هه‌وراز كاوه
فرانک ریبێری ئەستێرەی فه‌ره‌نسی و یاریزانی یانەی بایرن مونشن-ی ئه‌ڵمانی، هێشتا باسی ئه‌وه ده‌كات، كه چۆن خەڵاتی باڵۆن دۆری ساڵی 2013 به‌شێوه‌یه‌كی ناشایسته به‌خشرا به کریستیانۆ رۆناڵدۆ. هه‌ر ئه‌وكاته ئه‌وه‌ی به‌دژایه‌تیكردن پێناسه كرد، چونکە لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندییەکەدا بوو، لە دوای رۆناڵدۆ و مێسی- یه‌وه بوو، سەرەڕای ئەوەی لەو وەرزەدا نازناوی چامپیۆنس لیگ و بۆندسلیگا و جامی ئەڵمانیا و جامی مۆندیالی یانەکانی لەگەڵ بایرن مونشن بەدەستهێنابوو، هەروەها خاوه‌نی 22 گۆڵ و 18 ئەسیست -یش بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپای بەدەستهێنا، كه‌چی خه‌ڵاتی باڵۆن دۆر-ی پێنه‌درا، له‌كاتێكدا ئه‌و وه‌رزه كریستیانۆ رۆناڵدۆ نازناوێکی لەگەڵ ریاڵ مەدرید بەدەست هێنا و مێسیش نازناوی خولی ئیسپانی لەگەڵ بەرشەلۆنە هەبوو، بەڵام ریبێری زیاتر لە هەردووکیان نازناوی هەبوو.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامه‌ی لیکیپ-ی فه‌رەنسی، جارێکی دیکە باسی ئه‌و رووداوانه‌ی خەڵاتی باڵۆن دۆری ساڵی 2013 ده‌كات، كه چۆن ئه‌ویان له‌و نازناوه بێبه‌ش كرد.
له‌وباره‌یه‌وه ڕیبێری دەڵێت: ساڵێکی تەواو ناهەقی بوو بۆ من، نەمدەتوانی له‌وه زیاتر بەرگە بگرم، باڵۆن دۆری ساڵی 2013 به‌شێوه‌یه‌كی نادادپەروەرانە به‌خشرا، هێشتا بەدوای رونکردنەوەدا دەگەڕێم، هەرگیز تێناگەم بۆچی وادەی دەنگدانیش بۆ زیاتر لە 15 ڕۆژ دواخرا.
ئاشكرایه لەوکاتەدا دەنگدان بۆ خەڵاتەكه، بۆ دوو هەفتە درێژکرایەوە، بەهۆی نەبوونی دەنگدەرانی شایستەوە، درێژکردنەوەیەکی نهێنی، کە زۆرێک پێیان وابوو هاوسەنگییەکەی لە بەرژەوەندی ئەستێرە پورتوگالییەکە گۆڕی.
ڕیبێری جەختی لەوەش کردەوە، کە لە گەورەیی رۆناڵدۆ یان مێسی کەم ناکاتەوە، بەڵکو تەنها داوای ئەوە دەکات کە رۆناڵدۆ شایەنی ئه‌وه نەبوو خه‌ڵاته‌كه‌ی پێ بده‌ن، یاخود ده‌ڵێت: «مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەمیشە ڕێزیان لێدەگرتم، ئەوان دەیانزانی لە ئاستی خۆیاندام، ئەگەر راستگۆبم ئەوان ساڵی 2013 لە من باشتر نەبوون.
ڕیبێری له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵاته‌ی پێنه‌درا، به‌ڵام تا ساڵی 2022 له یارییكردن به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام دواتر بەهۆی پێکانێکی سەخته‌وه، وازی لە یاریکردن هێنا و ئێستا ته‌مه‌نی 41 ساڵه.