كەرتی كشتوكاڵیی ناوچەی پشدەر دەبوژێتەوە

09:40 - 2022-08-04
ئابووری
722 جار خوێندراوەتەوە

ئا: جێگر خدر

جووتیارێكی زۆر لە سنووری ناحیەی سەنگەسەری ناوچەی پشدەر، پەرە بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان دەدەن، بەهۆیەشەوە سەدان كەس هەلی كاری بۆ رەخساوە كە لە نێویاندا ژنان بە رێژەیەكی بەرچاو دەبینرێن.
هاوكات، جووتیارانی سنوورەكە ستایشی پڕۆژەیەكی ئاودێریی دەكەن كە لەلایەن یەكێتییەوە لەو ناوچەیەدا نۆژەنكراوەتەوە و بەوتەی خۆیان، بۆتە هۆی زیادبوونی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان.

بامیەی سەنگەسەر خواستی زۆری لەسەرە
رووبەری سەدان دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە سنووری پشدەر، بە بامیە و باینجان و تەماتە و خەیار و هەنجیر و كاڵەك و بەرهەمی دیكە چێنراون و رۆژانە بەرهەمی ئەو سەوزە و میوانە رەوانەی عەلوەی شارەكانی رانیە و قەڵادزێ و هەولێر و سلێمانی و كەركوك و شارە جیاوازەكانی هەرێم دەكرێن، بەڵام بەتایبەتی بەرهەمی بامیەی سەنگەسەر، خواستی زۆری لەسەرە و وەك جووتیاران دەڵێن: «بە بازاڕ ناكەوێت».
خدر كە جووتیارێكی ناحیەی سەنگەسەرە و رۆژانە (3 بۆ 4) تۆن بەرهەمی بامیە رەوانەی شارەكان دەكات، لە ناو زەوییە كشتوكاڵییەكانیدا دەیان كەس وەك كرێكار كار دەكەن. ئەو بۆ كوردستانی نوێ وتی: «بامیەی پشدەر خواستی زۆری لەسەرە، چونكە ئاوی پاكژ و سازگاری ناوچەكە، هێندەی دیكە تام و لەزەتی بامیەكەی خۆشكردووە، بۆیە بڕی چەند بامیە بەرهەم بهێنین، دەستبەجێ دەفرۆشرێت و كەمترین كات لە عەلوەكاندا دەمێنێتەوە».

بەرهەمی پڕۆژەكەی یەكێتی
ساڵی رابردوو، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پڕۆژەی ئاودێریی ناحیەی سەنگەسەری لەسەر ئەركی مەكتەبی دارایی نۆژەن كردەوە، بۆیە گرنگی پڕۆژەكە لە بەرهەمی ئەمساڵی جووتیاراندا زۆر بە باشی دەردەكەوێت، بەشێوەیەك بەوتەی جووتیارانی سنوورەكە، پێش نۆژەنكردنەوەی پڕۆژەكە، ساڵانە بڕێكی كەم بەرهەمیان هەبووە، بەڵام ئێستا لەدوای گلدانەوەی ئاوی كوێستانەكانی بناری قەندیل، سەدان دۆنم زەوی كشتوكاڵیی سنوورەكە تێر ئاو بوون.

״ژنان؛ جووتیاری نموونەیین״
سەیران، لەگەڵ دوو ژنی دیكەی هاوڕێیدا، رۆژانە لە ناوەندی ناحیەی سەنگەسەرەوە، دەچنە زەوییە كشتوكاڵییەكان و كاری لێكردنەوەی بامیە و تەماتە و خەیار دەكەن و لە بەرامبەر هەشت سەعاتی كاركردنیان بۆ هەر رۆژێك، بڕی 20 هەزار دینار لە خاوەن كارەكەیان وەردەگرن.
بەوتەی سەیران، پێش ئەوەی ئەم كارە بكەن، خۆی و هاوڕێكانی هیچ هەلێكی كاریان نەبووە و لەماڵەوە بێكاربوون، بەڵام ئێستا بە كارەكەی دڵخۆشە و رۆژانە داهاتێكی مامناوەندی دەستدەكەوێت.
هاوكات خدری خاوەنكار، دەربارەی ئەو ژنانەی كە لە زەوییە كشتوكاڵییەكانیدا كار دەكەن، وتی: «هەریەك لەوان جووتیاری نمونەیین و توانای كاركردنیان زۆرباشە».

پێدانی قەرز بە پڕۆژە كشتوكاڵییەكان
لای خۆیەوە، دڵشاد حسێن كە یەكێكی دیكەیە لە خاوەن زەوییە كشتوكاڵییەكان لەو سنوورە، دڵخۆشە بەوەی كە بەهۆی كارەكەیەوە، رۆژانە نزیكەی 20 كەس لەگەڵیدا كار دەكەن و هەلی كاری بۆ رەخساندوون.
لەبارەی بە بازاڕكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی سنوورەكەوە، ئەو جووتیارە دەڵێت: «ئەو بەرهەمە كشتوكاڵییانەی كە ئێستا پێگەیشتوون، رۆژانە رەوانەی عەلوەكانی سلێمانی و هەولێر و شارەكانی دیكە دەكرێت و بە زوویی ساغ دەكرێنەوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە، بەرهەمی سەوزە و میوەی پشدەر خواستی زۆری لەسەرە و جووتیارانی ناوچەكە شارەزاییەكی باشیان هەیە لە بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە سەوزە و میوانە».
ئەو جووتیارە، داواكارییەك ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم دەكات و رایدەگەیەنێت: «پێویستە هاوكاری جووتیاران بكرێت لە بواری دابینكردنی پەینی كیمیایی و پێداویستییەكانی چاندن، هەروەها پێدانی قەرزی پڕۆژەی بچووك بەو جووتیارانەی كە بیرۆكەی پڕۆژەی كشتوكاڵییان هەیە دەستپێبكاتەوە».

# كشتوكاڵ

بابەتە پەیوەندیدارەکان