کە پێویستە هەموو ساڵێك یەك بۆ دوو جار پێست پاكبكرێتەوە، بەتایبەتی لە وەرزی بەهار و زستاندا.
مەزهەر کەریم ئامادەی کردووە