عەباس عراقچی: دانوستانمان لەگەڵ ئەمریکا کەشێکی ئەرێنی بوو

09:09 - 2025-04-12
جیهان
38 جار خوێندراوەتەوە

لە راگەیاندراوێکدا وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دانوستانەکان لە کەشێکی ئەرێنی و بونیادنەردا بەڕێوەچوون و وڵاتەکەی و ئەمریکا نزیکن لە گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر ناوەڕۆکی دانوستانەکانیان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.

عراقچی راشیگەیاندووە، خولی یەکەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و وڵاتەکەی لە عومان کۆتاییهات و هەردوولا هەفتەی داهاتوو درێژە بە دانوستانەکان دەدەنەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستووەتە روو، ئەمریکا دەیەوێت بە زووترین کات رێککەوتنێکی نوێ و ئەرێنی لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بکات.

بەپێی ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێران، دانوستانەکان لە نێوان وەفدی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دراون و ئەرێنی بوون.

ئاژانسەکە رونی کردووەتەوە کە دانوستانەکانی گەڕی یەکەم بە شێوەییەکی ناڕاستەوخۆ بەڕێوە چوون، دوو کاتژمێریان خایاندووە و لە دوو هۆڵی جیاواز ئەنجام دراون.

عراقچی راشیگەیاندووە کە دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات هەفتەی داهاتوو بەردەوامیان دەبێت.

# ئیتالیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان