رەوەز ئیسماعیل
یـــــــــــــارییەكانی پاڵاوتنی هەڵبژاردەكانی وڵاتانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە دوا یارییەكانی مۆندیالی 2026- كە ئەمریكا و كەنەداو مەكسیك بە هاوكاریی یەكتر رێكیدەخەن، بەردەوامن و پێیان ناوەتە قۆناغێكی گرنگەوە.
پاش ئەوەی عیراق لە ئەنجامێكی چاوەڕواننەكراودا بە فەلەستین دۆڕا، عیراق كۆی خاڵەكانی لە 12 خاڵدا وەستا و ئێستا سێیەمی گروپەكەیەتی.هۆکاری ئەم دۆڕاندنەی عیراقیش کەوتۆتە ئەستۆی كاساس-ی راهێنەری هەڵبژاردەكە و یەكێتیی تۆپی پێی عیراق و بەتایبەتی عەدنان درجال، هاوكات لەگەڵ ئەو یارییەدا، ئوردن و كۆریای باشوور لە كۆریا، 1-1 یەكسان بوون، ئەم یەكسانبوونە و دۆڕاندنەكەی عیراق، ئوردن-ی بۆ پلەی دووەمی سەرخست و ئێستا 13 خاڵی هەیە.
لەمانەش گرنگتر ئەوەیە ، هەردوو هەڵبژاردەی عیراق و ئوردن، ئێستا بوونەتە ركابەری توندی یەكتر بۆ گرتنی پلەی دووەمی گروپەكەیان، جیاوازی خاڵی نێوانیشیان یەك خاڵە، هەردووكیشیان دوو یارییان ماوە بیكەن بەمشێوەیە:
پێنجشەممە - 5/6/2025
*عیراق×كۆریای باشوور-لە عیراق.
*عومان×ئوردن – لە عومان
سێشەممە - 10/6/2025
*ئوردن×عیراق – لە ئوردن.
ریزبەندیی گروپەكەشیان(گروپی دووەم)، بەمشێوەیەیە:
-1 كۆریای باشوور (16خاڵ).
-2 ئوردن (13خاڵ).
-3 عیراق (12خاڵ).
-4 عومان (10خاڵ).
-5 فەلەستین (6خاڵ).
-6 كوەیت (5 خاڵ).
بەمەشدا دەردەكەوێت كە ئەركی عیراق قورسترە لە ئوردن بۆ ئەوەی راستەوخۆ بگاتە دوا یارییەكانی مۆندیالی 2026، چونكە:
*یەكەم و دووەمی گروپەکە راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال.
*سێیەم و چوارەم، دەچنە نێو یارییەكانی پلەی ئۆف و پاشكۆی پاڵاوتنەوە كە سێیەم و چوارەمی هەرسێ گروپەكەی پاڵاوتنی وڵاتانی ئاسیا، لەخۆ دەگرێت، کە رەنگە هەڵبژاردەی بەهێزی وەك ئیمارات و قەتەر و سعودیە و ئەندۆنیسیا بكەونە ئەم پلەی ئۆفەوە.