رۆژێک تێدەگەیت چەند بە بێدەنگیی ئاگام لێت بووە!

11:51 - 2025-03-27
ئەدەب و هونەر
63 جار خوێندراوەتەوە

شنیا عەبدولمەجید

 

لە تاریکی سڵم نەکرد و...
بەرەو شەوە دەیجورەکان، پەنجەرەی حیکایەتەکانم
 بەڕووتا ئاوەڵڵا کرد. 
سەربووردەکانم درێژەیان هەیە و..
 دەمهەوێ لە وشەی «ئاهــ» 
بەدوورم بگریت و...
 لە وەرزی بارانا، دەستەکانم
 بە تەزیویی جێ نەهێڵیت،
 «چا»یەکی نەعنا بەیەکەوە بخۆینەوە.
گەرچی سەختە... زۆریش ئاستەنگ!
نەخۆشێکی نائومێد و...
 ساغێکی نەخۆشتر لە نائومێدی
 هەڵپەی سەوداسەری
 ژینێکی جاویدانی و..
 ئەوینێکی نەبڕاوە دەکەن
 وەلێ ژیان ئەوەی جوانە کە هەمیشە 
 لێوڕێژی هەژەندە!
خودا، خودای پەرجووەکانە و...
 هاکا دڵخۆشیی باراندە رایەڵەی رازەکانمان
دەردم مەکە و.. پەی بە دڵناسکیم بەرە، 
کە واز لە قاپەکانم دێنم و.. 
بیر لە شۆردنیان ناکەمەوە،
 سوچی ئەو سروشتە دەم دەمیەتە! 
پێت وانەبێ بەم  ڕەفتارانەت
خەڵاتی «نۆبڵ» دەبەیتەوە! 
جگە لە بێدەنگییەکی جەرگبڕی من 
چیتر دەردەست دەخەیت؟ 
ئا، هەنێ شت هەن 
لە دەستەکانی مندا نین، 
بۆ وێنە: دەستەکانی تۆ!
تۆ بانگم ناکەیت، تا بە تەواوی وجودمەوە بێم، 
دەرم دەکەیت! 
نازانم بۆ؟
تۆ لەو ئاوە دەچیت،
 کە بەدوای هەر شیرینیەکدا،
بە تاسەوە دەخورێتەوە...
من ترسم تەنانەت لە خەناوکەکەشمە!
نەبادا کە لە ئامێزم دەگریت، 
بۆنی تۆ بگرێ و.. 
لای ئەوان ئاشکرام بکا
.
.
.
.
ملوانکەکەم!
بەڵێن بێت پەرتەوازەییت
 کۆکەمەوە،
 وەک پاشماوەی گسکدانێکم.


#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان