ئاوات كۆكەیی
ئەو رۆژەی كە هەردوو سەركردە عەلی هەژار و كاردۆ گەڵاڵی لەناو دادگای هەولێردا دەستگیرکران و بۆ هەتایە شوێنبزركران، ساڵانێك دواتر و لە هەمان رۆژدا، ئەو رژێمە خۆشی سەرنگووم كرا و تەخت و تاراجی تێكدرا.
ئێمەی كورد لەو مێژووەدا خاوەنی دوو بیرەوەریین، یەكەمیان بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدە سەركردەكانمانە، ستایشكردن و جێكردنەوەی یادەوەرییەكانیانە لەناو پەڕەكانی دڵماندا، یادێكی پڕ لە شانازیی و شكۆمەندیمانە.
دووەمیان، یادەوەریی تۆڵەیە، تۆڵە لە دوژمن، یادەوەریی تیاچوونی ئەو دوژمنەی سەركردەكانمانی دەستگیرو شەهید كرد.
دیارە كورد رۆڵێكی گرنگ و بنچینەیی بینی و بگرە داینەمۆش بوو بۆ روخانی رژێمی بەعس لە 9/4/2003دا، بۆیە ئەو مێژووە، یادەوەریی تۆڵەی شەهیدانی سەركردە عەلی هەژار و كاردۆ گەڵاڵییە، یادەوەریی تۆڵەی تەواوی شەهیدان و قوربانیانی گەلی كوردە، هەر لەبەر ئەوەش بە رقی پیرۆزەوە لە مێژووی رەشی ئەو رژێمە دەڕوانین كە چۆتە زبڵدانی مێژووەوە و لەبەردەم هەق و دادپەروەییدا، مێژوویەكی قێزەون و رەش و پڕ لە شوورەییە، شوورەیی كوشتوكوشتاری گەلی عیراق بەگشتی و گەلی كورد بەتایبەتی.
لە رۆژی 9/4/1979 سەركردەكانمان دەستگیركران، بەڵام ئەوانەی دەستگیریان كردن و دواتر شەهیدیان كردن، لە رۆژی 9/4/2003دا بەخۆیان و رژێمەكەیانەوە شەرمەزارانە تیاچوون و بوون بە رابردوویەكی رەش و بێزراو.
شەهید عەلی هەژار
عەلی عەبدوڵڵا عەلی ناسراو بە عەلی هەژار، لە دایكبووی ساڵی 1943ی گوندی (عەوێنە)ی پارێزگای هەولێرە، كوڕی بنەماڵەیەكی زەحمەتكێش و جوتیارە.
لەهەردوو شۆڕشی ئەیلول و نوێدا رۆڵی كاریگەر و لێپرسراوێتی هەبووە، لە زۆر رێكخراو و كۆمەڵەكانی ئەوكاتە ئەندامی چالاك و كارا و نووسەرێكی شارەزا و رۆشنبیرێكی دیار بوو.
ساڵی 1962 پەیمانگای مامۆستایانی هەولێری تەواو كردووە و ساڵی 1976 كۆلێژی یاسای زانكۆی موستەنسریەی بەغدای تەواو كردووە، پاشان لە دادگای هەولێر پارێزەرایەتی كردووە.
بەلێوەشاوەیی خۆی چەندین پلە و لێپرسراوێتیی سیاسی و رۆشنبیریی و پیشەیی پێ سپێردراوە.
دوای نسكۆی 1975، یەكێك بووە لەو خەباتگێڕانەی كەوتنە جموجۆڵ و بڕیاریاندا درێژە بەشۆڕش بدەن و ئەركی بەرەنگاری بگرنە ئەستۆ و درێژە بەخەبات بدەن، ئەندامێكی دەستەی دامەزرێنەری بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان بووە.
شەهید كاردۆ گەڵاڵی
عارەب عەبدولقەهار مستەفا ناسراو بە كاردۆ گەڵاڵی، لە دایكبووی ساڵی 1951ی گوندی (كەردز)ی قوشتەپەی پارێزگای هەولێرە، كاتێك خوێندكاری كۆلێژی یاسای زانكۆی بەغدا بوو، ساڵی 1974 وازی لە خوێندن هێناو بووە بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول، دوای نسكۆ گەڕایەوە شار و لە هەمان كۆلێژ درێژەی بەخوێندندا، ساڵی 1978 تەواوی كردو وەك پارێزەرێك لە شاری هەولێر كاری كردووە.
رۆڵی دیاری هەبوو لە دامەزراندنی بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان و جاڕدانەوەی شۆڕش.
بەلێوەشاوەیی خۆی چەندین پلە و لێپرسراوێتیی سیاسی و رۆشنبیریی و پیشەیی پێ سپێردراوە، ماوەیەكیش پەیامنێری ئێزگەی دەنگی كوردستان بووە، لە بابەتی شیعر و ئەدەبیات و رۆژنامەوانیدا، شارەزابوو.
لەكاتێكدا لەگەڵ عەلی هەژاری هاوڕێیدا سەرقاڵی كاری پارێزەرایەتی بوون، رۆژی 9/4/1979 لەناو دادگای هەولێردا دەستگیركران، ئیتر نەبینرانەوە و تاجی شەهیدبوونیان لەسەر نا.