ئەلفای ئەدەبی منداڵان

ئەدەبی منداڵان لە روانگەی تیۆرییەکانەوە

11:23 - 2025-04-10
ئەدەب و هونەر
192 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان

ئەدەبی منداڵان بە هۆکارێکی کاریگەر دادەنرێت لە بەرەوپێشبردنی گەشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی منداڵان، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر گەشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی منداڵان هەیە، ئەم بۆچونە بە چەندین تیۆری دەروونی و کۆمەڵایەتی پاڵپشتە. ئەدەبی منداڵان بە دابینکردنی مۆدێلی رەفتار و پێشخستنی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و قووڵکردنەوەی تێگەیشتن لە خۆ، هاوبەشی دەکات لە داڕشتنی کەسایەتی منداڵان و پەرەپێدانی توانا کۆمەڵایەتیەکانیان. بۆیە پێویستە ئەدەبیاتی منداڵان بەشێکی سەرەکیی بێت لە پرۆسەی پەروەردەیی و گەشەکردنی منداڵان و بەتایبەت لە ئەدەبی منداڵاندا.
لەم بابەتەدا باس لە هەندێک لەو تیۆریانە دەکەین و چۆن پەیوەندییان بە ئەدەبی منداڵانەوە هەیە:
1. تیۆری فێربوونی کۆمەڵایەتی (ئەلبێرت باندورا): ئەم تیۆرە تیشک دەخاتە سەر گرنگی فێربوون لە رێگەی چاودێری و لاساییکردنەوەوە، کاتێک منداڵان رووبەڕووی کارەکتەری ئەو چیرۆکانە دەبنەوە کە رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، ئەوا مەیلیان هەیە لاسایی رەفتارەکانی ئەم کارەکتەرانە بکەنەوە، بۆ نموونە ئەگەر کارەکتەرێک بە بڕیاردانی ژیرانە مامەڵە لەگەڵ دۆخێکی سەختدا بکات، منداڵان ستراتیژی هاوشێوە فێر دەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەسییەکانی خۆیان.
2. تیۆری گەشەی مەعریفی(Jean Piaget): 
ئەم تیۆرە پێی وایە منداڵان لە رووی مەعریفییەوە بەپێی قۆناغە جیاوازەکان گەشە دەکەن، ئەدەبی منداڵان یارمەتیدەرە بۆ هاندانی بیرکردنەوەی رەخنەیی و بەڵگەهێنانەوەی لۆژیکی، بۆ نمونە ئەو چیرۆکانەی کە کێشەگەلێک لەخۆدەگرن پێویستیان بە بیرکردنەوەی ئاڵۆز هەیە، توانای منداڵان بۆ بیرکردنەوە لە چەندین چارەسەر چالاک دەکەنەوە، ئەمەش بەشداری لە گەشەکردنی توانا مەعریفیەکانیاندا دەکات.
3. تیۆری شوناسی کۆمەڵایەتی (هێنری تەجفڵ): ئەم تیۆرە تیشک دەخاتە سەر چۆنیەتی پێکهێنانی شوناسی منداڵان لە رێگەی ئینتیمایان بە گروپ و کۆمەڵەوە، ئەو چیرۆکانەی باس لە بابەتەکانی وەک هاوڕێیەتی و فرەچەشنی کەلتوریی دەکەن، یارمەتی منداڵان دەدەن لە ناسنامەی خۆیان و کەسانی دیکە تێبگەن، بە ناسینی کەسایەتییە جیاوازەکان، هەستی هاوسۆزیی و قبوڵکردنیان گەشە دەکات، ئەمەش توانا کۆمەڵایەتیەکانیان بەرز دەکاتەوە.
4. تیۆری زیرەکیی سۆزداری(دانیال گۆلمان): ئەم تیۆرە ئاماژەیە بۆ گرنگیی زیرەکی سۆزداری لە سەرکەوتنی کەسی و کۆمەڵایەتیدا، منداڵان لە رێگەی خوێندنەوەی چیرۆکەوە فێری ناسینەوە و تێگەیشتن لە هەستەکان دەبن، ئەمەش توانای بەڕێوەبردنی هەستەکانی خۆیان و کەسانی دیکە بەرز دەکاتەوە. ئەو چیرۆکانەی باس لە ئەزموونە سۆزدارییەکان دەکەن، هۆکارەکان بە منداڵان دەدەن بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان.
5. تیۆری گەشەسەندنی دەروونیی کۆمەڵایەتی (Erik Erikson): ئەم تیۆرە تیشک دەخاتە سەر قۆناغەکانی گەشەسەندنی دەروونی و کۆمەڵایەتی، هەر قۆناغێک پێویستە منداڵان دووچاری هەندێک ئالەنگاری ببنەوە، ئەدەبی منداڵان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی ناسنامە و متمانە بەخۆبوون لە رێگەی دابینکردنی مۆدێلی ئەرێنی بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگییەکان، ئەمەش هاوکارە لە بەرزبوونەوەی کارلێکی کۆمەڵایەتی و متمانە بەخۆبوون.
سەرچاوەکان:
1 - النظرية الاجتماعية عادل أحمد - دار المعرفة 2010
2 - النظرية النفسية الحديثة ليلى العوضي- دار الجامعات2016
.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان