كاریگەریی بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی بەهای دۆلار لەسەر بازاڕ

07:08 - 2022-03-27
ڕاپۆرت
1003 جار خوێندراوەتەوە

كەركوك، هێمن ئەحمەد

بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی بەهای دۆلار کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕ و نرخی کاڵا و تەنانەت خواردن و بەگشتی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان دروستکردووە.

بەرنامەیەكی داڕێژراوی بانكی عیراقی
عەلی محەمەد خاوەنی دوكانی گۆڕینەوەی دراوە لە بازاڕی شۆریجەی شاری كەركوك، بۆ كوردستانی نوێ وتی: ماوەی سێ ساڵە لە قەیرانێكی ئابووری ناجێگیرداین لەنێوان دۆلار و پارەی عیراقیدا، هەندێکجار وەستانی ئاڵوگۆڕی دراوی لێکەوتۆتەوە، بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی دۆلار بە زیانی ئابووری بە سەر ئێمە و خەڵكدا دەشكێتەوە.

مایە پووچ بوونی نووسینگەكان
وتیشی: ئەم بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی پارەی عیراقی و دۆلار بوو بەهۆی لە دەستدانی پارەیەكی زۆرمان کە لەگەڵ خواستی ئابووریدا ناگونجێت و زۆر لە نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو تووشی مایەپوچ بوون و نووسینگەكانیان داخستووە یان نەیانتوانیووە بەشێوەیەكی پووخت و بە بەرنامەڕێژی بەردەوام بن لە كارە ژمێریارییەكانیان.

زەرەرمەندی سەرەكی هاووڵاتیانن
محەمەد عەبدوڵڵا هاووڵاتییەکی شاری کەرکوکە و کرێکاری دەکات وتی، بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی بەهای دۆلار كاریگەری زۆری كردۆتە سەر ژیانی رۆژانەمان، کاری کرێکاری دەکەم و رۆژانەکەم هەر وەکو خۆیەتی بەڵام شتومەک و کەلوپەل لە بازاڕ بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە ئەوەش وادەکات بژێویمان خراپ بێت و كەوتوینەتە ژێر قەیرانێكی دارایی گەورەوە كە دەرچوون لێی زۆر زەحمەتە.

وتیشی، نرخی شتومەک هەرچەن بەرزدەبێتەوە حکومەت هیچ چارەسەری پێ نییە و تەنها تەماشا دەکات لەم نێوانەدا تەنها خەڵكی هەژار زەرەرمەندن.

بازرگانەكانیش زەرەرمەندن
رێبین مەحمود خاوەنی ماركێتێكی گەورەیە لەسەر رێگەی کەرکوک -بەغدا وتی: بازاڕ جێگیر نییە، ئێمە مامەڵە بە دۆلار دەكەین، هەندێ جار نرخی شتومەکەكان بە دۆلار بەرز دەبنەوە و ئێمەش تووشی قەیرانێكی گەورە دەبین، چونکە هاووڵاتیان بە هۆی زۆری نرخەوە ناتوانن هەموو جۆرە كاڵایەك بكڕن یان ئەو كاڵایانەی كە پێویستیان نییە بیكڕن، بۆیە هەندێکجار شتومەکەکانمان لە كۆگاكاندا بەسەرچوون یان تێکچوون.

بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دیناری عیراقی بۆ ساڵی 2020 دەگەڕێتەوە کە حکومەتی عیراقی بەبیانووی چاکسازی لە ژێرخانی ئابووری وڵاتدا دەریکرد، بەهای 100 دۆلاری لە 120 هەزار دیناری عیراقییەوە بەرزکردەوە بۆ 146 هەزار دینار ئەوەش راستەوخۆ کاریگەریی کردە سەر بەرزبوونەوەی نرخی سەرجەم کەلوپەل و شتومەکی رۆژانەی هاووڵاتیان و تا ئێستا دۆخەکە بە ناجێگیری ماوەتەوە.

مەحمود داغر راوێژكاری بانکی ناوەندی عیراق بە فەرمی رایگەیاند، نرخی كڕین لە بانکی ناوەندی عیراق 146 هەزار دینارە و 147 هەزار دینارش بۆ فرۆشتنە، واتە ئەوەی لەبازاڕدا كاری پێدەكرێت لەنێوان 146 تا 147 هەزار دینارە، تا ئێرە قبوڵمانە، بەڵام بەرزتر لە 147 هەزار دینار ئێمە دەخاتە كێشەوە، كەمتریش لە 146 هەزار دینار خستەنەسە نرخ دروستدەكات لەبازاڕدا، من لەگەڵ مانەوەی نرخی فەرمیدام كە ئێمە كار بەم سیستەمە دەكەین، بۆیە بانكی ناوەندی خۆی بڕیار دەدات، نەك بازاڕ، بازاڕ بڕیار نادات، بەڵكو كار دەكات، نرخی فەرمی جێگیرە، بۆیە پێویستە بازاڕیش جێگیر بێت.

وتیشی: بڕیاری دابەزاندنی نرخی دینار لە كانونی یەكەمی ساڵی 2020دا بۆ چاکسازی ئابوری وڵات بووە و لە ئەنجامی دۆخێكی خنكێنەری ئابووری بوو كە جیهان بەگشتیی بەهۆی پەتای كۆرۆناوە رووبەڕووی بۆتەوە، ئەوكات نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 20 دۆلار دابەزی، ئەمەش قەیرانێكی ئابووری دروستكرد كە دەوڵەت نەیتوانی پابەندە ئابوورییەكانی لە قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكان جێبەجێ بكات.

راوێژکارەکەی بانکی ناوەندی باسی لەوەشکرد، بۆیە زیادكردنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار، بڕیارێكی ستراتیژی و نیشتمانی بووە و گۆڕانكاریش لە نرخی دۆلار لە ماوەیەكی كورت مەودادا بازاڕی ناوخۆیی دەشڵەژێنێت، بۆیە هەر گۆڕانكارییەك لە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عیراقی بە فشاری لایەنە سیاسییەكان بە زیان بۆ ئابووری وڵات و دراوەكەی تەواو دەبێت.

#دۆلار

بابەتە پەیوەندیدارەکان