بریكاری وەزارەتی دادی هەرێم بۆ کوردستانی نوێ :

وەزارەتی داد لەیەك كاتدا وەزارەتێكی خزمەتگوزاری و قەزایی و تەشریعییە

04:37 - 2025-04-14
دیدار
43 جار خوێندراوەتەوە

دیداری/ تەها عەبدوڵڵا

شیلان عارف بریكاری وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەدیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ تیشكدەخاتەسەر هەیكەل و پێكهاتەی وەزارەتەكە و جیاوازی لەگەڵ وەزارەتی دادی فیدڕاڵ لە بەغدا، رایدەگەیەنێت بەهۆی تێپەڕبوونی نزیكەی بیست ساڵ بەسەر دەرچوونی یاسای وەزارەتی داد لە پەرلەمانی كوردستان، ئێستا پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە، هەر لەو بارەیەوە وتی: تا ئێستا نەتوانراوە بەڕێوەبەرایەتییە چاكسازییەكانی هەرێم لە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتییەوە، هاوشێوەی بەغدا بخرێتە سەر وەزارەتی داد. هاوكات تەئكیدەكاتەوە بڕیاری كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە هەرێم كاریگەریی لەسەر فەرمانگەكانی وەزارەتی داد دەبێت و دەبێتە هۆی سستی بەڕێوەبردنی كاروباری هاووڵاتیان. 

دەسەڵاتێكی سەربەخۆن
شیلان عارف وتی: وەزارەتی داد بە پێی یاسای ژمارە13ی ساڵی 2007 لە دادوەر و دادگاكان جیابووەتەوە، ئێستا ئەوان لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی دادوەری دەسەڵاتێكی سەربەخۆدان و وەزارەتی داد لە چەند دامودەزگایەكی گرنگ پێكدێت، وەك سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی شورا، سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی، سەرۆكایەتی سەرپەرشتیاری دادی، بەڕێوبەرایەتی گشتی پەیمانگەی دادوەری، بەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانووبەرەكان و بەڕێوبەرایەتیی گشتی فەرمانگە دادییەكان.
وتیشی: هەر دامەزراوەیەك لەوانە یاسایەكی تایبەت بەخۆی هەیە و كاری لەسەر دەكات، بەجۆرێك كاروباری هاووڵاتیان لەژێر چەتری ئەو یاسایەدا بەڕێوەدەچێت، بۆیە دەتوانین بڵێین وەزارەتی داد لەلایەك وەزارەتێكی خزمەتگوزارییە، لەلایەكی ترەوە وەزارەتێكی قەزاییە، لەهەمان كاتدا وەزارەتێكی تەشریعییە.
روونیشیكردەوە: ئەگەر بڵێین وەزارەتێكی خزمەتگوزارییە، ئێمە لە بەڕێوبەرایەتی فەرمانگە دادییەكان و تۆماری خانووبەرە، راستەوخۆ هاووڵاتی دێتە بەڕێوبەرایەتییەكان و كاروبارەكانیان جێبەجێ دەكەن، كە ساڵانە لەیەك ملیۆن كەس تێدەپەڕێ، ئەوەش لە كەم وەزارەت هەیە ئەو ژمارە زۆر لە مامەڵەی هاووڵاتیان رایی بكات.
ئاماژەی بەوەش كرد: كاتێكیش دەڵێن وەزارەتێكی قەزاییە، ئێمە لە وەزارەتی داد، لە هەر سێ شارەكانی دهۆك و هەولێر و سلێمانی، دادگای كارگێڕیمان هەیە كە تایبەتە بە بەرزەفتی فەرمانبەران، كاتێك فەرمانبەران زوڵمێكیان لێ دەكرێ، لە رێی ئەو دادگایەوە داوا تۆمار دەكەن، هاوكات لە رووی تەشریعییەوە لە رێی ئەنجومەنی شوراوە، وەڵامی هەموو ئەو دامەزراوانە دەدرێتەوە، كاتێك لەبارەی یاسایەك دەینێرن بۆ ئەنجومەنی شورا، هەر لەبارەی لایەنی تەشریعیی پەیمانگەی دادوەریی سەر بە وەزارەتی داد، ئەوانەی كە دەبنە دادوەر و ئەندامی داواكاری گشتی لە رێی ئەو پەیمانگەیەوە پێدەگەیەنرێن.

 

شیلان عارف بۆ   کوردستانی نوێ :
 پێویستە داواكاری گشتی دامەزراوەیەكی سەربەخۆبێت، بەڵام لە عیراق سەر بە ئەنجومەنی دادوەرییە، لە كوردستانیش سەر بە وەزارەتی داد-ە، هەرچەندە هەوڵدراوە داواكاری گشتی لە رێگەی هەمواركردنی یاساكەی بكرێتە دامەزراوەیەكی سەربەخۆ، بەڵام تا ئێستا بەچەندین هۆكار سەركەوتوو نەبووە

 

داواکاری گشتی سەربەخۆ بێت
لەبارەی داواكاری گشتییەوە بریکاری وەزارەتی داد وتی: لە بنەڕەتدا پێویستە داواكاری گشتی دامەزراوەیەكی سەربەخۆ بێت، بەڵام ئەوەی ئێستا لە بەغدا و هەرێمی كوردستان هەیە جیاوازە، بەجۆرێك لە عیراق سەر بە ئەنجومەنی دادوەرییە، بۆ ئەمەش پشتیان بە دەستور بەستووە، بەڵام لە كوردستان سەر بە وەزارەتی دادە، هەرچەندە لە رابردوودا هەوڵدراوە لە رێگەی هەمواركردنی یاساكەی، داواكاری گشتی بكرێتە دامەزراوەیەكی سەربەخۆ، بەڵام تا ئێستا بەچەندین هۆكار سەركەوتوو نەبووە.
شیلان عارف سەبارەت بە بەڕێوەبەرایەتییە چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان باسی لەوە کرد ئێستا سەر بە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتین، هەرچەندە لە رابردوودا وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم، چەندینجار موفاتەحەی وەزارەتی دادی كردووە، بۆئەوەی هاوشێوەی عیراق، چاكسازییەكان لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتییەوە بگوازرێتەوە بۆ سەر وەزارەتی داد، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی داد نەیتوانیوە بچێتە ژێر ئەو بەرپرسیارێتییەوە، چونكە پێویستی بە چەندین 
رێوشوێن هەیە.
خانەنشینكردنی سێ تەمەن
هەروەها بریكاری وەزارەتی داد سەبارەت بە بڕیارەكەی خانەنشینكردنی سێ تەمەن لە فەرمانبەران و كاریگەری لەسەر كاروباری وەزارەتەكەیان وتی: بڕیارێكی كتوپڕ بوو، پێموایە حكومەت هەر خۆی پلانی نەبووە كاریگەری ئەو بڕیارە چی دەبێت، وەك چۆن ئەو بڕیارە كاریگەریی نەرێنی لەسەر مامۆستایان و كەرتی پەروەردە هەیە، ئێمەش وەك وەزارەتی داد کاریگەریی نێگەتیڤی بۆمان هەیە، لەكاتێكدا پێشتر خۆمان لەناو وەزارەتدا كێشەی كەمیی فەرمانبەرمان هەبووە. ئێستاش ئەو بڕیارە بارگرانییەكی تری بۆ كاروباری فەرمانبەران دروست كردووە، چونكە لە زۆر شوێن فەرمانبەری بە ئەزموونمان خانەنشین بووە، ئەگەر یەك دانە یان دوو دانەشی لێ خانەنشین ببێت، وادەكات لە فەرمانگەكان ئیشوكارەكان بوەستێ یان بگاتە ئەو ئاستەی خوانەخواستە فەرمانگەكە دابخەین، لە كۆتایشدا هاووڵاتی زەرەرمەندی یەكەم دەبێت و دەبێتە هۆی دواكەوتنی كاروبارەكانیان.
دواجار شیلان عارف رایگەیاند: بەهۆی هەموو ئەو گرفت و ئاستەنگانەی باسمان كرد، یاسای وەزارەتی دادی هەرێمی كوردستان پێویستی بە هەمواركردنەوە و گۆڕانكاری هەیە، بۆ ئەو هەنگاوەش بەدڵنیاییەوە كاری جددی لەسەر دەكەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان