ناوچە جێناکۆکەکان لە جیهاندا

10:17 - 2022-08-06
کەلتور
610 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئارێز حسێن
ئەڵقەی شەشەم

گرێکوێرەی جامۆ و کشمیر
ئەم ناوچەیە ئەگەرچی لەڕووی کارگێڕییەوە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت وەک بەشێک لە دەوڵەتی فیدراڵی، کە هەر لە ساڵی 1947-ەوە کە پاکستان لە هیندستان جیابۆوە و سەربەخۆیی خۆی بەدەستهێنا، ئەو ناوچەیە مایەی کێشە و مشتومڕە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا لە ساڵی 1962 شەوە بووە مایەی ناکۆکیی لە نێوان هیندستان و کۆماری میللیی چینیش.
ئەم هەرێمە ئەگەرچی هەر لە سەرەتاوە جێگای ناکۆکی بووە، بەڵام پێشتر دۆخێکی تایبەتی و دیفاکتۆی پێدرابوو، بەڵام بەم دواییانە و دروست لە ساڵی 2019 دا هەرێمەکە لەلایەن پەرلەمان و ئەنجومەنی فیدراڵی هیندستانەوە تاکلایەنە کرا بە دوو ویلایەتی جیا لەژێر قەڵەمڕەویی نیودەلهیدا لە چوارچێوەی فیدراڵیی هیندستاندا و دەسەڵاتە دەستوورییەکانیشیان کەمکرایەوە کە پێشتر سروودی نیشتمانی و ئاڵای تایبەت بەخۆیان هەبوو ئەوەش لە چوارچێوەی بەرنامەی هەڵبژاردنی پارتی بەهاریاتا جاناتای ناسیۆنالیستدا پێشتر بانگەشەی بۆ کرابوو و جێبەجێشیان کرد. بەڵام لەلایەن پاکستانەوە ئەو هەنگاوەی هیندستان هەر بە سەرکۆنەکردنەوە نەوەستا، بەڵکو باڵیۆزی هیندستان لە ئیسلام ئاباد دەرکرا و پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیشیان راگیرا و کار گەیشتە قەدەغەکردنی نمایشکردنی فیلمی هیندیش لە سینەما و میدیاکانی پاکستاندا.
چین کاری بەو کارە چییە؟
ئەو هەرێمە لەڕووی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە دەکەوێتە باکووری هیندستان و باشووری چین و خۆرهەڵاتی پاکستانەوە، لە بنارەکانی زنجیرە چیای هیمالایا، چین لەمێژە تەماعی لەوەدایە وەک رێگای بازرگانیی زەمینی سوود لەو ناوچەیە ببینێت، دەنا کێشەکەی ئەو لەوە جیاوازە کە ئەو ناوچەیە لە قەڵەمڕەویی موسڵماندا بێت یاخود هیندۆسەکان، ئەوە زیاتر کێشە سەرەکییەکەی نێوان پاکستان و هیندستانە لەسەر ناوچەکە و پەیوەستە بە فرە پێکهاتەیی هەرێمەکە نەک بازرگانی و ئابووریی وەک چینییەکان بیری لێ دەکەنەوە.
رووبەر و دانیشتوان و پایتەختەکەی 
ئەم هەرێمە رووبەرەکەی نزیکەی 220 کیلۆمەتر دووجایە و لەڕووی تۆبۆگرافییەوە ناوچەیەکی شاخاوییە و لەڕووی دیمەنی سروشتییەوە ناوچەیەکی ناوازەی دڵڕفێنە، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی بەگوێرەی دوا ئاماری هیندستان و پاکستانیش لە حەوت ملیۆن  و  700 هەزار کەس زیاترە و بەگوێرەی دابەشبوونیشیان چوار ملیۆن و 300 هەزاریان دەکەونە ژێر قەڵەمڕەویی هیندستانەوە و سێ ملیۆن و 400 هەزاریشیان دەکەونە ژێر قەڵەمڕەویی پاکستانەوە و کۆی ژمارەی مسوڵمانەکانی ناوچەکە پێنج ملیۆن و 700 هەزار کەسن و دوو پایتەختی هەیە، ئەوەی بەشە هیندییەکەی سرینگارە و ئەوەی بەشە پاکستانییەکەشی ناوی موزەفەر ئابادە.
ریشەی مێژوویی ناکۆکییەکە
جامۆ و کشمیر لە ساڵی 1846-ەوە تا ساڵی 1947 واتە تا ساڵی راگەیاندنی سەربەخۆیی پاکستان، میرنشینێک بوو لە چوارچێوەی زەوییە داگیرکراوەکانی خۆرهەڵاتی ئاسیا بە هیندستان و پاکستانیشەوە لەلایەن کۆمپانیای خۆرهەڵاتی سەربە بەریتانیاوە، ئەو ناوچەیە لەلایەن بەرەبابێکەوە بە ناوی جاموال راجپوت دۆگرا-وە فەرمانڕەوایی دەکرا، ئەو ناوچەیە وەک سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژەی پێ دەکەن پێش 1846 لەلایەن ئیمپراتۆرییای سیغەوە فەرمانڕەوایی کرابوو، بەڵام ئینگلیزەکان لە جەنگی ئەنگلۆ – سیغ-دا ناوچەکەی لەوان سەند و خستییە ژێر قەڵەمڕەویی ئەو میرنشینەوە لەبەرامبەر قەرەبوویەک بەبڕی زیاتر لە حەوت ملیۆن روپێ. ئیتر ئەو ناوچەیە تاساڵی 1974 فەرمانڕەوایی ئەو ناوچەیەیان کرد بەمجورە: 
جۆلاب سینگ بۆ ماوەی 11 ساڵ 1846 – 1857، رانبێر سینگ بۆ ماوەی 28 ساڵ لە 1857- 1885، براتاب سینگ بۆ ماوەی 40 ساڵ لە 1885 – 1925، هاری سینگ بۆ ماوەی 23 ساڵ لە 1925 – 1948، دواهەمین کەسی ئەو بنەماڵەیەش کاران سینگ بوو کە تەنها بۆ ماوەی چوار ساڵ فەرمانڕەوایی میرنشینەکە بوو لە 1948 – 1952.
جەنگ و پێکدادان
هەرچەندە چین جاروبار رۆڵێکی لاوەکی دەبینێت لە ناکۆکییەکەدا، بەڵام گرفتە سەرەکییەکە لە نێوان هیندستان و پاکستاندایە و لە ساڵی 1947 ەوە تائێستا سێ جار پێکدادان لەنێوان سوپای هەردوولادا روویداوە، کە دواترینیان لە ساڵی 1999 بوو، ئەوە جگە لە بەریەککەوتنی ناوبەناوی مسوڵمان و هیندۆسەکان بەتایبەتی لەدوای سەرهەڵدانی بزووتنەوە ئیسلامییە جیهادییەکانەوە لە کۆتایی حەفتاکان و رۆڵی حوجرە و حەوزە و قوتابخانە ئایینییەکان کە بەشێکیان هۆکارن لە پەروەردەکردنی منداڵان و گەنجان بە بیری توندڕەویی و مامەڵەی بەشێک لە سیاسەتمەدارە هیندۆس و سیغەکانیش فاکتەرێکی دیکەیە بۆ توندبوومەوەی ئەو ناکۆکیی و ململانێیە چ لەسەر ئاستی میللی و چ لەسەر ئاستی هەردوو وڵاتی ناکۆک لەسەر جامۆ و کشمیر.
دۆخی تەواوی کارگێڕیی هەرێمەکە
وەک ئاماژەمان پێکرد هیندستان ئیدیعای خاوەندارێتی کۆی خاکی جامۆ و کشمیر دەکات، لەکاتێکدا لەسەر ئەرزی واقیع تەنها حکومڕانی 43 ٪ ی ئەو هەرێمەیە و هەرچی پاکستانیشە ئیدیعای خاوەندارێتی تەواوی خاکەکە دەکات، بەڵام تەنها 37 ٪ ی لەژێر کۆنترۆڵی پاکستاندایە، ئەو بەشەی دیکەی کە دەمێنێتەوە و رێژەکەی 20 ٪ ی هەرێمەکەیە لە ساڵی 1962 ەوە چین خستوێتییە ژێر قەڵەمڕەویی خۆیەوە. 
بەوتەی زۆرێک لە سەرچاوە ئاگادارەکان و ئاژانسەکانی هەواڵ، ئەو دیموکراسییەی هیندستان بانگەشەی بۆ دەکات، لەو ناوچانەی کشمیر کە دەکەوتنە ژێر قەڵەمڕەویی هیندستانەوە زۆر بەهێز نەبوو ئەوەش ناڕەزایی زۆری خەڵکی سنوورەکەی بەشوێن خۆیدا هێنابوو، لەکۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا ناڕەزاییەکان گۆڕان بۆ بزووتنەوەیەکی چەکداریی لە دژی نیودەلهی، بەڵام بە وتەی کۆمیساریای نەتەوە یەکگرتووەکان درێژەکێشانی شۆڕشە چەکدارییەکە و  ئەو قوربانییە زۆرەی لەناوچەکدا کەوتەوە بووە مایەی سەرهەڵدانی پارتی گۆنگرەی نیشتمانیی گشتی جامۆ و کشمیر کە لایەنگری نیودەلهییە و پشتیوانیی مانەوەی بنکە سەربازییەکانی هیندستان دەکەن لە هەرێمەکەدا. بەڵام سەرباری ئەوەش ناوبەناو پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی هیندستان و خەڵکی ناوچەکەدا سەرهەڵدەدات و هیندستانیش گروپێکی میلیشیایی پاکستان بە دەستلەپشتدانیان تۆمەتبار دەکات.
پێوەری هەڵبژاردنەکەی 2014
هەرچەندە زۆرێک لە چاودێران پێیانوایە هەڵبژاردنەکەی 2014 ی ئەو هەرێمە سەنگی مەحەکە بۆ لایەنگریی کشمیرییەکان لە نیودەلهی، بەڵام ئەوانەی لە جوداخوازەکانەوە نزیکن، سەرەڕای ئەوەی داوایان کردبوو بایکۆتی پڕۆسەی دەنگدان بکرێت، بەڵام رێژەکە چاوەڕوان نەکراوبوو، سەرەڕای ئەوەش ئەوە رەتدەکەنەوە ئەوە پەیوەست بێت بە پشتیوانی لە مانەوەی بنکە سەربازیی و ئەمنییەکانی هیندستان، بەڵکو گرفتەکە لایەنی ژیانی کۆمەڵایەتی و بژێویی و داواکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا و تەندروستی و فێرکردنە.
گرنگیی هەرێمەکە بۆ سێ وڵاتە ناکۆکەکە
گرنگیی ئەم هەرێمە بەلای هیندستانەوە پەیوەستە بە هاوسەنگیی هێزەوە لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاستدا بەتایبەتی لەگەڵ چین-دا، بەڵام گرنگییەکەی سەبارەت بە پاکستان دەگەڕێتەوە بۆ فاکتەری جیۆسیاسی و دیمۆگرافی و هەرسێ رووبارە بەناوبانگەکەی پاکستان (سەند و جەلیم و چیناب) لەوێوە هەڵدەقوڵێن، بۆیە ئیسلام ئاباد کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی هەرێمەکە لەلایەن نیودەلهییەوە بە مەترسی دەزانێت بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، جگە لەوەش پەیوەندیی خوێنی و خێزانی زۆربەی خەڵکی هەرێمەکە بە پاکستانەوە دەبەستێتەوە کە وەک سەرچاوە ناڕەسمییەکان ئاماژەی پێ دەدەن  70 – 75 ٪ ی دانیشتوانەکەی مسوڵمانن. بەڵام لە هەمووی گرنگتر سەرچاوەی رووبارەکانە بۆ پاکستان کە سەرکردەکانی ئیسلام ئاباد پێیانوایە مردن و ژیانیان پەیوەستە بەو ئاوەوە.
بۆ چینیش لەڕووی سەربازیشەوە بەبێ کشمیر رێگای ئاوریشمی بەرەو چین لە مەترسیدا دەبێت.
مامەڵەی هیندستان و پاکستان
بەگوێرەی ئەو دابەشبوونەی جامۆ و کشمیر بەسەر ئەو دوو وڵاتەدا، هیندییەکان چەندین پڕۆژەی ئاوەدانیی و پەرەپێدانیان بۆ ئەو بەشە جێبەجێ کردووە کە کەوتۆتە ژێر قەڵەمڕەویی خۆیانەوە، بەپێچەوانەوە پاکستانییەکان تەنیا داوای خاوەندارییەکەی دەکەن و خزمەتێکی ئەوتۆیان پێشکەش نەکردووە، ئەوەش یەکێکە لەو هۆکارانەی لە دوا هەڵبژاردندا کشمیرییەکان کەمتر سۆزیان بۆ بیرۆکەی جیابوونەوە لە هیندستان هەبوو. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان