قوباد تاڵەبانی: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هەڵەبجەییەکان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم

04:49 - 2025-04-14
کوردستان
45 جار خوێندراوەتەوە

بەبۆنەی بوونی هەڵەبجە 19یەمین پارێزگای عیراق، قوباد تاڵەبانی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

پیرۆزە لە هەڵەبجە و پیرۆزە لە کوردستان
ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان.. 
لە ئەمڕۆکەوە قۆناغێکی نوێ لە مێژووی شارەکەیان دەنووسنەوە. 
دوای زیاتر لە دە ساڵ هەوڵی بەردەوامی حکومەتی هەرێم و لایەنە کوردستانییەکان بە هەموو فراکسیۆنەکانەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسند کرد. لێرەوە سوپاسی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و هەموو ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە دەکەم کە دەنگیان بە پڕۆژە یاساکە داوە. هەروەها سوپاسی تایبەتی فراکسیۆنی یەکێتی و هەموو فراکسیۆن و لایەنە کوردستانییەکانی دیکە دەکەم کە لە هیچ هەوڵێک درێخییان نەکرد بۆ ئەنجام گەیاندنی ئەم داواکارییەی خەڵکی هەڵەبجەی ئازیز.
بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بۆ هەڵەبجەییەکان و دانیشتووانی ئەم پارێزگا نوێ و خنجیلانەیەی کوردستان و عیراق شیرینتر دەبێت ئەگەر بێتو لێرە بە دواوە هەموو لایەکمان پێکەوە کاربکەین بۆ خێراترکردنی پرۆسەی گەشەپێدانی هەڵەبجە. پێویستە حکومەتی هەرێم و نوێنەرەکانمان لە بەغدا پێکەوە هەماهەنگ و هاوکاربن بۆ ئەوەی بودجەی پێویست بۆ سەرپێخستن و گەشەپێدانی ئەم پارێزگایە نوێیەمان دابین بکەین.
لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هەڵەبجەییەکان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم و جارێکیتریش سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی ماندووبوون لە بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان