ئیحسان جیزانی، باڵیۆزی زۆنگاوەكانی عیراق لە دەرەوە

10:05 - 2022-08-06
ڕاپۆرت
393 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئیدریس جەبار

ئیحسان جیزانی لەدایكبووی بەغدا ساڵی 1967ە دەرهێنەر و وێنەگری عیراقییە و لە ئەڵمانیا دەژی، لە پۆستی جێگری سەرۆكی یانەی ئەڵمانی بۆ فۆتۆگراف- كامێرا 66-دا بووە لە شاری شتۆتگارت لە ئەڵمانیا، ئەندامی یەكێتی ئەڵمانییە بۆ وێنەگران  DVF، ئەندامی یانەی كامێرای 66ی ئەڵمانییە، ئەندامی كۆمەڵەی عیراقی بۆ وێنەگرانە و چەندان خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە، ناسناوی وێنەگرە شۆڕگێڕەكە و باڵیۆزی زۆنگەكانی لە دەرەوە وەرگرتووە.

پیشەنگا تاكە كەسییەكان 

جیزانی لە پیشەنگا جیهانییە تاكە كەسییەكاندا بەشداریی كردووە كە باس لە خەمی مرۆڤ و ژینگە دەكەن لە وڵاتە جیاجیاكانی جیهان و بەشێوەیەكی رێكخراو لە ساڵی 2002 ەوە تا ساڵی 2019 رێكدەخرا لە ئەڵمانیا، عیراق، بەحرێن، بەریتانیا و ئەمریكا و فەرەنسا و دانیمارك و یۆنان و ئیسپانیا و سربیا و كرواتیا و قوبرس و سلۆڤاكیا و نەمسا و وڵاتانی تر، هەروەها چەندان پیشەنگای هاوبەش و كاری لەگەڵ چەندان فیلمی دۆكۆمێنتاریدا كردووە، بە كاركردن لە زۆنگەكان. 

خەڵاتەكانی جیزانی
جیزانی بە كارە فۆتۆگرافییەكانی كە واقیعی زۆنگەكانی لە باشوری عیراق دۆكۆمێنت كردووە، چەندان خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە لە بەناوبانگترین پێشبڕكێی جیهانی.
جیزانی لە لێدوانە رۆژنامەوانییەكاندا رایگەیاندووە: «پێشبڕكێی نەمسایی بۆ هونەری فۆگرافی، پێشبڕكێیەكی جیهانییە و تێیدا زیاتر لە چارەكە ملیۆنێك هونەرمەند لە 78 وڵاتی جیاجیای جیهانەوە بەشدار بوون، لە بەناوبانگترین پێشبڕكێكانە لە جیهان كە پەیوەندیدارە بە هونەری فۆتۆگرافی». 
بە وتەی جیزانی: «هەموو ساڵێك دوو كتێبی جیهانی لەبارەی پێشبڕكێكەوە دەردەكرێن، لەمساڵدا كتێبێكی جیهانی دەردەچێت كە بایەخ بە بەناوبانگترین وێنەگرە جیهانییەكان و براوەی خەڵاتە جیهانییەكان دەدات لە ساڵی 1992وە تا ساڵی 2022، واتا تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە كە خەڵاتە جیهانییەكانیان لەو پێشبڕكێیەدا بەدەستهێناوە و 30 ساڵی خایەندووە». 
جیزانی لە درێژەی قسەكانیدا رایگەیاندووە: «لە پێشبڕكێكەدا میدالی جیهانیم بەدەستهێنا، ناو و وێنەكانم لەچوارچێوەی كتێبە نوێیەكەدا دەبێت كە كتێبێكی دەگمەن دەبێت لەبوارەكەدا، بەو پێیەی خەڵاتە جیهانییەكانم لە پێشبڕكێكەدا بەدەستهێناوە، ئەم دەستكەوتە تەنیا بۆ خۆم نییە، بەڵكو بۆ هەموو عیراقە، پاش ئەوەی ناوی كەسێكی عیراقی دەخرێتە لیستی بەناوبانگترین وێنەگرەكانی جیهانەوە». 
ئەو هیواخوازە «ئەو خەڵاتە بنووسرێتەوە، چونكە نوێنەرایەتی زۆنگەكان دەكات و باس لە گەورەترین كارەسات دەكات كە خۆی لە وشككردنیان و كاریگەرییان لەسەر جیهان دەبینێتەوە، سەبارەت بە عیراقیش گرنگە، بەو پێیەی هاوارێكە بۆ رزگاركردنی زۆنگەكان لە وشكبوون». 
لەبارەی وردەكاریی پێبشڕكێ‌ جیهانییەكە بۆ وێنەگرتنی فۆتۆگرافی كە لە دەوڵەتی سلۆڤینیا سازكرا، جیزانی وتی:»سێ‌ خەڵاتی جیهانیم بەدەستهێنا لەنێویاندا خەڵاتی زێڕین، خەڵاتەكان پەیوەندیان بە زۆنگەكانەوە هەبوو، هەوڵمدا ئەوە بۆ جیهان بگوازمەوە چی بەسەر زۆنگەكان و شارستانی عیراقدا دێت لە وشككردنی بەئەنقەست بۆ كوشتنی شارستانی میزۆپۆتامیا و وشككردنی دوو رووبارەكە لەڕێی دروستكردنی بەنداوەكان لەلایەن وڵاتانی دراوسێ‌«. 
جیزانی دەڵێت: «هەمیشە و هەردەم هەوڵ دەدەم لەڕێی ئەو خەڵاتانەوە ئەو كێشانە بخەمەڕوو لە پێناو رزگاركردنی ئەوەی ماوە، خەڵاتەكانی تر پەیوەندیان بە شوێنەوارەكانی عیراقەوە هەیە، لەوانیش پێچاوپێچكەی سامەڕا (مەلویە)». 
ئەو دەڵێت «پیشەنگاكەی ئەمجارە لە سلۆڤینیایە و ماوەی دوو مانگ دەخایەنێت لە مۆزەخانەی نیشتمانی سلۆڤینی سازدەكرێت، ئەو سێ‌ خەڵاتەی لێوەیان خەڵاتە جیهانییەكانم بردەوە لە ئێستادا لە پیشەنگاكەن كە 54 دەوڵەت بەشداریی تێدا دەكەن، ئەمەش شانازییە بۆ هەموو عیراق». 

شەهیدانی قوربانیانی دەستی تیرۆر 
لە ساڵی 2021، ئیحسان جیزانی میدالی زێڕینی جیهانی لە نێوان زۆرێك لە وێنەگرە بەشداربووە پیشەگەرەكانی وڵاتە جیاجیاكانی جیهان بەدەستهێنا لە كەرنەڤاڵی وێنە لە كرواتیا، زێڕینیشی بەدەستهێنا لە یەكێتی ئەمریكایی PSA لەسەر وێنەی لاوێكی پەنابەری سۆماڵی. 
لەو رووەوە جیزانی دەڵێت: «هونەرمەند پەیامێكی راستەقینەیە و سەرچاوەی لە شارستانی خۆیەوە گرتووە و هەردەم پشت بە لایەنە مرۆییەكە دەبەستێت لە هەر شوێنێك بێت». 
 هەروەها وتی:»ئەو بردنەوەیە دەكەمە دیاریی بۆ شەهیدانی قوربانیانی دەستی تیرۆر كە بەبێ‌ بەزەیی كەوتنە وێزەی لاوەكانمان، سەربەرزی بۆ شەهیدان سەرشۆڕی و شەرمەزاریی بۆ لایەنگرانی تیرۆر دەمێنێتەوە لە هەر جێگەیەكی جیهان بن». 

میدالی ئەڵمانی بۆ هونەری فۆتۆگرافی  
لە ساڵی 2019 ئیحسان جیزانی وێنەگر و هونەرمەندی دوورە وڵاتی عیراقی، میدالی جیهانیی ئەڵمانی بۆ هونەری فۆتۆگرافی بەدەستهێنا لە گەورەترین پیشەنگا كە 54 وڵات بە 13500 وێنە و 1100 وێنەگری فۆتۆگرافییەوە لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان بەشدارییان تێدا كردبوو». 

سەرچاوە:  لە ماڵپەڕی (المسری) وەرگیراوە

بابەتە پەیوەندیدارەکان