راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
لەمساڵدا یاسای باری کەسێتیی لە چوارچێوەی هاوپەیوەستی ئایینی شیعەكاندا دووبارە هەموارکرایەوە و چەسپێندرا بێئەوەی رەچاوی باری كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە بكرێت، چونكە ئەو یاسایەیان هاوپەیوەست كرد بە كۆمەڵێك بڕیاری ترەوە بۆ ئەوەی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.
هەموو رێكخراوەكان ناڕازین
سروود محەمەد بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی هیوای عیراقی، بۆ دادكۆكی كردن لە مافی ژنان، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەك رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كەركوك، لە یەكەم رۆژی دەرچوونی بڕیارەكەوە بەربەرەكانیمان كرد، چونكە ئەم یاسایە دەستكاریكردنی بنەماكانی باری كەسێتییە لەڕووی ئایین و یاساكانی پێشووتری عیراقدا، كە لە رابردوودا چەسپێنراوە. ئەم یاسا نوێیە هەوڵدانێكی گەورەیە بۆ هەڵتەكاندنی بنەما كۆمەڵایەتیی و خێزانییەکان، چونکە ئەوەی لەم بڕیارە نوێیەدا چەسپیووە یاساكانی مەزهەبی جەعفەریی شیعەیە و هیچ لایەنێكی تری ئایینی ناتوانێت بڕیاری لەسەر بدات، چونكە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە.
پێگەی ژن زۆر بە سووك سەیری دەكرێت
وتیشی: بەپێی ئەم یاسایە بێت، رۆڵی ژن کەمکراوەتەوە و هیچ پرس و رایەكی پێ ناكرێت لە مەسەلەی ژنهێنان و كچ بە شوودان و هێنانی چەند ژن لە كاتێكی دیاریكراودا لە دەرەوەی دادگا، دەسكەلای هەموو بڕیارەكان لەلای پیاوە و ئەوە کە مافی ژن و كۆمەڵگە بەرجەستە دەكات، بۆئەوەی ئارەزوو و حەزەكانی خۆی جێبەجێ بكات. بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە سەرۆك كۆماری عیراق دەکەینەوە دووبارە چاوخشاندنەوەیەك بەو یاسایەدا بكرێت، چونكە تێپەڕاندنی ئەم یاسایە كارەسات دەخوڵقێنێت.
باسی لەوەشكرد تەمەنی ژن لەم یاسا نوێیەدا هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ و باری كۆمەڵایەتی تێدا پێشێل كراوە، چونكە یاسای بە شوودانی كچ لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە داڕێژاوە، كە ئەمەش كۆمەڵێك دەرهاویشتەی خراپی ئەخلاقی و سێكسی بەرامبەر بە ژن تێدایە تەنیا لەپێناو تێركردنی حەزەكانی پیاودا.
رەچاوی كۆمەڵێك یاسای ئاینی و كۆمەڵایەتی كردبوو
هەر لەبارەی ئەم یاسایەوە پارێزەر سەردار حەیدەر، وتی: لە ماوەی داڕشتنەوەی دەستوور لە عیراقدا، رەچاوی كۆمەڵێك یاسای ئاینیی و كۆمەڵایەتی كرابوو، كە هەموو لایەكی كۆمەڵــگە لەســــەری رەزامەندبوون، تەنانەت پێكهاتە ئاینییەكانی وەك کریستیانی و ئەرمەنیش تێیدا مافیان پارێزراو بوو، بەڵام لەم یاسایەدا لە چوارچێوەی مەزهەبێكی ئاینییدا چڕ كراوەتەوە كە یاساشی پابەند كردووە بەجێبەجێكردنی بەبێ ئەوەی بتوانێت بڕیاری خۆی دەربارەی بدات، كە لەدوا رۆژدا كێشەكانی خێزان و كۆمەڵگە قووڵتر دەبنەوە.
ژن لە بارێكی خراپدا جێدەهێڵێت
وتیشی: دەرهاویشتەی یاسایی ئەم بڕیارە لە دوا رۆژدا زۆر بە زەقی دەردەكەوێت و كێشەكانی كۆمەڵگە زیاتر قووڵ دەبنەوە و ژن رادەپێچێتە نێو كۆمەڵێك دۆخی دەروونی ناجێگیر، چونكە دایان دەبڕێت لە كۆمەڵگە و خوێندن و خوێندەواریی و وابەستەكردنیان بە دابونەریتی مەزهەبی جەعفەریی شیعە.
عەلی خورشید، تەمەن 70 ساڵ، دەربارەی ئەم یاسایە بۆ كوردستانی نوێ وتی: بەم تەمەنە دوورو درێژەی لە ژیانمدا بڕیومە، تا ئێستا بەم جۆرە گۆڕانكارییم لە یاسای باری كەسێتییدا نەبینووە، بە رای من بەهیچ جۆرێك وابەستەی كۆمەڵگەی عیراقی و دابونەریتەکانی نییە، چونكە لە بری چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان، كێشەكان قووڵتر دەكاتەوە و ژن بەرەو توونێلە تارییەكانی ژیان دەبات و كۆت و زنجیریان دەکات و لە داهاتوودا ناتوانن داوای مافی خۆیان بكەن. هەروەها ئەم یاسایە زیاتر بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق لە بارترە، نەوەك كۆمەڵگەیەكی وەك كەركوك كە فرە نەتەوە و ئایینە و هاوپەیوەستی كۆمەڵێك بڕیاری سیاسییە لەسەر ئاستی عیراق و دەرەوە.
کێشەکان قووڵتر دەبنەوە
نەشمیل جومعە تەمەن 72 ساڵ، دانیشتووی گەڕەكی ئیسكان، دەڵێت: ئەگەر ئەم یاسایە بەراورد بكەین لەگەڵ دابونەریتەكانی رابردووی كۆمەڵگەدا، ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە جاران گەورە بە بچووک و ژن بەژن و پرس نەكردن بە ژن باوی بووە، لەم یاسایەدا كۆمەڵێك بنەما دێنە ئاراوە، كە زۆر لەوانەی پێشووتر خراپترن و كێشەكانی زیاتر دەبن، بۆیە جێبەجێكردنی زۆر ئەستەمە چ لە رووی یاسایی و چ لەڕووی ئاینییەوە.