قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە پەراوێزی کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێڵفی لەگەڵ نیکۆس دێندیاس، وەزیری بەرگریی یۆنان کۆبووەوە و دۆخی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی هەینی (11/4/2025) بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراویی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە ئاستی هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری زیاتر بکرێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنانیش، جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی بەهێزترکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لە نێوان دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی هەردوولا، بە تایبەتیش لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
لە تەوەرێکی دیکەدا باسی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران روونیکردەوە، هەنگاوی زۆر باش نراوە و بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی کە ئێستا هەیە، گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوام دەبن و گەشبینین لە نزیکترین دەرفەتدا دوو لایەن بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.