من پێشمه‌رگه نه‌بووم، كادری رێكخستنی ناو شاربووم له سلێمانی، هاوسه‌ره‌كه‌م كه مامۆستا بوو، داوای لێكرا ببێت به جه‌یشی شه‌عبی، ئه‌ویش وه‌ك كه‌سێكی نیشتمانپه‌روه‌ر قبووڵی نه‌كرد و چووینه ناوچه‌كانی شۆڕش و ده‌ستمانكرد به وتنه‌وه‌ی وانه به پێشمه‌رگه و منداڵی لادێ.
له‌كانی شایه و قوشقایه بووین له سنووری بازیان، من ته‌نها (ئه‌لف با)م ده‌وته‌وه، زۆربه‌ی ئه‌ركه‌كان له‌سه‌ر شانی هاوسه‌ره‌كه‌م بوو چ وه‌ك مامۆستا و چ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ر، به‌ڕێزان (كاك حامیدی حاجی غالی و كاك هۆشیاری ساڵح ره‌فعه‌ت) له‌نزیكه‌وه ئاگاداری ئه‌و باس و بابه‌ته هه‌ن.
رێكخستنه‌كانی ناوشار به‌گشتی له‌بارودۆخێكی سه‌ختدابوون، به‌ڵام خۆڕاگر و به ئیراده‌بوون، ئه‌گه‌ر ئاوڕ له‌و رابردووه بده‌ینه‌وه و ئه‌وكاته بهێنینه پێش چاو، ئه‌و پرسیاره دروستده‌بێت كه ئاخۆ چۆن گوزه‌راندوویانه؟ له‌به‌رده‌م هه‌موو مه‌ترسییه‌كاندا و له‌به‌ر ده‌ستی دوژمن‌دا خۆڕاگربوون و به‌رده‌وام بوون له خه‌باتی نهێنی و به‌گژداچوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی داگیركه‌ر، هێزی پێشمه‌رگه‌ش له شاخ و پێده‌شته‌كاندا داستانی قاره‌مانانه‌یان تۆمارده‌كرد و دوژمنی پڕچه‌ك و خاوه‌ن توانایان تووشی شۆك كردبوو.
به‌شێكی خه‌باتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شۆڕش و تێكۆشه‌ران، پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی سیاسه‌تێكی ترسناكی به‌عس بوو كه مه‌به‌ستی بوو ناوچه كوردییه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕش له خوێندن داببڕێت، ئه‌وه‌بوو خوێندنگه‌كانی كشانده‌وه و پرۆسه‌كه له‌سه‌ره‌تادا په‌كی كه‌وت، به‌ڵام دواتر به به‌رنامه‌ی شۆڕش و به هه‌وڵی مامۆستایانی شۆڕش ئه‌و سیاسه‌ته دوژمنكارانه‌یه‌ی به‌عس په‌كخرا و خوێندنگه‌ی لادێكان كرانه‌وه.
جگه له‌و بابه‌ته، كادره‌كانی یه‌كێتی له زۆر بواری دیكه‌شدا خزمه‌تی به‌رچاویان پێشكه‌شكرد بۆ فه‌راهه‌مكردنی ژیانێكی ئاسایی و هێنانه‌كایه‌ی ئارامی و دادپه‌روه‌ری له سه‌رده‌می شاخدا، وه‌ك: بایه‌خیانه‌دا به‌كێشه‌ی جه‌ماوه‌ری، ژن و مناڵ و لێكۆڵینه‌وه ده‌رباره‌ی كێشه‌كانیان.
بره‌ودان و به‌رده‌وامیی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و چینایه‌تی له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ پاكیی كادر و دڵسۆزی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له‌لای تێكۆشه‌ران، كه له‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه له ئه‌ركه‌كانیان ده‌ڕوانی.
له‌سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه، هێزی پێشمه‌رگه كه ده‌وری باڵایان هه‌بوو له به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی سیاسه‌تی دوژمنكارانه‌ی به‌عس، رۆژبه‌ڕۆژ له گه‌شه‌كردن و فراوانبووندابوو، له شه‌ڕه‌كاندا دوژمنیان به چۆكدا ده‌هێنا، هه‌ركاتێكیش چالاكییه‌كیان ده‌كرد، ئێمه و ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان به تاسوقه‌وه گوێمان له ئیزگه‌ی ده‌نگی گه‌لی كوردستان ده‌گرت بۆ زانین و ورده‌كاریی شه‌ڕ و چالاكییه‌كه، كاتێكیش كه گوێبیستی سه‌ركه‌وتنێكی پێشمه‌رگه ده‌بووین، زۆر دڵخۆش ده‌بووین و هه‌ستی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی لای گه‌نجه‌كان ده‌چووه ئاستێكی باڵا و حه‌زیان ده‌كرد ببنه پێشمه‌رگه.
پرۆفایل
نه‌سرین عه‌بدوڵڵا كورده ناسراو به نه‌سرین كورده، ساڵی 1979 په‌یوه‌ندیی كردووه به رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه، له ساڵی 1981ه‌وه وه‌ك مامۆستای شۆڕش له‌ناوچه رزگاركراوه‌كاندا وانه‌ی وتۆته‌وه.
ئێستا كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی سلێمانییه.
ئا: ئالان محه‌مه‌د جه‌زا