ژنانی کۆڕی خەبات

09:51 - 2022-08-06
ڕاپۆرت
571 جار خوێندراوەتەوە
#شیرین سەعید عەبدوڵڵا

ئا: نەسرین كوردە

ژنانی گومناوی کاروانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لێرەدا باسی خەباتی ژنی تێکۆشەری ماندونەناس و دڵسۆزی گەل و نیشتمان و کوردستان دەکەین کە هاوکاری باوک و هاوسەر و براو کوڕیان بوون وەک تەتەری ناو شاخ و شار خۆڕاگری و خەباتی خۆیان دەگێڕنەوە.

شیرین سەعید عەبدوڵڵا
من ناوم  شیرین سەعید عەبدوڵڵا ژنێکی خەباتگێڕە و لەبارەی مێژووی خەباتی خۆیەوە بۆمان دواو وتی: ساڵی 1953 لە گەڕەكی كانێسكانی شاری سلێمانی لەدایك بووم، تا قۆناغی سەرەتاییم خوێندووە، لە ساڵی 1970 لەگەڵ شەهید بەكر دارتاش بووینە هاوسەری یەک، هەر لە رێگەی ئەوەوە پەیوەندیم كرد بە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان ‌و رێكخستنەكانی ی.ن.ك، دوای ئاشبەتاڵ هاتینە ناو شار و لە رێكخستنەكانی شار و دەستمان بەكاركردن كرد، وەك هەر خەبات گێڕێكی كورد بۆ داكۆكیكردن لە مافی رەوای گەلی كورد، شان بەشانی هاوسەرەکەم كارم كردووە، زۆر چالاك بووین‌و دڵسۆزی خاك نیشتیمان‌و گەلەكەمان بووین بوێرانە كارمان دەكرد.

کاری رێکخستنمان دەکرد
ئەو ژنە لەبارەی کارەکانیانەوە دەڵێت: لەساڵی 1973 لەلایەن هەڤاڵانەوە لەگەڵ هاوسەرەكەم شەهید بەكر دارتاش وەك  تەتەر كاری رێكخستنمان دەکرد، كۆبوونەوەكان لە ماڵی ئێمە دەکرا، لە ساڵی 1975 لەگەڵ شەهید خاڵە شەهاب‌و عەلی بچكۆل‌ و عومەری سەید عەلی ‌و فەرەیدوون عەبدولقادر و شەهید جەعفەر، ئیخباری كران، بۆیە بۆ ماوەی 15 رۆژ لەماڵی ئێمە مانەوە دواتر رێكخران بۆ شاخ ‌و لەوێوە بەرەو ئێران رۆیشتین ‌و نزیكی سنووری ئێران، لەوێ رادەستی حكومەتی عێراقی كرانەوە و لە سێدارەدران، پاشان كاك مەلا بەختیار بەهەمانشێوە لە ترسی گرتن ‌و لەسێدارەدان پاش لە سێدارەدانی هاوڕێكانی بۆ ماوەی شەش مانگ لەماڵی ئێمە مایەوە هاوسەرم ناوی لێنا بەختیار، كەوا باسكرابوو لەناو دراوسێكاندا ئەوە بەختیاری خوشكەزایەتی.
شوێنێکی ئارام بووە
شیرین سەعید دەڵێت: شەهید ئارام چەندین جار هاتووەتە ماڵمان ‌و ئیختیفا بووەو ماڵی وەستا بەكریش هەمیشە وەك شوێنێكی ئارام‌و داڵدەی زۆرینەی شۆڕش‌و شۆڕگێڕان‌و سەركردایەتیەكانی كۆمەڵەی رەنجدەران بووە. 
 لە ساڵی 1977 ئەو ڕۆژەی كە كۆمەڵێك پێشمەرگەی قارەمان وەك: ئەنوەر تۆفیق هەورامیی‌و فاخر كەركوكی‌و پشكۆ و مەلا بەختیار و ئەبو شەهاب ئیحسان ‌و وەستا بەكر، بۆ چالاكیكردن لە پارێزگای سلێمانی ئەوكاتە شەوانە لە ماڵەوە ئەمانەوە و بەڕۆژ پلانی كاری ناو شاری سلێمانیان دادەڕشت هاوخەباتی یەكتر كاریان دەكرد.
 كاری گواستنەوەی بەیاننامەكان‌ و چەك‌ و تەقەمەنی بۆ دەرەوەی شار دەكرد، جگە لە كاری خەباتی سیاسی  خۆم‌و هاوسەرەكەم ‌و منداڵەكانیشم واتا هەرسێ كوڕەكەم شان بەشانی خۆم ‌و وەستا بەكر كاری نهێنی‌و گواستنەوەی بەیاننامە و نامەی نهێنی رێكخستنەكانمان دەگەیاندە شوێنی مەبەست، ساڵی 1988 لەدوای ئەنفال وەك ئەڵقەی پەیوەندی لە نێوان رێكخراوی سلێمانی ‌و پێشمەرگە پارتیزانەكاندا لە ناوچەكانی چەمی رێزان ‌و دەوروبەری لە پەیوەندی بەردەوامدا بووم.

شەهیدبوونی وەستا بەکری دارتاش
 ئەو ژنە باس لە کارەکانی خۆی دەکات و دەڵێت: لە ساڵی 1989 ئەڵقەی پەیوەندی بووم لەنێو شاری سلێمانی‌و كەركوك‌و ناوچەكانی دەورووبەری، هەر لە هەمان ساڵدا دوو دەمانچەم لە سلێمانیەوە بۆ كەركوك گواستەوە، لە رێكەوتی 5/11/1989 لەپاش دەستگیركردنی شەهید  وەستا بەكری دارتاش، لەلایەن رژێمی بەعسەوە، هەر لەهەمان ساڵدا كاتێك مامۆستا ئەحمەدی سەناعەو جەباری حاجی رەشید و حەمە عەتای حاجی ئەحمەد و حەمەڕەحیم پێنجوێنی دەستگیركران دواتر بە پێنج شەهیدەكەی رێکخراوی سلێمانی ناسران، خێزانەكەی مامۆستا ئەحمەد، عیصمەت خان ‌و منداڵەكانی من هاوكاریم كردن توانیم بیان بەمە شوێنێكی پارێزراو كە لە شارۆچكەی چەمچەماڵ بوو. كاتێک وەستا بەكر دەستگیركرا من تەمەنم 36 ساڵ بوو خۆم‌و چوار جگەر گۆشەكەم دەربەدەری ماڵان بووین.
  هەر ڕۆژەی لە شوێنێك خۆمان حەشار دەداو ژیانێكی سەختمان بەڕێكرد. بەمجۆرە ژیانمان بەسەر برد هەتا ڕاپەڕینەكەی بەهاری 1991 دوای ئەوەش نزیكەی چەند ساڵێك بەردەوام كاری سیاسیم كردووە دواتر سەرقاڵی بەڕێكردنی سەختی ژیان بووم، بۆیە لە ساڵی 1994 دابڕام‌ و وازم لە كاری رێكخراوەیی ‌و سیاسی هێنا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان