وەکو مریشکێک منی کڕی

کێشمەکێشی نەهێشتنی کۆیلایەتی لە نەیجەر

10:20 - 2022-08-06
کەلتور
545 جار خوێندراوەتەوە

فرید هارتەر
و: دڵان سامان

حسینە ئەمادۆ ناتوانێت ئەو رۆژگارەی بیرچێتەوە کە تێیدا فرۆشرا، وەکو باوانی ئەویش وەکو کۆیلەیەک لە باشوری نەیجەر لەدایکبوو، پێش 45 ساڵ و کاتێک گەیشتە تەمەنی 15 ساڵی پیاوێکی دەوڵەمەند سنوری نەیجەری بڕی و هات وەکو ژنی پێنجەم لە خاوەن ماڵەکەی کڕی، ئەوەی لە نەیجەر پێی دەوترێت ئەلواحیە یان وەحایا، ئەمادۆ دەڵێت «باوکم هیچ رایەکی نەبوو تەنیا کچێک بووم و وەکو چۆن مریشکێک لە بازاڕ دەکڕیت بەو شێوەیە منی کڕی کە رۆیشتم من و دایکم هەردووکمان دەگریاین»
ئەمادۆ-ی 15 ساڵ لە باکوری نەیجیریا لەگەڵ چوار ژنە رەسمییەکەی دیکەی پیاوەکە دەژیا ئەوانەی لەسەر شەریعەتی ئیسلامی مارەی کردبوون، چێشتی لێدەنا و کاری ماڵی دەکرد و تەنانەت لە کێڵگەکەشیاندا کاری دەکرد و ئاژەڵەکانی بۆ دەلەوەڕاندن.
بەرماوەی خێزانەکەی دەخوارد
ئەمادۆ زۆر بەکەمی خۆراکی بەردەکەوت و دەبوو بەرماوەی خێزانەکە بخوات، هەندێکجار کەمێک دانەوێڵەی دەدزی و چەندینجاریش لەماڵ رایکردووە و دەچووە وە ماڵەوە، بەڵام لەوێ دووبارە دەیانگرتەوە و دەیانگەڕاندەوە بۆ خاوەنەکەی، هەمیشە بەهۆی ئەو سەرپێچییانەوە لێیدەدرا و سزا دەدرا تا ئێستاش هەندێ جێی لێدان بە پشتییەوە دیارە.
دواجار ئەمادۆ رادەکات و دەچێتە نێو کاروانێکی شوانی حوشتر و لە گەشتێکی ماندووکەردا بەپێ بۆ ماوەی 7 رۆژ  لەسنورەوە دەیبەنەوە بۆ نەیجەر، لەوێ ئەمجارە هەندێ چالاکوانی رێکخراوی  Timidria ناوخۆیی دژی کۆیلایەتی دەیدۆزنەوە.
هەرچەندە لەو وڵاتە ئیستعماری فەرەنسی ساڵی 1905 کۆیلایەتی قەدەغەکرد و لە ساڵی 1960 دا جارێکی دیکە دوای سەربەخۆیی نەیجەر لە دەستوردا قەدەغەکرا، پاشان هەندێ هەوڵی دیکە لەو بارەیەوە لە ساڵانی 1999 و 2003 دا درا کاتێک لە یاسای سزاداندا ئەو جۆرە چالاکییانە پێناسە کراو سزایان بۆ دانرا، بەڵام بەپێی ئەو رێکخراوە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دژی کۆیلایەتی بێت هێشتا هەزاران کۆیلە لە نەیجەر هەن و لە ئەرزی خاوەنەکانیاندا کاردەکەن.
جگەلەوەی واحییە بەربڵاوترین جۆری کۆیلایەتییە لە ناوچەی باشور و نزیک سنوری نەیجەر، ئەو رێکخراوە بە سێگۆشەی شورەیی ناوی دەبەن، چونکە تێیدا رێگە بە پیاوان دەدات جگە لە چوار ژن ژنێکی دیکە بێنن وەکو کەنیزەک یان ژنی پێنجەم.  
بازرگانیکردنە بە سێکسەوە
د. بیندیت روسی کە بابەتی کۆیلایەتی لە نەیجەر-ی لە زانکۆی لەندەن خوێندووە دەڵێت «ئەوە جۆرێکە لە جۆرەکانی بازرگانیکردن بە سێکسەوە، لەبەرئەوەی لە ئایینی ئیسلامدا لەشفرۆشیی یان سێکس لە دەرەوەی پەیوەندی شەرعی گوناهە، بۆیە ئەوان داواکردنی ژن بۆ پەیوەندییەکی شەرعی لە رووی دابونەریت و دیدگای ئایینیەوە تەماشای دەکەن» هەروەها ئەو منداڵانەی لە دایکدەبن ئازادن، واتا پیاوێکی حەفتا ساڵ لە چوار ژن و واحییەیەک بەردەوام منداڵ دەخاتەوە بەوشێوەیە نەک تەنیا سێکسی دەستدەکەوێت، بەڵکو وەچەش دەخاتەوە.
بیندیت دەڵێت «جگەلەوەی پیاو خزمەتکارێکی بێ بەرامبەری دەستدەکەوێت، چونکە واحییەکە بەردەوام کاردەکات لە ناوماڵ و دەرەوە تەنانەت ئەو کارانەش دەکات کە ژنەکانی دیکەی رێگەیان پێنادرێت بیکەن لەبەرئەوەی نابێت لە ماڵ بچنە دەرەوە»
زۆرجار ئەوانەی وەحایایان هەیە پەیوەندی باشیان هەیە لەگەڵ پۆلیس و دەسەڵاتدا تاوەکو چاوپۆشییان لێبکەن و تەنانەت هەندێکجار ئەو ژنانەی ناڕەزایی دەربارەی دۆخیان دەردەبڕن لە بری پیاوەکان ئەوان سزا دەدرێن.
بە پیاوێکی 60 ساڵ فرۆشراوە
رێکخراوی « Timidria» ساڵی 1991 دامەزراوە لە هەموو ناوچەکانی نەیجەر ئۆفیسیان هەیە بە هاوکاری تۆڕێک لە کەسانی خۆبەخش کاردەکەن بۆ هۆشیارکردنەوە و هاوکاریکردنی قوربانیان و بەرزکردنەوەی داوا دژی خاوەنەکانیان، هەرچەندە چەندینجار ئەو رێکخراوە تۆمەتی فێڵکردن و تیرۆریان خراوەتە پاڵ و ئەندامەکانیان خراونەتە زیندانەوە.
هادیزاتو مانی یەکێکی دیکەیە لەو قوربانییانە ساڵی 1996 لە تەمەنی 12 ساڵیدا بە پیاوێکی شەست ساڵ فرۆشراوە و هەمیشە لێیداوە و سێ منداڵی لێ بووە.
مانی دەڵێت «شەو بوو گەیشتمە شوێنی مێردەکەم، دانەوێڵەم دەکوتی و ئاوم دەهێنا و لە وەرزی چاندن و دروێنەدا لە کێڵگەدا کارم دەکرد، مافی ئەوەم نەبوو رەتیبکەمەوە»
هەروەها دەڵێت «کاتێک لەگەڵیدا بووم بەردەوام لێیدەدام، دراوسێکانمان داوایانلێدەکرد بوەستێت و چیتر لێمنەدا، بەڵام ئەو دەیوت موڵکی ئەوم و مافی خۆیەتی چیم لێدەکات».
لە ساڵی 2005 و دوای دووساڵ لە دەرچوونی یاسایەکی نوێ کۆیلایەتی بە تاوان هەژمار کرد مانی بەڵگەی ئازادبوونی وەرگرت لەو پیاوەی 10 ساڵ کۆیلایەتی پێکردبوو رزگاری بوو، پاشان وەکو ژنێکی ئازاد شوویکردەوە، بەڵام خاوەنی پێشووی داوایەکی لە دژی بەرزکردەوە بە تۆمەتی ئەوەی ژنی ئەوە و لەیەک کاتدا دوو مێردی هەیە دادوەر دژی مانی بڕیاری دەرکرد و شەش مانگ کردیانە زیندانەوە، مانی دەڵێت «خرامە ژوورێکی زیندانەوە پڕ بوو لە تاوانباران تەنانەت پاسەوانەکانی زیندانەکە داوای لێبوردنیان لێکردم بەوەی ناچارن ئەو کارە بکەن».
خەڵاتی ژنی ئازا
دوای ئەوە بەیارمەتی رێکخراوە ناوخۆییەکە و رێکخراوێکی نێودەوڵەتی دژی کۆیلایەتی کەیسەکەی مانی ساڵی 2008 نێردرا بۆ دادگای دادوەری تایبەت بە کۆمەڵەی ئابوری دەوڵەتەکانی خۆرائاوای ئەفریقیا «Ecowas» بەوشێوەیە بڕیارێکی مێژوویی درا دژی دەوڵەتی نەیجەر بەوەی یاساکانی دژی کۆیلایەتییان بەزاندووە و قەرەبووی ئەو ژنەیان کردەوە بە بڕی 20 هەزار دۆلار و ساڵی 2009 مانی خەڵاتی ژنی ئازای نێودەوڵەتی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئاهەنگێکدا لە واشنتۆن بە ئامادەبوونی میشێل ئۆباما و هیلاری کلینتۆن پێدرا، ساڵی 2019 ش دادگای باڵا لە نەیجەر حوکمی تاوانبارکردنی مانی بە کۆکردنەوە لە نێوان دوو مێرد پووچەڵکردەوە و پەیڕەوکردنی «ئەلواحیە» ی راستەوخۆ قەدەغەکرد.
مانی دەڵێت «زۆر دڵخۆشم، چەندین ژن هەن وەکو من دەتوانن سوود لەو بڕیار و یاسایانە وەربگرن، چونکە لە رابردوودا هیچ مافێکم نەبوو، نەمدەتوانی ئەوەی دەمەوێت بیڵێم، ئێستا دەتوانم کاربکەم و یارمەتی خۆم و ئەوانی دیکەش بدەم».

سەرچاوە: noonpost.com

بابەتە پەیوەندیدارەکان