ئەبوبەکر خۆشناو

سونبولی خەباتی چەک و قەڵەم

10:30 - 2022-08-06
دووتوێ
639 جار خوێندراوەتەوە

خوش ناوی، خۆش ناوەڕۆك

ستران عەبدوڵڵا
زەمەن هەر لە خۆیەوە دەڕوا، بەتایبەتی زەمەنی هەڤاڵێتی و خۆشەویستی نێوان هاوڕێكانی یەك رێگا. رێگای رووناكبیری و میدیا و گیانی خزمەتی بێ بڕانەوەی یەكێتی. 

لەم زەمەنەدا مامۆستا و هاوڕێمان د.ئەبوبەكر خۆشناو شوێنێكی جاویدانی هەیە.
لە مەكتەبی راگەیاندنی هەولێر، تا مەكتەب رێكخستن لە سلێمانی، خەمی رووناكبیری و خەمی سیاسی حزبی ئاوێتەی هەموو كۆششێكی كاك خۆشناو بوو.
بە بێدەنگی دەینووسی و بە وردی وەرگێڕانی دەكرد. لە نەسلی ئەدیب و فەرهەنگدۆستەكانی کە خەمی نیشتمانییان پێش خەمی شیعر و ئەدەبی زاتی خستبوو. لە كوێ  بانگەوازی هۆشیاریی سیاسی و دەوڵەمەندكردنی ئەدەبیاتی سیاسیی پێویستی دەكرد كاك ئەبوبەكر لەوێ بوو. 
لە تەلەفزیۆن بۆ ئەركی ئیداریی لە مەكتەبی راگەیاندن، بۆ خولی رووناكبیری و فایلی دەوڵەمەندی بەردەوامی گۆڤاری رێبازی نوێ. پرسیارە حزبییەكان دەبوونە دۆسێ و كاك خۆشناو كاری ئەوە بوو وەك جارانی كۆمەڵە و ئەدەبیاتەكەی بیوروژێنێ و کادیری پێ پەروەردە بکات.
وەرگێڕانەكانی تایبەتی مێژووی كورد و خەمی كەیسە نەتەوەییەكە بوو، لەگەڵیشیدا ئەزموونی گەلان و لێكدانەوەی چەمكە جیهانییەكان شانی لە شانی وەرگێڕانە ئەدەبییەكانی دەدا. 
خولیای ئەدەب ئاخری هەر هاتەوە قۆناغی درەنگی خوێندن و د. خۆشناو  تا دكتۆراو پەیامی ئەكادیمی بردی.
شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران  و ئەدەبیاتی بێگانان لەسەر كورد و لێكۆڵینەوە بەپێزەكانی لەسەر تۆرانیزم لەو جۆرە وەرگێڕانە بوو كە كتێبخانەی كوردی گەرەكی بوو.
خەتی خۆشی لەسەر پەڕی کاغەزی بۆری خاکەڕا كێبڕكێی ناوەڕۆكی نووسین و تایپی کۆمپیوتەری دەكرد و هێمنی و هیمەتی دووانە بوون بۆ قەرەبووكردنەوەی نەخۆشی و داخی زوو بەجێهێشتنی و كۆچی دوایی لەناکاوی.
مامۆستا و هاوڕێمان ئەبوبەكر خۆشناو غەریبی دیاری قەرەباڵەغی سیاسیی بوو، وەختێك سیاسەت رۆژی بەڕێ دەكرد.  خاوەن بەرهەم و بەخششی زۆر بوو، وەختێك پێرستی بەرهەم دەبووە شەرتی خزمەت.
ئەلهەقی رووناکبیری تێکۆشەر خزمەتی كرد و... خوا و كتێبخانە هەژارەكەی كوردیش  شاهیدە کە دایمە لەسەر ئەرك و فەرمان بوو.
یادت بەخێر خۆشناوی خۆش ناوەڕۆك. دووتوێی رێزلێنانت واجبێکی رەمزییە دەنا ناگاتە دامەنی وەفا و رەنجت.

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان