راپۆرتی/ حسێن عەزیز
نامیق محەمەد لە دایكبووی ساڵی 1975ی گوندی حەسیرەی سەر بە ناحیەی سەرقەڵایە لە سنووری گەرمیان، لە شاڵاوەكانی قۆناغی سێی ئەنفالدا دایكی بە ناوی خەدیجە شەریف قادر و برایەكی بە ناوی عەتا و سێ خوشكی بە ناوەكانی گورجی، ناجی و روناك، لەگەڵ هەزاران خەڵكی دیکەدا لە رۆژی 14/4/ 1988 ئەنفال كراون و براونەتە ناحیەی قۆرەتوو سەر بە قەزای خانەقین و دواتریش سەرنگون كراون.
نامیق محەمەد بۆ کوردستانی نوێ وتی: من رۆژانە لەگەڵ برایەكم لە دەوروبەری گوندەکەمان ملەسوورە، سەرقاڵی بەخێوكردن و لەوەڕاندنی ئاژەڵ بووین، مامێكم بە ناوی رۆستەم عەزیز هات بە شوێنمانا من و دوو برامی برد بۆ ئەو ئۆردوگا زۆرەملێیەی كە بەعس بەناوی سمود لە ساڵی 1987 بۆ كۆكردنەوەی گوندە روخاوەكان دروستی كردبوو، ئیتر دایكم و برایەكم و سێ خوشکم کە لە گوندەکەمان مابوونەوە ئەنفالکران و تەنیا خوشكێكم بەناوی مەحسومە لەو كارەساتە رزگاری بوو بەهۆی خزمێكمانەوە کە پێش 15 رۆژ لە رووداوەكانی ئەنفال بردبوویە ماڵی خاڵێکم لە قەزای كەلار و لەوێ حەشاری دابوو، ئێمەش کە رۆشتینە ئۆردوگای سمود كە ئێستا ناحیەی رزگارییە رۆژانە سەرقاڵی بەخێوكردنی مەڕوماڵات بووین و بە شەو لە ماڵی ئامۆزایەكی باوكماندا بە ناوی سەعید قادر دەماینەوە، باوكیشم بەر شاڵاوی ئەنفال كەوت، بەڵام دوای چوار رۆژ و لە كاتی گواستنەوەی قافڵەكانی ئەنفالدا لە سێ ریانی ناحیەی سلێمان بەگ لە ئۆتۆمبێلەكانی ئەنفالكراوان دادەبەزێت و لەناو خەڵكی مەدەنیدا خۆی ون دەكات و بە خێرایی سواری ئۆتۆمبێلێك دەبێت و لەو ناوچەیە دوور دەكەوێتەوە.
ئەمە چیرۆکی خێزانێکی 10 کەسییە کە شاڵاوی ئەنفال کردنی بە دوو بەشەوە، پێنجیان ئەنفالکران و پێنجەکەی دیکەیان لە ژیانداماون.
داواكاریی كەسوكاری ئەنفالکراوان
رەحمان خورشید سەرۆكی رێكخراوی 14/4 كە تایبەتمەندە بە كەیسی ئەنفالکراوان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: داواكاریی هێنانەوەی روفاتی ئەنفالكراوان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكاندا لە هەركوێ هەبن، جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكان بۆ بە سزاگەیاندنی تاوانبارانی ئەنفال، پەلەكردن لە دروستكردنی مۆنۆمێنتێكی شایستە لەسەر مەزاری ئەنفالكراوان لە گوندی دێبنەی گەرمیان و دابینکردنی مووچە بۆ ئەو كەسانەی لە رووداوەكانی ئەنفالدا چەند مانگێك زیندانی كرابوون داواکاریی سەرەکی کەسوکاری ئەنفالکراوانە.
وتیشی: پێویستە ناسنامەیەكی تایبەت بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان دروست بكرێت بەدەر لەو ناسنامەیەی كە مووچەی پێ دابەش دەکرێت، بۆئەوەی لە رێگەیەوە چەند ئیمتیازێك بە كەسوكاری ئەنفالكراوان بدرێت، هەروەها تاقانەكانی ئەنفال پێویستە لە دوای خۆیان نەوەكانیان ببنە میراتگریان و مووچەكانیان بەردەوام بێت و نەبڕدرێت، داواش دەكەین نەوەی ئەنفالكراوەكان كورسی خوێندنی باڵایان پێبدرێت و بنێردرێنە دەرەوە بۆ خوێندن، هەروەها لە قەرزی خانووبەرە ببەخشرێن.
مەزندە دەكرێت لە عیراقدا 170 گۆڕی بە كۆمەڵی ئەنفالکراوان هەبێت، زیاد لە 100 گۆڕی بە كۆمەڵی دەستنیشانكراوە و ئەوانی دیکە پێویستیی بە گەڕان و پشكنینە
هۆشیاریی بۆ نوێنەرانی کورد لە بەغدا
دۆسیەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی ئەنفال یەكێكە لەو دۆسێیانەی پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عیراق بیكاتە بابەتی گفتوگۆ و رێككەوتن.
سالار مەحمود ئەندامی سەركردایەتی یەکێتی و نووسەری بواری جینۆساید بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەپێی یاسای گۆڕەبەكۆمەڵەكان كۆمەڵێك بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و دامەزراوەی شەهیدانی عیراقی و تیمی هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان بۆئەوەی پەلەبكرێت لە هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانەی دەستنیشانكراون و دۆزراونەتەوە، بە رێكاری یاسایی و زانستی پشكنیان بۆ بكرێت و بە رێوڕەسمی شایستە بهێنرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام بەغدا لە دۆسیەی گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا كەمتەرخەمە.
وتیشی: لە یادی 37 ساڵەی ئەنفالدا داوا دەكەین مۆنۆمێنتەكان دروستبكرێنەوە و هەوڵبدرێت ئەو گۆڕانەی هەڵدەدرێنەوە لە رێگەی تیمی پزیشكی پسپۆڕەوە پشكنینی (DNA) یان بۆ بكرێت، لەبەرئەوەی بەردەوام بوون لە پشكنینی (DNA) بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان زۆر گرنگە، هەروەها هەوڵبدرێت ئەو ئەركانەی دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عیراق لە رێگەی پەرلەمانی عیراقەوە یاسای قەرەبووكردنەوەی بۆ دەربكرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆسێی گۆڕەبەكۆمەڵەكان هێشتا بەشێك لە حەقیقەتەكەی فەرامۆش دەكرێت، بەشێك لە خەڵكی باشووری عیراق هاوكارنین لەوەی ئەو بەڵگانەی دەدۆزرێنەوە، گومان دەكرێت گۆڕی بە كۆمەڵ بن دەیشارنەوە یان دەشێوێندرێت، لە بەشێك لەو زەوییانەی سنووری تەلشێخ كە گومان دەكرێت گۆڕی بە كۆمەڵی تێدابێت دەكرێتە كشتوكاڵ، حكومەتی عیراق هەڵمەتی هەڵكەندنی بیری بۆ جووتیارانی باشووری عیراق دەستپێكردووە و دەرفەتیان دەدەنێ كشتوكاڵی زیاتر بكەن، بەڕای ئێمە ئەو کارە هەوڵێكە بۆ سڕینەوەی ئاسەواری ئاسەوارەكانی گۆڕەبەكۆمەڵەكان لەم رووەوە هۆشیاریی دەدەینە نوێنەرانی کورد لە بەغدا.
گرنگیی وەرگرتنی سامپڵ لە کەسوکاری ئەنفالکراوان
مەزندە دەكرێت لە عیراقدا 170 گۆڕی بە كۆمەڵی ئەنفالکراوان هەبێت، زیاتر لە 100 گۆڕی بە كۆمەڵی دەستنیشانكراوە و ئەوانی دیکە پێویستی بە گەڕان و پشكنینە.
چالاك محێدین مامۆستای زانكۆ و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە زانستی پزیشكی (DNA)بە كوردستانی نوێی راگەیاند: پێویستە تا كەسوكاری ئەنفالکراوان لە ژیاندا ماون سامپڵیان لێ وەربگیرێت و هەڵبگیرێت، بۆ دواڕۆژ پێویستە داتابەیسمان هەبێت، لەبەرئەوەی پشكنینی (DNA) پرۆسەیەكی بەراوردكارییە و دەبێت سامپڵی میراتگری یەكەم و دووەم وەربگیرێت و هەڵبگیرێت، بۆئەوەی رێژەیەكی زیاتر روفات بهێنرێتەوە.
وتیشی: روفاتەكان لە زەویی لماویدایە و ئاوی باران دەڕواتە خوارەوە بۆ ژێر زەوی و زیان بە روفاتەكان دەگەیەنێت و هیچ ناسنامەیەكیان پێنییە، لەبەرئەوە بۆ ناسینەوەیان تەنها پشت بە روفاتەكان دەبەسترێت و ئەویش ئاستەنگی زۆرە، لەبەرئەوەی كۆمەڵە قوربانییەك بەسەر یەكەوە و بە تەكنیكی زۆر پێشكەوتوو دەتوانرێت لە یەك جیابكرێتەوە، ئەو کارەش پێویستی بە پشوو درێژی زۆر هەیە بۆ ئەوەی تیمەکانی بتوانن سەركەوتووبن، هەروەها ئاستەنگییەکی دیکە لەبەردەم ناسینەوەی روفاتەکاندا ئەوەیە لە هەرێم پسپۆڕیی بواری (DNA) سنووردارە.